سـەلام عەبدوڵڵا
دوێنێ 16/3/2024 یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە كرایهوه كە تێیدا زیاد لە 5000 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە منداڵ و ژن و پیر شههیدبوون و زیاتر لە 10000 برینداریشی لێكەوتەوە كه بە یەكێك لە تاوانە هەرە گەورەكانی دوای جەنگی دووهمی جیهانی لەسەر ئاستی دونیادا پێناسە دەكرێت كە بەم شێوەیە بە چەكی كیمیایی دژی دانیشتووانی مەدەنی كرابێت و ئەو هەموو شەهید و بریندارەی تێدا درابێت.
ئەگەرچی ئەمە یەكەمین جار نەبوو حكوومەتی بەغدا چەكی كیمیایی دژ بە هاووڵاتییانی كوردستان بهكار هێنابێت، بەڵام هێرشی ئاداری ساڵی 1988 دڕندەترینیان بوو تا ئەمڕۆش ئاسەواری لە هەڵەبجەی شەهید بە دانیشتووانییەوە دەردەكەوێت، هەموو چاوەڕوانمان دەكرد، پاش كۆتاییهاتنی ڕژێمی دیكتاتۆر و مرۆڤقڕكەری عێراق، ئەو كۆمەڵكوژییە، بە چەكی قەدەغەكراو قەرەبووی دانیشتووانی ئەو شارە بكاتەوە، بەڵام هەرزوو ئەو تۆمەتەی خستەپاڵ دیكتاتۆر و حزبەكەی وەك ئەوەی گەلی ئێمە دوژمنایەتی شەخسی لەگەڵ تەنیا سەددام و دارودەستەكەی بووبێت، بۆیە هەرزوو ئەو تاوانەیان خستە ئەستۆی ڕژێمی پێشوو، بۆیە تا ئەمڕۆش هیچ هەنگاوێكی پۆزەتیڤیان بەرانبەر خەڵكی هەڵەبجە نەناوە.
كاتێك نازییەكان كۆمەڵكوژیی جووەكانیان كرد، كەس نەهات ئەو تاوانە بهتهنیا بخاتە سەر هیتلەر، بەڵكوو حكوومەتی پاش هیتلەر، بە ئەركی خۆی زانی بەو هەنگاوە هەڵبستێت كە تا ئەمڕۆ حكوومەتی ئەڵمانیا بە چەندین شێوە قەرەبووی ئەو تاوانە دەكاتەوە، ئەوە دەوڵەتی عێراق بوو، وەك دەوڵەت، بەو تاوانە بێ وێنەیە هەڵستا، بۆیە دەبوو حكوومەتی عێراق، قەرەبووی قوربانییانی ئەو كۆمەڵكوژییە بكاتەوە.
فەرموون چۆن حكوومەتی عێراق، نەك ڕژێمی سەددام، تا دوا فلسی وەك قەرەبوو بە حكوومەتی كوەیت دایەوە، بۆیە دەبوو ئەو حكوومەتە وەك دەوڵەتی عێراق هەروەك چۆن قەرەبووی كوەیتییەكانی كردەوە، ئاواش قەرەبووی گەلی كورد بكاتەوە و ئەمەش داوایەكی بەردەوامە و تا زامی ئەو برینەش ساڕێژ نەكرێت، ئەو داوا ڕەوایەش هەر دەمێنێت و دەوڵەتی عێراقیش دەبێت لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناچار بكرێت و بەو ئەركەی هەڵبستێت.