خەبات: عەلی بانیشاری:- بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور ڕایدەگەیەنێت، جارێكی دیكه لەگەڵ زانكۆ بیانییەكانی بواری شوێنەوار ئەبدێتی پێگە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر سنووری ناوچە شوێنەوارییەكاندا هاتووە. كەیفی مستەفا دەڵێت: نزیكەی 45%ـی ڕووبەری هەرێمی كوردستان ڕووپێوویی شوێنەواری بۆ ئەنجامدراوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بۆ یەكەمجار هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن تاقیگەیەكی گڵێنەیی.
كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: تاوەكو ئێستا نزیكەی لە 45%ـی ڕووبەری هەرێمی كوردستان ڕووپێوویی شوێنەواری بۆ كراوە. گوتیشی: پلانمان هەیە ئەمساڵ لەگەڵ زانكۆی هارڤارد و زانكۆی ئودینەی ئیتالی و چەند زانكۆیەكی تر كە بەشێكیان فەڕەنسین جارێكیتر ئەبدێتی ناوچە شوێنەوارییەكان بكەینەوە، بەوپێیەی بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا گۆڕانكاری بەسەر سنووری پێگە شوێنەوارییەكان و جۆری پێگە شوێنەوارەكاندا هاتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ ئەو زانكۆ بیانییانەی ڕووپێوویی شوێنەوارییان لە هەرێمی كوردستان كردووە كۆنفرانسێكی ئۆنلاینیان ئەنجامداوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەوە كردووە لە قۆناغی داهاتوودا بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوویی شوێنەواریی لە ناوچەكە چ هەنگاوێك بنێن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، لە ساڵی 2012ـەوە تاوەكو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ 19 زانكۆی بیانی بۆ ئەنجامی ڕووپێوویی شوێنەواری لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان واژۆ كردووە.
كەیفی مستەفا ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا لەگەڵ زانكۆی دورهامی بەریتانی خەریكی ئەوەن داتاپەسێك بۆ سەرجەم پێگە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی كڵاوت بۆ ماوەی 10 ساڵ دروست بكەن. بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور باسیلەوەشكرد، لەگەڵ پەیمانگای فەڕەنسی (ifpo) یاداشتێكی لێكتێگەیشتنان هەیە بۆ دروستكردنی تاقیگەی گڵێنەیی باكووری میسۆپۆتامیا/ هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕیزبەندی مێژووی (كڕۆنۆلۆژیا)ی هەرێمی كوردستان.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەكە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و تاقیگەكە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە كاركردن بەردەوام دەبێت و كادرانی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان لە تاقیگە گڵێنەییەكە كار دەكەن و لەوبارەیەوە شارەزایی پەیدا دەكەن، بەڵام لە كۆتایدا كە تاقیگەكە لە ڕووی هونەری و زانستییەوە تەواو بوو، بە هەموو پێداویستییەكانەوە كە پەیمانگای (ifpo) دابینكردووە، دەبێتە موڵكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 6000 ناوچەی شوێنەواری و كەلەپووری هەن، بەهۆی بەردەوامی ڕووپێوویی شوێنەواریش ساڵانە ئەو ژمارەیە ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.