سهرهتا وتار لە ئەمەریکاوە.. یەکەم دیداری ڕووبەرووی (بایدن و ترەمپ) ئایا لەدیدارەکەدا بۆچوونەکان جیاواز...
غازی حەسەن
هەر چوار ساڵ جارێک، بێ دواکەوتن و لەڕۆژی دیاریکراودا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و کۆنگرێس و حکوومەتە نێوەخۆییەکان بەڕێوەدەچێت. قەیران هەبێت یاخود نا، ئەوان ئەم پرۆسەیە ئەنجام دەدەن.یەکێک لەتوندترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی دوو کاندێدی سەرۆکایەتی پێ دەچێت ئەمەی ساڵی ٢٠٢٤ی نێوان (جۆ بادین و دۆنالد ترەمپ) بێت. پرۆسە و نەریت و ڕەوشتێکی سیاسییە، بەکردەوە هاووڵاتی بەشێوەیەکی ئازاد و دوور لەفشار و ترس و تۆقاندن دەنگ دەدەن، ئاساییە دەنگدەر بۆچوون و تێڕوانین و ئیمانی سیاسی و متمانەی بگۆڕێت و دەنگی لەلایەنێک بۆ لایەنەکی دیکە بگۆڕێت و دەنگی خۆی بەو کاندێدە بدات، کە (باشترین بەرنامە و توانای جەستەیی و تێڕوانینی سەرکەوتووی بۆ چارەسەری کێشە ئابووری و کار و باج و پەروەردە و بیمەی تەندروستی و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان.. ئینجا توانای جەسەتیی و لێهاتوویی لە گوتاردان و هێزی بڕواپێهێنانی هەبێت… تاد).
پرسیاری من ئەوەیە ئایا بەگژ یەکدا چوونەوەی دیموکرات و کۆمارییەکان کردەیەکە بەستراوەتەوە بە (بیروبۆچوون و بەرنامە و پراگرامی هەڵبژاردن)، یان (ناکۆکییە کەسییەکان و خۆسەپاندنی تاکەکەسیی)؟. دەتوانم بڵێم بەپێی نەریتی سیاسی و مادە دەستوورییەکان و هوشیاری و ئازادی هاووڵاتی لە دەنگدان، بەگژیەکدا چوونەوەکان پەیوەندی بە (بیروبۆچوون و بەرنامە سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانەوە) هەیە.
ڕکابەری لەنێوان (بایدن ٨١ ساڵ) گومانلێکراو لە توانای بیرهاتنەوە و (ترەمپ ٧٨ ساڵ)ی دادگایی کراو لە دادگای نیۆیۆرک و سزادرانی بە ٢٤ تۆمەت و هێشتاش کێشەی گومانخستنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ و هێرشکردنە سەر کەپیتۆلیشی لەوێ بوەستێت، (مایکل تایلەر) گوتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی (بایدن) دەڵێت ڕکابەرییەکە لەنێوان (بایدن) و (ترەمپ)ە، کە مەیلی بەرەو “تۆڵەسەندنەوەی” زۆر بەهێزە. واتا لەو ڕوانگەیە قسە دەکات، کە (ترەمپ) شەڕانگێزە. کۆمارییەکانیش ڕکابەرەکەیان بە لاواز و لەدەستدانی توانای بیرهاتنەوە و عەقڵ تۆمەتبار دەکەن.
دیدارەکە پڕ بوو لە هێرش
بەگژ داچوونەوە، لەم دیدارە بەکردەوە (شەڕە بە قسە و بەکارهێنانی وشە و زانیاریی) و دەبێت یەکێک ئەوی دیکە بەقسە و نیشاندانی توانای جەستەیی لەچۆنیەتی پێشکەشکردنی گوتار و قسەکردن نیشاندانی توانا و هێزی بیرگە و بیرهاتنەوەی شتەکان ببەزێنێت. ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی هاووڵاتی باشتر توانا و لێهاتوویی ڕکابەرە سەرسەختەکانی یەکتر بناسێت، ناسینی بەکردەوە. لە یەکەم دیداری شەوی پێنجشەممەدا بینیمان (خێرا قسەکردن، جوولەی بایدن) و (جوولەی دەمووچاوی ترەمپ و ئەو جووڵانەی بە دەموجاوی دەیکرد) جۆرێکە بوو لە جیاوازی نێوان هەردووکیان. هێرشی ترەمپ و داکۆکی بایدن دوو لێکدانەوەی جیاواز دروست دەکات.
بینیمان (ترەمپ) هێرشێکی زۆری کردە سەر (بایدن) و چۆنیەتی ئیدارەکە لە قەیران و ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کێشەی سنوور وکۆچبەران و لەبارندی کۆرپە و شەڕی ئۆکرەین و کشانەوەی سەربازیی لە ئەفغانستان. ئەویش ناوە ناوە دەیگوت “ئەمە قسەیەکی درۆیە، نادروستە”. لەهێرشەکانیدا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هەندێک زانیاریی هەڵەی بەکارهێنا لەوانە (کۆچبەران تاوان دەکەن) و (دیموکراتەکان پاڵپشتی کوشتنی منداڵ دەکەن)، لەکاتێکدا باسی ئابووری و قەیران و هەڵاوسان یەکێک بوو لە خاڵە گەرموگوڕەکانی نێوان هەردوو کاندێد. (ترەمپ) جەختی دەکردەوە کە ئەو ئابووریەکی ساخ و بێ کێشە و بێ هەڵاوساوی ڕادەستی (بایدن) کرد، کەچی ئەو هەموو شتێکی تێکداوە، گفتوگۆکان پەیوەندییان بە دونیابینی و تێڕوانین و بەرنامەی جیاوازە هەبوو.
(ترەمپ) لە پەنسلڤانیا بە گالتە و پلارگرتنە (بایدن) گوتی (پیاوە خەوتووەکە)، مادەی و زەبەخش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەمان لە دیداری ڕاستەوخۆ بەکار دەهێنێت و دەبێت دەرزییەکەی لە پشتەوە لێدەن، تا وزە پەیدا بکاتەوە. ئەم دیداری بەگژیەکداچوونەوەیە دەبووایە لە پایز بکرێت، دیارە سەرۆک (بایدن) پێی خۆشبووە لەم هاوینە و ئەمشەو وەکو دیداری یەکەم بکرێت و زووتر ئەنجام بدرێت، (گرانت ڕیهەر) مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سیراکۆز وەکو پێشبینییەک گوتیەتی: “چاودێری ئەوە دەکەم، ترەمپ پتر وەکو سەرۆکێک دەرکەوێت”. (کاتلین هۆل گامیسون)یش مامۆستای پەیوەندیکردن لە زانکۆی پەنسلڤانیا دەڵێت “خاڵی لاوازی ترەمپ گوتارە توندڕەوییەکانیەتی” و “خاڵی لاوازی بایدنیش ئەوەیە ئایا توانای زهنی وەکو پێویستی هەیە، یاخود نا؟”.
ململانێ و قسە لەسەر ئەوەیە، (بایدن) بانگەشەی ئەوە دەکات دیموکراسیەت بپارێزێت و مافی لەبەرچوواندنی کۆرپە بۆ ئافرەتان دابین بکات و پاڵپشتی چینی ناوەڕاست دەکات، ڕووبەڕووی ڕژێمە خۆسەپێنەکانی ڕوسیا و چین دەبێتەوە. (ترەمپ)یش بانگەشەی ئەوە دەکات (ئەمەریکا بەهێز دەکاتەوە، باجەکان کەم دەکاتەوە و باجی سنوورەکان توند دەکات و بایەخ بە دۆزینەوەی نەوت دەدات و کۆچبەران دەگێڕێتەوە وڵاتەکانی خۆیان.
ڕوسیا و چین
بەقسەکانییەوە دیاربوو (ترەمپ) نەیدەویست بەخراپ ناوی (سەرۆکی ڕوسیا) بهێنێت، گوتی “نە سەرۆکی چین و ڕوسیا حەز لە بایدن ناکەن و خۆشیان ناوێت” و گوتی من دەتوانم شەری ڕوسیا و ئۆکرەین ڕابگرم و ئەو گوتی “لەسەردەمی من هیچ وڵاتیك زەوی دەست بەسەردا نەگرت، کەچی لەسەردەمی ئەوە، ئاماژەی بۆ بایدن کرد، گوتی زەوییان برد”.
لەبەرانبەر ئەوەشدا (بایدن) وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و ئەوەی خستە ڕوو، کە “ڕوسیا هەر تەنیا چاوی لە پارچەیەکی ئۆکرەین نییە، بەڵکو دەیەوێت هەمووی ببات، نەیتوانی بەچەند ڕۆژێک ئۆکرەین داگیر بکات و بۆتین هەزارەها سەربازی بەکوشت داوە، بۆتین دەیەوێت سۆڤیەت دروست بکاتەوە”. کاندێ یەکەم هێرشی سلبی کردە سەر ناتۆ و هاوپەیمانەکانیان لە ئەوروپا، بایدنیش ئامژەی بە پەیوەندییەکی باش و مەترسییەکانی خۆی نەساردەوە کە روسیا هەڕەشە لە زۆر وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دەکات.
کارەساتە بۆ بایدن
شێوەی ئاخاوتن و قسەکانیانی دیاریان خست بوو (بایدن) هەندێک خاوە و قسەکانی هەندێکجار دەپچڕا، لەکاتێکدا (ترەمپ) بەڕەوانتر و دەنگێکی تێرتر لە بایدن دەئاخڤت، یەکێک لە پسپۆرەکانی ستراتیژی دیموکراتی، کە ساڵی ٢٠٢٠ وەکو تیمی بایدن کاری دەکرد، گوتی ” دیاردەکە بۆ بایدن کارەساتبوو”. هەندێک لە توێژەران و شیکارانی دیدارەکە گوتیانە ” دەنگی بایدن دروست نەبوو، دەڵێن سەرمای بووە، بایدن لەهەندێک لە قسەکانی خێرا شتی دەگووت و لەهەندێکیشدا دەردەکەوت وەکو پێویست متمانەی بەقسەکانی خۆی نەبێت” لەکردەوەدا ئەم دیدارە دەبێتە سەرتایەک بۆ هەڵسەنگاندن و دیارکردنی توانای هەردوو کاندێد بۆ سەرۆکایەتی.
ڕێساکانی ئەم دیدارە
٩٠ دەقە درێژە دەکێشێت و لەیەک سەکۆ بەتەنیشت یەکەوە دەردەکەون قسە دەکەن و کاغەز و قەڵەم و ئاویان لایە، نابێت هیچ تێبینییەکی پێشوەختە لەگەڵ خۆیان بهێننە ئەو شوێنەی دیدارەکەی تێدا بەڕێوە دەچێت. جەماوەر ئامادەی دیدارەکە نابێت و هیچ یەکێکیان مافی قسە پێبڕینی ئەوەی دیکەی نییە و دەنگی یەکێکیان دادەخرێت، کاتێک ئەوی دیکەیان قسە دەکات. (بایدن) لەلای ڕاستبوو، ئەو یەکەمجار قسەی کرد.
ئەم دیدارە لەلایەن کەناڵی (ئەی بی سی) ئەمەریکی سازکراوە. دیدارەکە لە سەعات ٩ی شەو بەکاتی ئەمەریکا شەوی پێنجشەممە ٢٧-٧-٢٠٢٢٤ لەشاری ئەتلانتای جۆرجیا بەڕێوەچوو، دەتوانرا لە کەنالەکانی (سی ئێن ئێن دۆت کۆم) بێ دانی کرێ و کەناڵەکانی دیکە دیدارەکە ڕاستەوخۆ ببنرێت. ملیۆنەها بینەر ئەم دیدارەیان بینوە، هەردوو بێژەری بەنێو بانگ (دێڤید مۆیەر) و (لینزی دیڤێز) ئیدارەی دیدارەکەیان کرد.
مێژووی ئەم دیدارانە
بەپێی زانیارییەکان یەکەمجار ساڵی ١٩٦٠ ئەم دیدارە لە ئەمەریکا سازکراوە و لەنێوان (ڕیچارد نیکسۆن) کە بیر و بۆجوونەکانی پچڕ پچڕ بوو، لەگەڵ (جۆن کینیدی) کە زۆر متمانەی بەخۆی هەبوو بەڕێوەچووە. دووەمیان بە وردی سەیری کامیرای دەکرد و وەڵامەکانی ڕوون و ئاشکرا بوون، لەئاکامدا (نیکسۆرن) دۆڕا، ساڵی ١٩٩٢ (جۆرج بۆش) و (بیل کلنتۆن) دیداریان بوو، (بۆش) سەبری نەمابوو سەیری کاتژمێرەکەی دەکرد و زۆر کۆششی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان نەدەکرد، بەپێچەوانەوە (کلنتۆن) گوێی لەپرسیارەکان دەگرت و سۆزداری لەگەڵیان نیشان دەدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی (کلنتۆن) بباتەوە.
ساڵی ١٩٨٠ لە دیداری نێوان ڕیگان و کارتەر شتێکی دیکە ڕویدا، دیدارەکەیان بە گاڵتەکردن بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی کارتەر هێرشی کردە سەر ڕێگان، ئەوەی دووەمیان بە خەندەوە بەڕستەیەکی کورت وەڵامی دایە و ڕستەکە سادە بوو، بەڵام دواتر بووە قسەی سەر زاران، کە گوتی “ئەوە جارێکی دیکە تۆی”. پاشتر ئەم ڕستەی لەزۆر بۆنەی دیکە بەکارهێنایەوە، لەهەموو دیدارەکاندا شتێك یان پتر لەشتێک بۆتە جێگەی سەرنجی ڕاگەیاندن و خەڵک، ئەویش جووڵە و شێوازی وەڵام و قسەکردنە، کە کاریگەریی لەسەر کەسایەتی کاندێدەکە دەبێت. ئەمەی ئێستاش وەکو دیدارێکی مێژوویی کاریگەری لەسەر بۆچوون و هەڵوێستی دەنگدەر دەبێت.
باسی چیان کرد
بەپێی ئەو گفتوگۆیەی لەئەنجامی پرسیاری بەڕێوەبەرانی دیدارەکە هەبوو، بەشێوەیەکی سەرەکی (ئابووری، ئۆکرەین، غەزە، ئەفغانستان) بابەتی سەرەکی دیارەکە بوو، سەرباری هێرشەکانی (ترەمپ)، کە (بایدن سەرۆکێکە هیچی نەکردووە، کەسی سزا نەداوە، ئابووری تووشی قەیران کردووە، هەڵوێستی لە ئۆکرەین هەڵەیە، لە ئەفغانسان کاریکی ئابڕوبەرانەیان کرد… تاد).
دیموکراتەکان نیگەرانن لە لاوازی بایدن
ڕەنگە ئەمە قسەی نەیارانی (جۆ بایدن)یش بێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سکای نیوزی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات کە “بایدن لەم دوایانە وەکو کەسێکی لەجووڵەکەوتوو دەردەکەوێت”. لەوە دەچێت دیموکراتەکان هەندێک نیگران بن لەم توانای جەستەیی بایدنی ٨١ ساڵ). هەرچەندە لە رووی یاسایی و دەستووری و کردارییەوە کارێکی ئاسان نییە بیگۆڕن، خۆشی بەپێداگرییەوە دەیەوێت ڕکابەرێکی سەرسەختی (ترەمپ) بێت. لە کۆنگرەی حزبی دیمورکات لە کۆی بەشداری ٤٠٠٠ ئەندام، دەنگی ٣٩٠٠ ئەندامی بە بەڵێ بۆ کاندیدی بوون وەرگرتووە. ئەمە سەرەتایەکی دڵخۆشکەر نییە بۆ دیموکراتەکان، با زبانین لە دیداری ڕاستەوخۆی دووەمدا (بایدن) چەند دەتوانێت ئەو شتانە راستبکاتەوە، کە هەنووکە بە خوار و هەڵە و لاوازی دەزانن.
چاوەڕوانین
لەم ڕۆژانەی دادێ قسەی زۆرتر لەبارەی ئەم دیدارە و توانا و سیاسەت و بۆچوون و لێکدانەوە و لێهاتووی هەر یەکێک لەکاندێدەکان دەکرێت. ئەمە هەنگاوی یەکەم بوو، دیداری دیکەش بەڕێوەیە. ئەوان قسەی خۆیان کرد و دەندگەریش قسەی خۆی لە دواین ڕۆژ دەکات.