سهرهتا وتار كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دیدگای نوێ بۆ سیستمی جیهانی
ئاشنا بابان*
یەكێكە لە گرنگترین كۆنفرانسەكان، كە باس لە سیاسەتی ئاسایش لەسەر ئاستی جیهان دەكات، لەو كۆنفرانسەدا سەدان بڕیاردەر، لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و لە بوارە جیاوازەكانی ئاسایش و سیاسی و سەربازی، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخی جیهان و ئەو ئاڵنگارییانەی كە ڕووبەڕوویان دەبنەوە كۆدەبنەوە.
60 ساڵ تەمەن
ئەمساڵ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە. كۆنفرانسەكە لە ڕۆژانی نێوان 16 بۆ 18ی شوبات 2024بەڕێوەچوو، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گەورەترین پرسەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتمەداران و سەركردە ئەمنی و سەربازییەكان و شارەزایانی ئاست بەرز، لە هەموو جیهانەوە بەشداری تێدا دەكەن.كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پلاتفۆرمێكی ناوازەیە، بەهۆی گرنگیی جۆری بابەتە جیهانییەكانییەوە و گفتوگۆكردن لەسەر سیاسەتە ئەمنییەكان پێكدەهێنێت. تاكە شوێنێكە كە ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەرانی حكوومەت، سەركردەكان و پسپۆڕانی ئەمنی تێیدا كۆببنەوە.
دوور لە چاوەكانی راگەیاندن
لە هەمووی گرنگتر لەو كۆنفراسەدا، ئەوەیە ئەكتەرە سیاسییەكان لە ژوورە داخراو و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن بیروڕا دەگۆڕنەوە، یەكتری لە نزیكەوە دەناسن و بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و دانانی سنوور بۆ بابەتە گرنگ و هەستیارەكان، بیرۆكە جیاوازەكان ئاڵوگۆڕ دەكەن.مێژووی سەرهەڵدانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 1963 دەستی پێكرد، ئەوكات ناوی كۆبوونەوەی زانستی سەربازی نێودەوڵەتی بوو، پاشان ناوی كۆنفرانسەكان بە چەندین وێستگە و قۆناغدا تێپەڕین و چەندین ناویان هەڵگرتبوو، لەوانە كۆبوونەوەی (زانستە بەرگرییە نێودەوڵەتییەكان)، پاشان كۆنفرانسی زانستە (بەرگرییە نێودەوڵەتییەكان)، پێش ئەوەی ناوی لێبنرێت كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
كارنامە
كۆنفرانسی ئەم جارەی میونشن زیاتر بەڕووی پرسە ئەمنییەكانی جیهانیدا كرایەوە و لە كەشێكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوەی لاوەكی، لە نێوان سەركردە و بەرپرسانی ئەمنی، لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دابین دەكات. هەندێك جاریش بە كۆبوونەوەی نافەرمی، كە كەشوهەوای زەوتكردن و وریایی لە نێو لایەنەكانی كۆبوونەوەكەدا دەڕەوێنێتەوە. بەمەش بەربەستە ئەگەرییەكان دەشكێنرێن و دۆخەكە سارد دەبێتەوە، كەش و هەوا و ڕەنگە زۆرجاریش، خستنەڕووی بیرۆكەكان بۆ گفتوگۆ و یەكلاكردنەوەی قەیران و ناكۆكییەكانی ئێستا دەبن. لە میانەی بەرنامەی كاری دانیشتنی كۆنفرانسی میونشن، شەڕەكانی ئۆكرانیا و غەززە و هەروەها پرسەكانی كۆچ و گۆڕانی كەشوهەوا و زیرەكی دەستكرد، لە پێشەنگی كارنامەی كۆنفرانسەكەدان. هەروەها جەخت لە بابەتگەلێكی گرنگ دەكاتەوە، وەك ڕۆڵی ئەوروپا لە بواری ئاسایش و بەرگری، دیدگای نوێ بۆ سیستمی جیهانی، شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، گرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی ئەوروپا لە جیهاندا.
هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، لەم كۆنفرانسەدا كۆمەڵیك چاوپێكەوتن و دیداری لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجام دا، كە هۆكارێكە بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كردنەوەی دەرگای پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و دبپلۆماتییەكان، لە پێناو بەدەستهینانی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان. هەروەها لە كۆبوونەوە و دیدارەكاندا، لەسەر بارودۆخی ئەمنی و تەحەددیاتەكانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە و جیهان، بیروبۆچوون و تێڕوانینیان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ دەكات. ئاشكرایە ئەم جۆرە كۆنفرانسانە بوار بۆ كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان و گەڕان و دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەركردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان دەرەخسێنێت.
*مامۆستای زانكۆ