خەبات: پەریهان عومەر:- پەیکەر ساز پەیام ئاوات ڕەحمان، سەرەتای کارکردنی لەم بوارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 و زۆر کاری جیاواز و پیشەی جیاوازی تاقی کردۆتەوە و بەردەوام حەزی کردووە خۆی خاوەنی کاری خۆی بێت، لە دیمانەیەک بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) دەڵێت: ماوی 20 ساڵە کار لە هونەری پەیکەرسازی دەکەم، لە ماوەی ئەو 20 ساڵەی کارکردنم تووشی زۆر هەوراز و نشێوی و ناخۆشی بووم، چەندجارێک تووشی کێشە و زەرەری گەورە بووم لە کارەکانمدا و بە چەندین کاتی قورس و ناخۆشدا تێپەڕیووم، بەڵام بەردەوام بووم و کۆڵم نەداوە و بەسەر ناخۆشییەکاندا زاڵ بووم تا لە ساڵی 2018 هەوڵمدا کارێکی تازە و جیاواز بکەم، دوای گەڕانێکی زۆر و سەفەر کردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بە تەواوی ئاشنابم بە کارەکە، دیراسەکردنێکی ورد کە نزیکی یەک ساڵی خایاند لە ساڵی 2019 دەستمان بە کارکردن کرد.
لەبەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت: کارکردنمان بە شێوازێک بوو کە دەبووایە سەردانیان بکردینایە و لە ڕێگەی سکانەرێکەوە سکان بکرانایە دوای 2 مانگ شێوازی کارەکەمان پەرە پێدا و تا ئێستا بەردەوامین کە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو کارەکە دەکەین و تەنها بە ناردنی وێنە و ئێمەش دەینێرین بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش.
زیاتر بۆمان دواو گوتی: زۆربەی کڕیارەکانمان بۆ ڕۆژێکی دیاری کراو داوای ئەکەین وەک لە دایکبوون یان ئاهەنگی دەرچوون یان ساڵیادی هاوسەرگیری و لە ئێستادا 15 کەس کار دەکات لە شوێنەکەمان و لە داهاتوودا کارەکە گەورەتر دەکەین و ئۆفیس دەکەینەوە لە شارەکانی تری کوردستان و عێراق، بەنیازین دەست بکەین بە چەند کارێکی نوێ کە تا ئێستا ئەوانیش نەکراون، بەو هیوایەی هەموو گەنجێک بگات بە ئاواتەکانی و کلیلی سەرکەوتن تەنها لە بەردەوامی و بەرەو پێشبردنی کارەکانیاندایە.