نەجمەدین محەمەد مامەشی
پارتی لەسەر پرنسیپی نەتەوایەتی ڕزگاریخوازی دروست بووە، خەباتی کردووە لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سەرجەم خەڵکی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان دامەزراوە. پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو چین و توێژێکی لەخۆی گرتووە ئەوکاتی پارتی دروست بوو ناوچەکە و کوردستان پێویستی بەپارتێکی لەو شێوەیە هەبوو بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لەچنگ ڕژێمەکانی ئەوسایی عێراق، کە ببووە هۆی سەرکوت کردنی خەڵکی کوردستان. بۆیە ئەو پارتە پێوستیەکی حەتمی بوو کەبێتە کایەوە. دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەچەرخانێکی مێژوویی بوو بەسەرکردایەتی بارزانیی نەمر کە ڕابەرایەتی دەکرد بۆیە زۆر نەخایاند پارتی پەل پۆی هاویشت و هەموو کوردستانی گرتەوە.
ئێستاش پارتی بەڕابەرایەتی سەرۆک مسعود بارزانی بۆتە مەرجەعێک بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانەوە. بۆیە ئەمڕۆ پارتی داکۆکی لەمافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات بەتایبەت لە بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستان، بەمەرجێک هەڵبژاردنەکان دووربێت لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی (ئەقلیمی) و دیزاینێکی پێشەکی ئەنجامەکان و…هتد. خەمخۆری پارتی بە دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەخشەڕێگایەکی لەمێژینەی خەباتی پارتییە بۆیە هەموو خەڵکی کوردستان چاویان لە هەوڵ و هیممەتی پارتییە بۆ داکۆکیکردن لە دابینکردنی مافەکان و پاراستنی شکۆمەندی وئیرادە و فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسوەدە و کامەران بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان.
هەڵبەت ئەم ئەركەی پارتی ئەركێكی نیشتیمانییە كە پارتی لەپێناویدا خوڵقاوە، بەڵام بەداخەوە هەندێك كەس و لایەن لە جیاتی ئەوەی برایانە دەستی پارتی بگرن و هاوكار و پاڵپشتی پارتی بن لەجێبەجێ كردنی ئەركی نیشتیمانی، بەپێچەوانەوە؛ چەواشەكارانە راستییەكان دەشێوێنن و هەرچی ئەوەی (ناحەزانی قەوارەی هەرێمی كوردستان) دەخوازن ئەوان بەوەكالەت لە هەندێ كەناڵی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیادا دژی پارتی هەڵی دەڕێژن.
پارتی دیموكراتی كوردستا لە ئێستادا بەدەرلەوەی كە پارتێكی سیاسیی كوردستانە، هەروەها (هەركەس و لایەنەكی بیەوێ یان نەیەوێ) پارتی بەشێكی سەرەكی پێكهێنەر و پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌، هەڵبەت ئەرك و هەڵوێست و رەفتارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەتی ئەقلیمی و جیهان سەنگ و پێگەی خۆی هەیە و حسابی بۆ دەكرێت. بۆیە كاتێك میوانێك یاخود كەسێك (سەرۆكی وڵاتێك یان هەركەسێكی دیپلۆماسی) بەفەرمی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، بێگومان هاتنی ئەو كەسە و پێشوازیكردنی ئەوكەس و میوانداری كردنی ئەوكەس چەند پڕەنسیپ و ئاكار و رێكاری تایبەتی خۆی هەیە كە لەسەر ئاستی جیهاندا پێی دەگوترێ (پڕوتۆكۆل) هەڵبەت ئەم پڕۆتۆكۆلە لەناخی میوانەكەدا ڕەنگدانەوەی هاوبەستی تایبەتی خۆی دەبێت لەسەر هەڵوێستی میوانەكە و وڵاتەكەی(جا چ بە ئەرێنی یاخود بە نەرێنی) بەپێی ئەنجامدانی پڕۆتۆكۆڵەكە. هەروەكو گوتمان كە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی فیدڕاڵی وڵاتی عێراقە، هەڵبەت دەبێت پەیوەست بێت بە ئەرك و رەفتارە دیپلۆماسی و پرۆتۆكۆلە جیهانی و نێودەوڵەتییەكان. ئینجا ئەگەر لایەنێك یان حزبێكی دژە پارتی ئەم ڕاستییە نەزانێت ئەوە كێشەی خۆیەتی، ئەو حزبەی کە ڕەخنە و تانه‌ و توانج لە هەڵویست و پرۆتۆکولی میواندارێتی پارتی دەگرێت، واپێدەچێت ئەو حزبە ئەوەنده‌ ئاست نزم و بێ بەهابێت کە هەرگیز پڕۆتۆكۆلی دیپلۆماسیی ئەقلیمی و جیهانی بەخۆیان و سەركردەكانییەوە نه‌دیتبێ و هیچی لێ نازانن، بۆیە لەكۆتاییدا هیچی تر ناڵێین لەوە زیاتر کە(هەرخۆیان بەخۆیان بن).