

خەبات – ساسان دەروێش
لەنێو گەرمەی خۆپیشاندەرانی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری ئەمستردام و گۆڕەپانی دام لەپاڵ کۆشکی شاهانەی هۆڵەندا دژ بە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شار هەولێر، لەپاڵ بەشداربووی چەندین کەسایەتیی بیانی و هۆڵەندی، ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی بە خۆی و کامێراکەی ڕووماڵی هەواڵەکەی كرد بۆ ڕۆژنامەکەی ( Noord hollands Dagblad ڕاپۆرتەکەی تایبەتە بوو بە هەرێمی وڵاتی ئاو،( Dagblad Waterland REGO ) کاریگەری ڕاگەیاندن و میدیاکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەورووپای هێنایە سەرخەت و لە گشت ڕاگەیەندنە بیسترا و بینراو خوێندراوەکان، ئەم هەواڵە دەنگی دایەوە و ئیدانەکرا و تیایدا پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی، لە ڕاپۆرتەکەشدا ڕۆژنامەنووسەکە دیندار کۆچەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری شاری پۆرمێرێند و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چەند کەسایەتییەکی کوردی تری ناوخۆپیشاندەرانی دواندووە بۆ ڕۆژنامەکەیان، لەبەر گرنگی هەواڵی ڕۆژنامەکە و کەسایەتی دیندار کۆچەر وەک کوڕە پێشمەرگەیەک کە لەدوای ئەنفالی بادینان بەرەو تاراوگە هاتوون و ئەو منداڵ بووە لەنێو شاخ و پێشمەرگە هەشت ساڵی تەمەنی بەڕیکردووە، پووختهیهك ڕاپۆرتەکەم بۆ خەبات ئامادەکرد.
– کوردەکانی شاری پورمێرێند دوای هێرشی مووشەکی ئێران خۆپیشاندان دەکەن
لە 15ی کانوونی دووەمی 2024 ، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی کورد. چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵێکی ساوای یازدە مانگە و ڕەگەزنامەی هۆڵەندییە. بۆ ئامادەکردنی لێدوانێک لە دژی ئەو توندوتیژییە، پاشنیوەڕۆی (ئهمڕۆ شەممە) چەند کوردێکی هۆڵەندا لە گۆڕەپانی دام لە شاری ئەمستردام کۆبوونەوە. واتە: نابێت ئەمە لەبیر بکرێت.
ئەمستردام/ پورمێرێند: نزیکەی سەد خۆپیشاندەر لەبەردەم کۆشکی شاهانە لە گۆڕەپانی دام کۆدەبنەوە. لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا ئاڵایەکی گەورەی کوردستان لەلایەن دەیان کەسەوە بەدەستەوەیە. هەندێک لە گەنجان بەیاننامە دابەش دەکەن کە دۆخەکە ڕوون دەکەنەوە. هەندێکی تریش پۆستەرێک هەڵدەگرن کە کوژراوانی هێرشەکە پیشان دەدەن.
ئێوارەی دووشەممە 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024 ، ئێران موشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد دەیەوێت ناوەندێکی سیخوڕی موسادی دەزگای نهێنی ئیسرائیل لەناوببات. ئەمەش لەلایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ڕەتدەکرێتەوە. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و حەڤدە کەسیش برینداربوون. لە پۆستەرەکانی خۆپیشاندەراندا منداڵێکی ساوای هۆڵەندی بە ناوی ژینا دەردەکەون. کچە بچووکەکەی پێشەوا دزەیی بازرگان و فرە ملیۆنێری کورد بوو کە بە هەمان شێوە کۆچی دوایی کرد.
– دڕندەیی
ڕۆژنامەی باکووری هۆڵەندا نووسیویهتی: لەناو قەرەباڵغییەکەدا دیندار کۆچەر (43 ساڵ) سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی پورمێرێند وەستاوە. نزیکەی بیست خێزانی خەڵکی پورمێرێند و دەوروبەری ئەندامی کۆمەڵەکەن. کۆمەڵەکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و پتەوکردنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دروستکراوە. چەندان وەک کۆمەڵەی هاوشێوە هەن، کە لە سەرانسەری هۆڵەندا بڵاوبوونەتەوە.
کۆچەر کاتێک تەمەنی هەشت ساڵ بووه لەگەڵ دایک و باوکی بەرەو هۆڵەندا هەڵاتووه. شاری پێشووی دهۆک، لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستان، بووە ئامانجی چەندین هێرش و بۆردومانی چەکی کیمیایی. ئەمەش لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران (1980-1988) ڕوویدا، کە بە مەزەندەکردنی 182 هەزار کورد لەو شەڕەدا کوژراون. دوای ڕێکارێکی مافی پەنابەری، ڕێگەی پێدرا بێت و لە هۆڵەندا بژی، بەڵام ئێستا لە شاری پورمێرێند دەژی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە جینۆسایدێک بوو بەو هەموو دڕندەییانەی کە مرۆڤ دەتوانێت خەیاڵی بکات. چەند ئەندامێکی خێزانەکەم لەدەستداوە کە زۆر لە منەوە نزیک بوون، کۆچەر بە سۆزەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر بە ئازارە کە ئێستا هێرش دەکرێتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان. ڕابردوومان بیر دەخاتەوە، جارێکی تر زەبروزەنگەکانمان سەرهەڵدەداتەوە. ئەمە هێرشێکی ئامانجدار بوو بۆ سەر پێشڕەو دزەیی نەک بۆ سەر ناوەندێکی سیخوڕی. عێراق و وڵاتانی دیکەش کارێکی کەم لەو بارەیەوە دەکەن. بەڕاستی ترسناکە. هۆکاری ئەوەی کۆچەر لە گۆڕەپانی دام دایە، بۆ ئەوەیە دەنگی خۆی ببیستێت و هۆڵەندا ئاگادار بکاتەوە لە دۆخەکە. هیوادارین وڵاتان لەپێناوماندا بوەستن و دان بە ڕووداوەکەدا بنێن و سزای ئێران بدەن.
– چالاکوانی گەنج
مازن بەرهەم تەمەن (17 ساڵ) خەڵکی (ئای ماودن) یەکێکە لەو گەنجانەی کە بەیاننامە دابەش دەکات. ناوبراو لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی باکووری عێراق لەدایکبووە، بەڵام لە تەمەنی دوو ساڵیدا لەگەڵ باوکی بەرەو هۆڵەندا هەڵاتووە. بەرهەم گوتی: من لێرە وەستاوم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری.
کورد دەمێکە چەوساوەتەوە و هەرگیز بەتەواوی سەلامەت نییە
– نەزانی
بەرهەم هەڵسوڕاوە و دەیەوێت زۆرترین کەس لە دۆخی کورد ئاگادار بکاتەوە. واڵایەکی ئینستاگرامی (@kurdischactivism_) بەڕێوە دەبات کە بەردەوام نامەکانی تێدا بڵاو دەکاتەوە. هەروەها تێبینی ئەوە دەکات کە لە قۆناغی ڕابردووی واڵاکەیدا کەسانی نەزانی زۆر هەیە. کاتێک پێیان دەڵێم من کوردم، ئەوان نایزانن یان دەترسن لەگەڵ دۆستە تورکەکانیان ڕێک نەکەوێت. من پێم خۆشە کە هەموومان پێکەوە لێرە بین. لەناو واڵاکەمدا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن، بۆیە ئەستەمە کەسێک بدۆزمەوە کە بتوانم لەگەڵیدا باسی هەموو ئەو شتانە بکەم کە دەگوزەرێت.
– کەسایەتییەکی هۆڵەندای
پێری تەمەن 23 ساڵ پۆستەرێکی بەدەستەوەیە کە وێنەی کوژراوانی تێدایە. لە خێڵدەرلاندەوە بۆ ئەمستردام بە ئۆتۆمبێلەکەی هاتووە بۆ ئەوەی پشتگیری لە هەموو کورد نیشان بدات. ئەو پێی باشە بە هۆکاری ئەمنی ناوی بنەماڵەکەی لە ڕۆژنامەکەدا نەبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت ئەمە لەبیر بکرێت. هیوادارم ئێران لە بەرامبەر کردەوەکانیدا بخرێتە ئەستۆی خۆی، ڕێژیم بوەستێنرێت. هەموو کورد دەزانن کە ئەمە کارێکی بە ئەنقەست بووە.
– بانگهێشتکردن
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بروینز سلۆت پشتگیری خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان دەربڕی. لە بەرنامەی ئێکس (پێشتر تویتەر) ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆڵەندا بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی ئێران دەکات لە هەولێر. هەروەها باڵیۆزی ئێرانی لە لاهای بانگهێشت کردووە