خەبات- تریفە ئازاد
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕۆژی دووشەممە 22-4-2024 سەردانی بەغدا و هەولێری کرد، له‌فڕۆکەخانە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی: “سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق-تورکیا، چ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و چ لەگەڵ حکوومەتی باکووری عێراق، لە بابەتی هەڵهێنانی هەنگاوەکاندا پێشهاتی زۆر باش هەبوون.” هەروەها گوتی: “دڵخۆش بووین بەوەی جارێکی دیکە دۆستایەتیی راستگۆیانەی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردیی عێراقمان بەم شێوەیە بینی. جەختمان لەوەکردەوە کە ئەو هاوئاهەنگییە لەگەڵ هەرێمی کوردیی عێراق دروستمانکردووە، زیاتر بەرەو پێش دەبەین؛ ئەم پەیامەشمان بە ڕوونی بە ئەوان گەیاند”. ئینجا لێرەدا وەکوو ڕۆژنامەی خەبات هەوڵ دەدەین ڕاوبۆچوونی پسپۆڕ و شارەزا و چاودێرانی سیاسی دەربارەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ خوێنەران بخەینەڕوو.

د. بارزان جەوهەر، مامۆستای زانستە سیاسیەكان لە بارەی سەردانەكەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لە ڕاستیدا ئەو هاتنەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆك كۆماری توركیا خاڵێكی تری وەرچەرخانی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری دروست دەكات چونكە ئێمە دەزانین سەردانی ئەردوغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ كوردستان و سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەدی باکووری كوردستان، ئەوانە پەیوەندییەكانیان بردە ئاستی لوتكە. ئەمانە لە ماوەی ڕابردوو كە لە ساڵی 2009 تا ساڵی 2017 , لە ئاستێكی باش دابوو بەڵام بە هۆی ڕیفراندۆمەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو وڵاتانی دیكە ڕۆڵی خراپیان گێڕا لە تێكدانی پەیوەندی سیاسی لە نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، بەڵام ئەم هاتنەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە هیوای دیكەی گەورە دەداتەوە بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكان و چەند هۆكارێكی گرینگ لەم بار و دۆخە هەیە كە پێویستە ئاماژەی پێبكرێت , یەكەمیان دەست پێكردنی ڕێگای گەشەیە كە ڕێگایەكی ئابورییە تەواوكەری ڕێگای ئاورشمی وڵاتی(چین)ـە لە بەندەری فاو دەست پێدەكات و بەناو خاکی عێراقدا هەر لە باشوورەوە (بەسرە – بەغدا – ئینجا بە پارێزگای موسڵەوە بەرەو خاڵی سنووری پێشابوور)؛ بۆیە گرنگییەكەی هاتنی ئەردوغان بۆ ئەوەیە كە ئێمە بتوانین ڕێگای گەشە بە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بێت، چونكە ئەوان مەیلی ئەوەیان هەیە كە تەنانەت ئاماژەشیان بەوە كرد كە ئیبراهیم خەلیل نەتوانێ‌ ئیستعابی ئەم هەموو پەیوەندییە ئابورییە بكات ڕێگای (ئۆڤاكۆ) بكەنەوە. ئەمەش ڕێگایەكی هەڕەشەی ئابورییە لەسەر هەرێمی كوردستان؛ ئەگەر عێراق و تورکییا ئەنجامی بدەن. بۆیە گرنگە ڕێگای گەشە بە ناو هەرێمی كوردستاندا تێپەڕێت, خاڵێكی تر ئەوەیە كە توركیا كێشەی هەبوو جارێكی تر لە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان وەك ئەردۆغان خۆشی ڕایگەیاند كە كێشەكە لەسەر ئەوە ماوەتەوە كە كۆمپانیاكانی نەوتی مافی ماندووبوونیان بۆ دیاری بكرێت و ڕێكبكەون لەگەڵ حكوومەتی عێراقی ئەوەی تر ئەوان ڕازین لەسەر هەناردە كردنەوەی نەوت , جگە لەم بۆڕییەی جەیهان و كەركووك –جەیهانیش دیسان بە ناو هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، ئەمە دەبێتە دەستكەوتێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان و دەبێتە هیوایەك بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەكان و لە ڕووی ئاو كە توركیا بەری دەدات بە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دێت، سەرچاوەی ئاوی هەرێمی كوردستان زیاد دەكات جگە لەوەی ئەو بەنداوانەی لە هەرێمی كوردستان دروست كراون. خاڵێكی تر ئەوەیە كە بابەتی چارەسەرێكە بۆ دۆزینەوه‌ی كێشەی پەكەكە لەمە ودوا ئەو هەڕەشەیەی كە پەكەكە لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا هەیەتی كەم دەبێتەوە، چونكە وەك ئەوەی دیاری كرا عێراق وەك گرووپێکی قەدەغەكراو ناساندی، بەمەش ناساندنی گرووپی پەكەكە بە قەدەغە كراو، دەبێتە هۆی ئەوەی كە عێراق یاسا و ڕێنمایی بۆ دەربكات كە قەدەغەی چالاكی و جموجۆڵەكانی بكات لە ناوخۆی كوردستان، بە تایبەت لە سلێمانی و دەروازەی ڕاپەڕین ئەگەر بێت و لەم شوێنانە چالاكی پەكەكە كەم بێتەوە چالاكی توركیاش بۆ بۆمباران كردنیان كەم دەبێتەوە لە ناوچەكە، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ئەم هەموو لێكتێگەیشتنانە كە لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان دروست بووە، ئاستی بازرگانی هەردوو وڵات زیاد دەكات. وەك دەزانین كە لە ڕووی وشكانی تەنها هەرێمی كوردستان دەروازەیە و ئەو ڕێگا ئابورییە دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و كلتورییەوە پەیوەندییەكان بچێتە ئاستێكی باشتر و ئەو بەستەڵەكە سیاسیەی كە هەبووە دەتاوێتەوە، جارێكی دیكە هەم توركیا پێویستی بە هەرێمی كوردستان دەبێت هەم هەرێمی كوردستان پێویستی بە توركیایە، هەمیش عێراق پێویستی بە هەردوو لایەنە.

قەهرەمان عوسمان، ماستەر لە یاسای گشتی لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لە ژیانی دیپلۆماسیدا بەشێوەیەكی بەردەوام بینەری سەردانی فەرمی سەرۆكی وڵاتان دەبین لە پێناو بەهێزكردنی پەیوەندیی دوولایەنە. لە گرنگترین ئەم جۆرە سەردانە دیپلۆماسییانە ئەو جۆرەیانە كە سەرۆكی وڵاتان سەردانەكە ئەنجام بدەن. بەگوێرەی دابی نێودەوڵەتی ئەم جۆرە سەردانانە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیپلۆماسی تایبەت لە ئاستێكی بەرزدا هەیە. سەردانی بەڕێز سەرۆككۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردوغان، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە توركیا دەوڵەتێكی زلهێزە لە ناتۆ و دراوسێیەكی كاریگەرە لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە و هەژموونێكی گرنگی هەیە، بەتایبەت لەو بارودۆخەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت. باڵادەستی هەژمونی پێكهاتەیەكی عێراق بەسەر هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی هەرێمی كوردستان و هەوڵی كودەتا بەسەر دامەزراوە سیاسی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەو جۆرە سەردانانە پوچەڵ دەبێتەوە و ئەوە دەسەڵمێنێت كە بوونی كوردستانێكی بەهێز پێویستییە و بۆ سەقامگیری ناوچەكە زلهێزان دەستبەرداری نابن. ئەوەشمان لەبیر بێت لەڕووی یاساییەوە ئەمجۆرە سەردانانە دەچنە خانەی دانپێنانی فەرمی بە بوونی كوردستان و دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان. دانانی ئاڵای توركیا لەسەر قەڵای هەولێر بەشێكە لەو دابەی كە پێویستە و دەگیرێتەبەر لە كاتی پێشوازیكردن لە سەرۆكی وڵاتان.