گوندی ماسولە دەکەوێتە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران

خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- گوندی ماسولە کە بە شاری ماسولە بەناوبانگە، دەکەوێتە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران، بەپێی سەرژمێری ساڵی ۲۰۰۷، ژمارەی دانیشتووانی تەنیا ٥٥٤ کەسە، بەهۆی بیناسازییەکەی کە خانووەکانی بەشێوەی قادرمە دروستکراون و نێوان خانووی یەکەم تاوەکو بەرزترین خانووەکانی 120 مەترە، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە. گونده‌كه‌ 1050 مه‌تر له‌سه‌ر له‌سه‌ر ئاستی رووی ده‌ریا به‌رزه‌.

گوندی ماسولە، لە چیای تەلش و بە دیزاینی خانووی ناوازە و تەلارسازی نایاب ناوبانگی دەرکردووە. گوندەکە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە بۆ گەشتیارانی سەرتاسەری جیهان. خانووەکانی گوندی ماسولە بەشێوەیەکی تەراس دروستکراون و دیمەنێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشیان پێدەبەخشێت. ئەم گوندە وەک یەکەم شاری مێژوویی زیندوو لە ئێراندا هەڵبژێردرا و لە ساڵی ١٩٧٥دا خرایە لیستی میراتی نەتەوەیی ئێرانەوە.

مێژووی گوندی مەسوولە
گوندی ماسولە بە یەکێک لە گوندە مێژووییەکانی ئێران دادەنرێت، و دەکەوێتە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران. گوندەکە لە سەردەمی ساسانییەکان دامەزراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، و بە یەکێک لە جوانترین گوندەکانی ناوچەکە دادەنرێت. مێژووی دەوڵەمەندی گوندی ماسولە بەشێکە لە مێژووی دەوڵەمەند و هەمەچەشنی ئێران و چەندین شوێنەوار و ئاسەواری مێژوویی کە ڕەنگدانەوەی مێژووی دێرینی ئێرانن، پاراستووە.

پێگه‌ گه‌شتیارییه‌كانی
گوندی ماسولە، بەهۆی ئاووهەوا و شوێن و دیمەنە دڵڕفێنەکانی، هەروەها درەختە بەرزەکانی، توانیویەتی گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆی ڕابکێشێت، گوندی ماسولە کە بە گوندی هەوربڕ ناسراوە، بەهۆی ئەوەی کەوتۆتە نێو هەورەوە، لەوەرزی هاویندا ئاووهەوایەکی فێنکی هەیەو دانیشتووەکەی هیچ جۆرە فێنککەرەوەیەک بەکار ناهێنن، زۆربەی خاوەن دوکانەکانیش بەرهەمی کاری دەستی خەڵکی گوندەكه‌ دەفرۆشن، ئەو خواردنانەی لە چێشتخانەکانیش هەن، وەک ئەوەیە لەماڵەوە دروست کرابێت.

کەش و هەوا و سروشت
گوندی ماسوله‌ کەشوهەوایەکی مامناوەند و گەرمی هەیە، کە بای دەریایی شێدار و هەوای پاک زاڵە. پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ پلەی سەدیدایە، لە وەرزی زستاندا لە نێوان ٥ بۆ ١٠ پلەی سەدیدایە. گوندەکە سروشتێکی وێنەیی هەیە، لە هەموو لایەکەوە بە شاخی سەوز دەورە دراوە و بە دار سنەوبەر و دار میوە و گوڵی ڕەنگاوڕەنگ تایبەتمەندە. هەروەها ناوچەکە چەندین جۆری ئاژەڵ و باڵندەی کێوی لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایکردووە شوێنێکی گونجاو بێت بۆ سروشت و ئاژەڵدۆستان.

ئەو گوندە بەرهەمێکی زۆری کشتوکاڵی هەیە، هەندێکیان بۆ خواردنی ڕۆژانە بەکاردەهێنرێت، هەندێکیشی وشک دەکرێتەوەو بۆ وەرزی زستان هەڵدەگیرێت کە لەو کاتەدا بەفر سەرتاپای گوند سپی پۆش دەکات، ئەوەی لەو گوندە دەبینرێت، زۆربەی ئافرەتەکان کاری چێشتێلێنان و درووستکردنی هەویرکاری و شیرنەمەنی تێدا دەکەن، بۆیە خواردنەکان تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی ئەو خواردنە کۆنانەی کە لەباوو باپیرانیان بۆیان ماوەتەوەو گوندەکە پێی ناسراوە.

بەرپرسانی ئەو شارە گرنگییەکی تایبەت بەم گوندە دەدەن، لەبەر ئەوەی وەک شوێنێکی مێژوویی و کلتووری تەماشا دەکرێت، هەرچەندە کۆڵانەکانی ئەو گوندە تەنگو تەسکن، بەڵام بەهۆی عارەبانە دەستییەکان زبڵەکان هەڵدەگیرێن، هەر بۆیەش شەقامەکانی نێو گوند هەردەم بەپاک و خاوێنی دەبینرێن، حکوومەتی خۆجێیی ماسولە ئاسانکاری بۆ گەشتیاران و کومپانیاکانی ناوخۆو دەرەکی دەکات تاکو سەردانی گوندەکەیان بکەن و یارمەتی دانیشتوانی بدەن بە کڕینی بەرهەمە دەستییەکانی تا پەرە بە کارەکانیان بدەن و لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن و واز لە کارە دەستییەکان نەهێنن، بەو پێیەش گوندەکەیان زیاتر ببووژێتەوە، هەر کەسێ جارێک سەردانی ئەو گوندە بکات، هەردەم لە هزرو مێشکیان دەمینێتەوەو خوازیاری ئەوەن کە چەندین بارە سەردانی بکەنەوە.