
خەبات- عەلی بانیشاری
سەرۆكی ئینیستیوتی توێژینەوەی (ئەمهریكی-كوردی) لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەبەر چەند هۆكارێك كە بەشێكیان پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەكانی ئەمهریكا و بەشێكی دیكەیان پەیوەندییان بە گرنگی پێگەی جوگرافی و هەروەها سەرچاوەی وزەوە هەیە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتانی ناوەڕاست، ((بەهیچ شێوەیەك ئەمهریكا كارنامەی كشانەوەی لە ناوچەكە نییە و دەرفەت بە نەیارەكانی نادات باڵا دەست بن و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بخەنە مەترسییەوە)). كارۆخ خۆشناو پێیوایە، دەنگۆی دەركردنی هێزەكانی ئەمهریكا لە عێراق، بۆ دامركانەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەیە كە لە نێو ماڵی شیعە هەیە.
– عێراق خاوەنی ژێرخانێكی پتەویی ئابووری، سیاسی، ئەمنی نییە
كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی ئینیستیوتی توێژینەوەی ئەمهریكی-كوردی و شارەزای كاروباری ئەمهریكا بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمهریكا پەیوەندییەكی یاساییە و لە چوارچێوەی رێكەوتننامەی ستراتیژییە. گوتیشی: ئەو حسابەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان بۆ عێراق دەكرێت، لەبەرئەوەیە كە ئەمهریكا حسابی بۆ ئەو وڵاتە دەكات، ئەگینا عێراق خۆی خاوەن ژێرخانێكی پتەویی ئابووری، سیاسی، تەنانەت ئەمنیش نییە. ئەمە جگلە لە بابەتی دۆلار و ئەو مامەڵانەی وڵاتەكە دەیكات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ڕووی فرۆشتنی نەوت و چەند بابەتێكی دیكە.
ئاماژەی بەوەشدا، عەقڵامەندانی سیاسی نێو حكوومەتی عێراق باش لەو تێدەگەن دوای كشانەوەی ئەمهریكا لە ولاتەكە ئەوەی كە (ماڵی شیعە) داوا دەكات، عێراق وێران دەبێت و ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، چونكە لە هیچ بوارێكدا خاوەن ژێرخان نییە. كارۆخ خۆشناو دەڵێت: كشانەوەی ئەمهریكا لە عێراق، واتە كشانەوەی هەموو ئەو وڵاتانەی باڵوێزخانەیان لە بەغدا هەیە یان بەشێوەیەك لە شێوەكان مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكەن، ((وەكو ئەوەی كە لە ئەفغانستان ڕوویدا))، كاتێك لە 2020 ئەمهریكا لە ئەفغانستان كشایەوە، هەموو ئەوانەی لەسەر ئاستی دونیا باڵوێزخانە و كونسوڵخانەیان هەبوو لە كابوڵ كشانەوە، بۆیە عەقڵامەندانی عێراق باش لەو ڕاستییە گەیشتوون داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمهریكا (بەدەركردن)، وڵاتەكە دەگات بە كوێ. پێموانییە سیناریۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمهریكا وەكو ئەوەی لە فغانستان ڕوویدا، لە عێراق ڕووبدات.
– ئەمهریكا لەسەر داوای عێراق لێرەیە
سەرۆكی ئینیستیوتی توێژینەوەی ئەمهریكی-كوردی پێیوایە، دەركردنی ئەمهریكا لە عێراق ئەستەمە هیچ شێوەیەك ڕووبدات، ئەوەی كە باس دەكرێت بۆ دامركانەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەیە لە نێو ماڵی شیعە یان شەقامی شیعە هەیە، لە ڕاستیدا ئەوەی كە هەیە زیاتر داوایەكی سۆزدارییە نەك عەقڵانی، چونكە ئەو لایەنانە باش دەزانن ئەو داواكارییە ناچێتە عەقڵەوە، ((بەو پێیەی عێراق وڵاتێكی پەرت و بڵاووە و چۆن دەتوانێت خۆی بگرێت لە كاتێكدا ئەمهریكا دەستی لێبەر بدات)).
كارۆخ خۆشناو ڕاشیگەیاند: لە ڕووی یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەمهریكا كە ئێستا لە عێراقە لەسەر داوای ئەو وڵاتە هاتووە، نەك بۆ خۆی هاتێبێت، چونكە ئەمهریكا بە فەرمی لە ساڵی 2011 كشایەوە و كۆتا سەربازی لە 31/12/2011 و سەردەمی ئۆباما عێراقی بەجێهێشت، لەو كاتەدا ئەمهریكا تەنیا باڵوێزخانە و لە ڕووی دیبلۆماسییەوە لە عێراق مابوو، بەڵام كاتێك لە ساڵی 2014 داعش دەستی بەسەر بەشێك لە خاكی عێراقدا گرت، لەسەر داوای حكوومەتی عێراق، جارێكیتر گەڕایەوە ناوچەكە. ناوبراو باسیلەوەشكرد، لە ساڵی 2020 جارێكیتر ماڵی شیعە بەبێ بەشداریكردنی كورد و سوننە داوایان لە حكوومەتی عێراق كرد كە ئەمهریكا ناچار بەكشانەوە بكات، بەڵام نەك ئەو داواكارییە نەچووە واری جێبەجێكردنەوە، بەڵكوو لە سەردەمی مستەفا كازمی رێكەوتننانەی ستراتیژی نوێ كرایەوە، هەروەها لە سەردەمی سودانیش بە هەمان شێوە داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمهریكا كرا، بەڵام سودانی دەیەوێت هاوسەنگی رابگرێت، بەو پێیەی كەوتووەتە نێوان بەرداشی ئێران و ئەو لایەنانەی لە ژێر كاریگەری و ئەجێندای ئێراندان، لەگەڵ ئەو واقیعەی كە وڵاتەكە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمهریكا.
– ئەمهریكا (بەدەركردن) ناوچەكە جێناهێڵێت
كارۆخ خۆشناو هاوكات كە ماستەری لە كارگێڕی گشتیی لە ئەمهریكا هەیە دەڵێت: ئەمهریكا بە دەركردن عێراق جێناهێڵت، چونكە ((دەبێتە شەرمەزاری بۆی))، لە حاڵەتێكدا نەبێت كە دانوستان و رێكەوتنێكی نوێ بكرێت بۆ ئەو مەبەستە، بێگومان ئەوەش لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە، بەڵام لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە هەندێكجار سوودانی ناچار دەكرێت لێدوانێكی لەو شێوەیە بدات، لە ڕاستیدا سوودانی خۆی پیاوێكی ژیر و نەرمونیان و دامەزراوە و ئەو قسانەی كە دەیكات بە دڵی خۆی نییە و بەڕاستیشی نییە، چونكە باش دەزانێت عێراق دوای كشانەوەی ئەمهریكا چی بەسەر دێت و بارودۆخی لە ئەفغانستان باشتر نابێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تا چەند هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمهریكا وا لە وڵاتەكە دەكات پەلە بكات لە كشانەوەی سوپاكەی لە عێراق، سەرۆكی ئینیستیوتی توێژینەوەی ئەمهریكی-كوردی گوتی: هێرشە موشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمهریكا وا لە وڵاتەكە دەكات زیاتر ئەحتیاتی خۆی وەربگرێت، نەك لە ژێر كاریگەری هێرشەكان شكستێكی تری وەكو ئەوەی لە 1973 لە ڤێتنام و 2020 لە ئەفغانستان ڕوویدا دووبارە بێتەوە. زیاتر گوتی: بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی ئیدارەی دیموكراتەكان و بایدن نییە، ئەمهریكا بە شكست لە عێراق بكشێتەوە، چونكە وڵاتەكە لە بەردەم هەڵبژاردنێكی گەورەدایە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ، بۆیە كشانەوەی هێزەكانی ئەمهریكا زۆر بە خراپ بەسەر پارتی دیموكراتەكان و بایدن دەشكێتەوە. ئەوەشی گوت: هێرشەكان وا لە ئەمهریكا دەكەن زیاتر لە ناوچەكە بمێنێتەوە و خۆی بپارێزێت نەك ئەوەی عێراق چۆڵ بكات و هەڵبێت.
– لەبەر دوو هۆكار ئەمهریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە
سەرۆكی ئینیستیوتی توێژینەوەی ئەمهریكی-كوردی جەختیلەوەشكردوە، ئەمهریكا دەستبەرداری عێراق نابێت لە پێناو ئەو كەسانەی ئایندەی وڵاتەكە بەرەو داهاتوویەكی نادیار یان تونێلێكی تاریك دەبن و بە قسەیان ناكات. كارۆخ خۆشناو هەروەها دەشڵێت: ئەگەر ئەمهریكا لە عێراق بڕوات لە خەلیجیش ڕووبەڕووی هەمان شت دەبێتەوە، چونكە مەبەستەكە ئەوەیە نەك سەرباز، بەڵكوو كۆتا دیبلۆماتكاری ئەمهریكیش لە ناوچەكە نەمێنێت، پێم وانییە ئەمهریكا بچێتە ژێرباری دۆڕانێكی وا سەخت، چونكە كەشتی فڕۆكەهەڵگر و بنكەی سەربازی گەورە و بەسەدان هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
ئەو باسیلە گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمهریكا كرد و گوتی: لەبەر دوو هۆكار ئەمهریكا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێناهێڵێت، یەكەم: سەرچاوەیەكی گرنگی وزەیە. دووەم: بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوانە نەدات كە نەیاری ئەمهریكان زیاتر باڵا دەست بن و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمهریكا بخەنە مەترسییەوە، ((بە دڵنیاییەوە ئەمهریكا نە لە عێراق، نە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەجێندای كشانەوەی نییە))، ئەم هەڕەشە و هێرشانە لێرە و لەوێ شتێكی ئەوەندە گەورە نییە یان دارێكی بەرز نییە كە ئەمهریكا دەستی پێی نەگات، ئەگەر مەبەستی بێت لە ماوەیەكی كورتدا دەتوانێت سنورێك بۆ هەڕەشانە دابنێت.