خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- هەروەكو ئاشكرایە، لە هزرو هونەری ئەندێشە و خەیاڵ و ئیلهام و بەهرەی شیعریی شاعیرانی كوردەوە ،شیعری جوان خۆی بە خوێنەران و هەوادارانی خۆی دەناسێنێ و لە رووپەڕی هزرەوە ، رووماڵی جوانییەكانی ژیان و بژاری گورگەو گیاكەڵەی نێو زمانی مێژووی ئەدەبی كوردی بكەن و (مەحوی) یانە بچنە ناواخنی رێگاكانی تەسەوف و موناجاتی شیعری جوانەوە.
شاعیر هەمیشە و بەردەوام جودا لە خەڵكی ئاسایی ، زۆر جیاوازتر بیر دەكاتەوە و لە خەیاڵدا خۆی نقومدەكات و و دەچێتە ناو جیهانی ئەفسانەو ئەندێشەو خەون و خەیاڵی شیعری جوانەوە، زۆر لۆژیكیانە قەڵەمەكەی دەكاتە شەنی رەوسەو خەرمانی روماڵكردنی ئیستاتیكاو جوانییەكانی شیعرو پەند و هایكۆ جوانەكانی ژانری ئەدەبیاتی كوردی ، ئەو ژانرەی دەبێتە باكگراوند و پاشكۆیەك بۆ زمان و ئەدەبیاتی بیانی.
مامۆستا (محەمەد جەزای گوڵچن) لە بەیارو پەرێزی خەلەو خەرمانی (رەوسە) ی ژیان و (نەوای ساز) ی ئەویندا لە پێدەشتی (یادەوەری و هەڵوێست) ی مقاوەمەتی ژیان و كێڵگەی گوڵەگەنمدا گوڵ دەچنێت و بە ئارامی لە ژێر دەواری سپی نێرگزەجاڕی شیعرەوە دێت و بە هێوریی دەدوێت و خۆی لە تریفە هەڵدەسوێت و وشە گوڵئەرخەوانییەكانی شیعر لە درەختی رەگداكوتراوی ئەدەب متوربە دەكات و ژیان لە یەقین و دنیای ئەفیوندا تەوزیف دەكا و جوانترین هایكۆی شیعر دەكاتە دیاری ئەدەبخوازان و هەوادارانی شیعر.
شاعیر لە ناو بۆن و بەرامەی هەڵاڵەی وشەو نێرگزی شیعروخەیاڵدا كەرنەڤاڵێك لەناو ( نەوای ساز) ی ژیان و (رووماڵێك لە جوانی) ملوانكەی شیعر دەكاتە گەردنی زەردی كچی پاییزو بەدەم چریكەی پەندو وتەكانی ژیانەوە (گۆرانی و شیعر ) بۆ ژیان دەڵێت، لێرەوە دەڵێین: مامۆستا (حەمە جەزا) لە پێدەشتی نێرگزجاڕو بەرپەرێزی ژیان و ژانرە ئەدەبییەكاندا گوڵەشیعر دەچنێت و (گوڵچن) دەكاتە نازناوی نووسین و خسوسەن شیعرەكانی ، ئەو گوڵچنەی لەگەڵ سەمای وشەو زەماوەندو گۆڤەندی شیعردا دەكەوێتە گڕوگاڵ و شالوریی شیعریی ژان دەیگرێ و لە نێو كەرنەڤاڵی گوڵدا ، شیعری جوان چاوهەڵدێنێ ولە دایكدەبێت.
شیعریش عەجولانە ئیلهام و ئەڵهای شاعیر وەئاگادێنێ و وشەكان لە جەستەی هزرو هونەرێكی ڕەسەندا دەوروژێنێت و وشەو دێڕی جوانی هایكۆیی دەكاتە هەوێن و سەرمەشقی دەركەوتنی ژانری شیعرو و خڕكردنەوەی رەوسەی خەرمانی ئەدەبی . مامۆستا حەمە جەزا لە بەهارو نێرگزە شیعرەوە دێت و شوێن هەنگاوی دەستەواژەی وشەكان دەكەوێت و (خود ) ئاوێتەی جوانی بەهارو خەزانی پاییزو سروشت دەكات و بە (نان و خۆشەویستی) عیشقێكی رۆمانسیانەوە دەچێتەنێو دڵی سپی نیشتیمانی شیعرو هەناسەی ئۆخەی هەڵدەمژێ ، وەك لە و هایكۆشیعرەیدا پێماندەڵێت:
نان و خۆشەویستی
بوونەتە هۆ
بۆپەیوەندی توند
لە بەینی من و تۆ
***
یان دەڵێت:
بای خەزان
هەڵناكا لە ناكاوا دێ ..
جوانێك ئەبا
كەلە گوڵ بچێ ..گوڵچن !؟
مامۆستا ی نووسەرو ئەدەبدۆست و خزمەتگوزار لە بواری كاری وەزیفی ناوی تەواوی ( محەمەد جەزا عەبدوڵڵا) یە و لە ساڵی (1952) لە شاری سلێمانی لە دایكبووە ولەساڵی ( 1975) ـەوە دەستی بە نووسین و شیعركردووە و نازناوی ئەدەبی ( گوڵچن) ـە ، تائێستاش (4) چوار بەرهەمی بەچاپگەیاندووە كەبریتین لە:
ـ نەوای ساز / شیعر
ـ ڕووماڵێك لە جوانی / شیعر
ـ دووبەرگی ڕەوسە / پەندو ئامۆژگاری و وتەی بەنرخ ( بەشێوازی هایكۆ)
ـ یادەوەری و هەڵوێست .
مامۆستا لە خانەوادەو بنەماڵەیەكی هونەرپەروەرو ئەدەبدۆست گەورەبووە ، وەك خۆی گوتەنی : زێوەر ی شاعیر خاڵی باوكمەو شاعیری نوێخواز ( جەلالی میرزا كەریم ) ئامۆزامە و شاعیری میللی (مەلا تۆفیق بێچاو)یش خاڵمە.
هەروەها گوتی: (عەبدوڵلا ئاغا) ی باپیرم لە میرنشینی بابان لە قەڵاچوالان (قایمقام) بووە ، كە پایتەختیش لە قەڵاچوالانەوە گوازرایەوە سلێمانی عەبدولڵا ئاغای باپیرم دوومزگەوتی بەناوەكانی ( بن تەبەق ) و ( حاجی مەلا عەلی ) درووستكرد ، كەلە جێی قوتابخانەی ئێستا بوون ، كەتێیاندا خەڵكیان فێری خوێندەواری دەكرد و (مامۆستا زێوەر) ی شاعیر یەكێك لەو ماۆستایانەی دەرسی تێدا دەگووتەوە.
مامۆستا حەمە جەزای گوڵچن بۆماوە ی (32) ساڵ لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق كاری وەزیفی كردووە لەوانە : بۆماوەی (10 ) ساڵ بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێرو سەرپەرشتیاری بنكەی جەوازاتی فڕۆكەخانەی هەولێر بووە ، بە پلەی ( عەمید) لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خانەنشینكراوە.
مامۆستا حەمەجەزا بابەتێكی خۆشی لەسەر (بەڕێز دكتۆرە شوكریە رەسوڵ) گێڕایەوە و گوتی: كەبەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێربووم ، رۆژێكیان بەڕێزدكتۆرە شوكریە رەسوڵ ، هاتە لام و منیش لە پێش ئەوەی كەدانیشَێت، هۆنراوەیەكم بۆ خوێندەوە: بەڕێزیان كەگوێی لە هۆنراوەكە بوو ، دەسخۆشی لێكردم و زۆریش هانیدام كە بەردەوام بم لە نووسین ، بۆیە بۆ مێژوو دەڵێم: دكتۆرە شوكریە بووبە هاندەر بۆ لە دایكبوونی دووبەرهەمی شیعریم كەتایبەت بوون (بە توندو تیژی ئافرەتان) یەكەمیان بەناوی (نەوای ساز) كە بەڕٍێزیان پێشەكی بۆ نووسی و دووەمیان بەناوی (رووماڵێك لە جوانی ) كە (پ.د. یوسف حەمە ساڵح) پێشەكی بۆ نووسیوە.