خەبات: ڕۆشنا عەلی:- زۆری ماوەی ناردنەوەی قوتابییانی پۆلی 12 ی ئامادەیی وەك نەریتێكی لێهاتووەو ساڵانە قوتابییان لە مانگی سێ بەدواوە دەگەڕێنە ماڵەوە بۆخۆئامادەكردن بۆ تاقیكردنەوەی وزاری كە دوا قۆناغی خوێندنی قوتابخانەیە، ئەمساڵیش بەهۆی دۆخی خوێندنی هەرێمی كوردستان ماوەكەلەساڵان درێژتر كراوەتەوە كە زیاتر لە سێ مانگە ،هەندێك لە دایكان و باوكانی قوتابییان پێیان وایە ناردنەوەی قوتابی بەو ماوە زۆرە وادەكات قوتابی بێزار بێت و لەكۆتاییەكاندا وردە وردە بێ ئومێد ببێـت ،پرسیارە سەرەكییەكەش ئەوەیە ئایا دەكرێت وەزارەتی پەروەردە ئەم نەریتە بگۆڕێت یان ڕێگایەكی ترهەیە؟ ئایا قوتابی لەو قۆناغە چی بكات بۆئەوەی هەم بخوێنێت و هەم سوودمەند بێت و هەم بێزار نەبێت لاپەڕەی پەروەردە وخوێندن لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێكی ئامادە كردووە كە ئامانج لێی پێدانی ڕێنماییە بە قوتابیانی ئەو قۆناغە:
*ماوەی زۆری قوتابی لە ماڵەوە ڕەنگە لایەنی باشی هەبێت هاوكات لایەنی خراپیشی هەیە مامۆستایەكی پۆلی 12 پێی وایە قوتابی دەرفەتێكی گونجاوی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی گونجاو خۆی ئامادە بكات .مامۆستا كاوە مەعروف عەبدوڵا مامۆستای زمانی عەرەبی لە ئامادەیی ڕزگاری كوڕان بۆچوونی وایە كە ماوەكە گونجاوە بۆ قوتابی بۆ ئەوەی بەهەرسێ قۆناغی خوێندن و پێداچوونەوە ڕابگەن كە قۆناغی خوێندن وپێداچوونەوەی هێواش لەسەرخۆ و مام ناوەندی وخێرایە بۆیە مامۆستا كاوە بۆچوونی وایە ئەو چەند مانگە دەرفەتێكی زێڕینە پێویستە بە هەدەر نەدرێت و لەلایەن قوتابیان بقۆزرێتەوەو تا لەڕووی دەروونی و هزریەوە تەواو ئامادە بن بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ.
*هەر لەبارەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی ئەم ئیزندانەی قوتابی بۆ ماوەیەكی درێژ مامۆستا زانا كانەبی عەبدوڵا مامۆستای كیمیا لە ئامادەیی ئەحمەد ئیسماعیل نانەكەلی بۆچوونی وایە كەلایەنی باشی ئەوەیە فشار لەسەر قوتابی كەمدەبێتەوە لەم بارەیەوە بۆخەبات گوتی: بەرای من راستە ماوەكە زۆرە، بەڵام لایەنی چاك و لایەنی خراپی هەیە لە سەر قوتابی . بۆ نموونە لایەنە چاكەكەی ئەویە فشار لەسەر قوتابی كەم دەبێتەوە كە ماوەی خوێندنی كەمە و ناتوانێت هەموو وانەكان بە جوانی بخوێنێت،بەڵام لایەنە خراپەكەی ئەوەیە لەوانەیە قوتابی بێزاربێت لە خوێندن ببێتە هۆی دوركەوتنەوەی لە خوێندن یاخی بوونی قوتابی .یان لەوانەیە لە سەرەتادا قوتابی زۆر خۆی ماندو بكات بەڵام كۆتاییەكەی پاشەكشە بكات لە خوێندن بە هۆكاری ئەوەی وانەكانی هەموو خوێندووە ئەمەش بەخراپ لە سەری بشكێتەوە.
*مامۆستا كەمال فاروق نوسەرو مامۆستای دەروونزانی هەرلەبارەی ماوەی خوێندنی قوتابی و بێزار بوونی بۆ خەبات گوتی: ئەگەر بێزاربوونێك هەبێ بۆ قوتابی لە ماوەی پێداچوونەوەی وانەكانیدا پەیوەندی بە كەش و هەوای ماڵ و ئەو كێشە و گرفتە لاوەكیانە هەیە كە دایك و باوك و خوشك و برالای قوتابییە باسی ناكەن ، لەمە خراپتر نیگەرانی و دڵەراوكێێ دایك و باوكە كە نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ قوتابییەكەیان بكەن لەم ماوەیەدا لە نێوان توانای قوتابیەكە و حەزو ئارەزووی خۆیان ، كە زۆربەی زۆری دایك و باوكان و هەندێجار دەتوانم بڵێم هەموویان ئارەزووی ئەوە دەكەن كوڕەكانییان یان كچەكانییان بگەنە كۆلێژە بەرزەكانی وەك پزیشكی گشتی ئەمەش نەبووە و نابێت ، ئەمە گرفتە گەورەكەیە كە قوتابی بێزار دەكات و تووشی ململانێی دەروونی دەكات لە نێوان توانای ڕاستەقینەی خۆی و حەزو ئارەزووەكانی خۆی و دایك و باوكی بە تایبەتیش كاتێك قوتابییەكەیان بەراورد دەكەن لەگەڵ كەسانی تردا و ئەویش لە ئاست ئەمەدا نابێت بۆیە بەشێوازێكی نەستیانە دەریچەیەك ئەدۆزێتەوە لەم میحنەتە رزگاری ببێ ئەویش ڕاكردنە لە خوێندن واتە بێزاربوون.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا قوتابی دەتوانێت ماوەی سێ مانگ بەبەردەوامی بخوێنێت؟ مامۆستا كاوە لەمبارەیەوە گوتی: قوتابیان لەو تەمەنەدا خاوەن جەستەو مێشكێكی بەهێزن دەتوانن خۆڕاگربن بێگومان لەو ماوەیەدا هاندان و پاڵپشتی ماڵەوە پێویستە بەردەوام بن ئەو كاتانە بە دەرفەتێكی گونجاو بزانن بۆ سەركەوتن لەو قۆناغە گرنگەی ژیاندا بە تایبەت كە ئەمساڵ پرۆگرامیش بەشێكی كەمكراوەتەوە،بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان ھیچ شتێك ساردیان نەكاتەوە وە پاشەكشە نەكەن و خۆیان بەدەستەوە نەدەن هەمیشە بە گیانێكی ئەرێنی و پێشبركێ و گوڕوتینەوە بخوێنن و كۆڵنەدەن و ئامانجەكانیان بهێننە دی.
*مامۆستا زانا بۆچوونی وایە كە نابێت قوتابی سارد ببێتەوە لە خوێندن و ئەمەش بەپێی ئاستی قوتابی دەگۆرێت . بۆ نمونە قوتابی ئاست لاواز فێری خوێندنی زۆر نەبووە لە سەریەك بۆیە بۆ ئەم جۆرە سوودی زۆرە دەتوانێت لەو ماوەیە زۆر خۆی ڕابیهَنێت لەسەر خوێندن .ئەگەر رۆژانە توانای خوێندنی سێ بۆ چوار كاتژمێری هەبێت دەتوانێت سوود لەو كاتە زۆرە وەربگرێت بۆ ئەوەی كاتژمێرەكانی خوێندنی زیاد بكات، هەر لەمبارەیەوە مامۆستا كەمال فاروق بۆچوونی وایە كە هیچ توێژێك وەك توێژی قوتابیانی پۆلی ١٢نییە لە ڕوونی ئامانج و دیاریكردنی هیوا و ئاواتەكانیان ، بۆیە ئەو پەڕی گوڕوتین و پاڵنەرو ئیرادەیان هەیە بۆ خۆماندووكردن لە گەڵ پرۆگرام و ئەركەكانیان و خۆ ئامادەكردن بۆ تاقیكردنەوەی وزاری و بەدەستهێنانی نمرە هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر بێزاربوون هەبێت زیاتر لە ناو ئەو قوتابییانەیە كە دوو ساڵەن یان چاككردنی تێكڕا دەكەن ئەمانەش كەمن، ئەمانەش ئامانج و ئاواتی گەورەیان هەیە بۆیە خۆیان هێشتۆتەوە.
*مامۆستا كەمال ئاماژەی بەوەشدا كە بێزاربوون بەو ڕادەیە نابێ ، كە ببێتە ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان. قوتابی پۆلی ١٢ تایبەتمەندییەكی هەیە هەردەم گلەیی دەكات لە كەمی كات بۆ تەواوكردنی وانەكانی ، كەم قوتابیش هەیە ڕازی بێ بە كاتەكەی بۆیە دەتوانن بە ئاسودەیی خشتەیەكی جوان دابنێن بۆ دابەشكردنی كاتەكانیان و تەواوكردنی بابەتاكانیان بە تێرو تەسەلی بێ گلەییكردن. كاتێكیش دەوترێت سێ مانگ وەك ژمارە زۆرە ، بەڵام كاتێك ئەم سێ مانگە دابەش دەكرێ بەسەر وانەكاندا بۆ پێداچوونەوە هەر وانەیەك ١٠ رۆژی بەرناكەوێت.
*دەربارەی ئەوەی كە ئایا چ ڕێكارێك گرنگە قوتابییان بیگرنە بەر بۆ ئەوەی لایەنی نەرێنی كەمبكەنەوە و بەرچاو ڕوونبن چۆن دەست پێبكەن وبەردەوام بن مامۆستا زانا كانەبی لەمبارەیەوە گوتی:پێم باشە سەرەتا قوتابی بەباشی وەرزی دووەم بخوێنیت هەم خۆی ئامادە دەكات بۆ تاقیكردنەوەی شەست نمرەیی و هەم دەبێتە بەرچاو ڕوونی بۆی ئایا چەند ئامادەیە بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی.؟هاوكات یارمەتی دەرە بۆ ئەو قوتابیانەی كە ئاستییان مام ناوەندە یان خراپە بۆ چوونە ناو تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرز.
*مامۆستا كەمال فاروق مامۆستای دەرونزانی لەبارەی ڕێكاری درووست بۆ قوتابییان لەماوەی ئیزندانییان بۆ خەبات گوتی : دانانی خشتەیەكی دروست بە پێی وانەكانی بۆ دابەشكردنی كاتەكەی ،خۆتەرخانكردن بۆ ئەم ئەركەی ، كە چارەنووسی دیاری دەكات ، فڕێدانی مۆبایل ،وەلانانی سۆشیال میدیا بە یەكجاری تا تەوابوونی تاقیكردنەوەكان كە سەرچاوەی دڵەراوكێ و بێزاربوونی سەرەكی مرۆڤە لەم سەردەمەدا،خوێندن بە سۆشیال میدیاوە وەكو ئەوەیە بە تاریكی نان بخۆی و ئێسكێكیش لە ناو خواردنەكە بێ ، دانانی رۆژێك پشوو لە هەفتەیەكدا و بە جێ هیشتنی ژوورەكەی لەو رۆژەدا و ئەگەر بجێتە دەرەوە و گەشتێك بكات باشترە ، گوێ نەگرتن و دانەنیشتن لای مرۆڤە رووخاو و خاوەن بیركردنەوە سلبیەكان كە وزەی مرۆڤ رادەكێشن و دەیڕوخێنن، دووركەوتنەوە لە هەموو جۆرە هەواڵ و رووداوی ناخۆش و بێزاركەر بۆ ئەوەی دابڕان درروست نەبێت لە ئەركەكانی خوێندنی ، بێزاربوونەكەش دەورووبەر درووستی دەكات.
*هەرلەمبارەیەوە مامۆستا كاوە لە ئامادەیی ڕزگاری كوڕان بۆچوونی وایە قوتابیانی پۆلی ١٢ بۆ ئەوەی تووشی بێزاری و سارد بوونەوە لە خوێندن نەبن پێویستە خشتەی خوێندن و پێداچوونەوەی وانەكانیان هەبێت ،بەشێوەیەك لەناو خشتەكەدا كاتێكی گونجاو بۆ پشوو هەبێت و قوتابی هەموو كاتەكانی بۆ خوێندن تەرخان نەكات ،هەفتەی جارێك بۆ چەند كاتژمێرێك سەردانی باخچەیەك بكات و دڵ و دەروونی ئارام بكاتەوە ئەو پاڵەپەستۆ دەروونییەی كەم بكاتەوە ،هەروەها نابێت لە دانیشتن و خۆشیەكانی ناو خێزان داببڕێن و نابێت بەتەنها نان بخۆن و دووربكەونەوە لە خێزان .رۆژانە كەمێك وەرزش بكەن تا خوێنیان جووڵەی هەبێت و مێشكیان بەهێز بێت و دووركەونەوە لە یارییە ئەلیكترۆنیەكان و مۆبایل.
مامۆستا زانا كانەبی
مامۆستا كاوە مەعروف
مامۆستا كەمال مەعروف