دیمانە- هاوار مورتكەیی
یانەی كاراتێی ڕۆستاڤێ یەكێكە لە یانە دیارەكانی جۆرجیا و لەسەر ئاستی وڵاتەكەی چەندین ناسناوی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە، تەنانەت لەسەر ئاستی ئەوڕووپاش دەستكەوتی هەیە، تیۆنا سولێمانیدزێ Teona Sulamanidze ، ڕاهێنەری ئەو یانەیەیە، لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات سەبارەت بە وەرزشی كاراتێی و دەستكەوتەكانی یانەكەی، دیمانەیەكی لەگەڵ ئەو ڕاهێنەرە ئەنجامدا.
لە تەمەنی 7 ساڵی بوومە پاڵەوانی ئەوڕووپا

تیۆنا سولێمانیدزێی تەمەن 30 ساڵ، لەبارەی ژیانی وەرزشیی خۆی دەڵێت: لە تەمەنی 4 ساڵیەوە دەستم بە وەرزشی کاراتێ کرد، چونكە باوكم كاراتێیەكی بەتوانا بوو، ئەو هەر لە منداڵییەوە منی فێری كاراتێ كرد و بەردەوام مەشق و ڕاهێنانی پێدەكردم، هەر زوو منی بەشداری پێكرد لە پاڵەوانێتییەكانی جۆرجیا و لە تەمەنی 7 ساڵی توانیم ببمە پاڵەوانی جۆرجیا، هەر ئەو ساڵەش بەنوێنەرایەتی جۆرجیا بەشداری پاڵەوانێتی ئەوڕووپام كرد و توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهینم، ئەمە بۆ من هاندەرێكی باش بوو كە بەردەوام بم، نەمتوانی بێ كاراتێ ژیان ههڵكهم، چونكە کاراتێ بۆ من، تەنها وەرزشێك نییە، کاراتێ بۆتە بەشێک لە ژیانم، من لەگەڵیدا گەورە بووم، ئێستاش وەك ڕاهێنەری یانەی كاراتێی ڕۆستاڤ بەردەوامم.
بەدەستهێنانی پاڵەوانێتی ئۆراسیا
خاتوو تیۆنا سلێمانیدزێ كە خاوەنی پشتێنی ڕەشە و لە شاری پۆتی لە جۆرجیا دەژی، گوتی: ناوی یانەکەمان فیدراسیۆنی کاراتێی ڕوستاڤییە، كە لە ئێستادا 20 وەرزشوان بەبەردەوامیی مەشق و ڕاهێنان دەكەن، یاریزانی وڵاتانی دیكە لەیانەكەمان هەیە و بەشداری پاڵەوانێتییەكان دەكەن، هەروەها گوتی: لەسەر ئاستی جۆرجیا لە ساڵی ڕابردوو توانیمان پلەی یەكەم بەدەست بهێنین (بۆ تەمەنەكان)، هەروەها لەسەر ئاستی پاڵەوانێتیی كاراتێی یانەكانی ئەوڕووپاش توانیومانە پلەی دووەم بەدەست بهێنن، ئەمە جگە لەوەی ئێمە توانیومانە پاڵەوانێتیی ئۆراسیا بەدەست بهێنین.
خۆمان بۆ جامی جۆرجیا ئامادە دەكەین
لەكۆتاییدا خاتوو تیۆنا گوتی: وەرزشی كاراتێ لە جۆرجیا لەم چەند ساڵانەی دوایی پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، تا دێت ژمارەی یاریزانان لە زیادبووندایە، یانەكەشمان بەردەوام چالاكی ناوخۆیی و دەرەوەی هەیە، ئێستا خۆمان ئامادە دەكەین بۆ پاڵەوانێتی جامی جۆرجیا كە بڕیارە لە 12ی مانگی داهاتوو لە تبلیسی بەڕێوەبچێت، هەروەها لەم هەفتەیەش بەشداری پاڵەوانێتییەكی كاراتێمان كرد لە وڵاتی ئەرمینیا كە 5 وڵات بەشدارییان تێداكردبوو، ئێمە بە 2 یاریزان بەشداریمان كرد و توانیمان پلەی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە بەدەست بهێنین.