سەدیق سەعید ڕواندزی
بە درێژایی مێژوو، كورد وەك نەتەوەیەك هەمیشە لە پاڵ داگیركاری سیاسی وجینۆسایدی نەتەوەیی، ڕووبەڕووی داگیركاری فەرهەنگی و كولتووریش بۆتەوە. لەوسۆنگەیەشەوە هەمیشە دوژمنانی ئێمە هەوڵی لە نێوبردن، یاخود بێ بەهاكردن، یانیش توانەوەی فەرهەنگی كوردییان داوە لە بۆتەی فەرهەنگی ناسیۆنالیزمییانەی خۆیان. ناونانی كورد بە توركە كێوییەكان، بە ئاگرپەرست، ناساندن ونیشاندانی زمانی كوردی بە زمانی فارسی وعەرەبی، وێناكردنی شیعری كلاسیكی كوردی بەلاساییكردنەوە و پاشماوەی شیعری فارسی و عەرەبی، تەماشاكردنی نوێخواز و داهێنەرێكی وەك (گۆران) ی شاعیر بە لاساییكەرەوەی شاعیرانی وەكو شیلی وجۆن كیتس و سەدان نموونەی تر، ئاستی شۆفێنیزمی ئەو نەتەوانە بەرامبەر بە فەرهەنگ و ئەدەبی نەتەوەی كورد دەردەخات. چونكە بێگومان كاتێ نەتەوە دەكەوێتە بەرشاڵاوی داگیركاری، ئەوا پرۆسەی لە نێوبردنی كەسیەتی كورد و تێكشكاندنیشی پیادە دەكرێت.
ئەگەردوژمنانی كورد نەیانتوانیبێت كۆی نەتەوەی كورد لە نێوبەرن، ئەوا بەشێوەیەكی دیكە هەوڵی ڕووخاندنی مرۆڤی كورد و بە نامۆكردنیان داوە لە ئاست سیما و فەرهەنگی نەتەوەییانەی خۆی.بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە ڕەگی خۆ بەكەمزانین لە ئاست ئەوانی تردا لە ناخ و هزری مرۆڤی كورد بڕوێنن. بە داخەوە دوژمنان لەوەدا تا ئەندازەیەكی زۆر سەركەوتووبوونە. هەمیشە سیما نەتەوەییەكان بەشێكی جیاكەرەوەی گەلانن لە یەكتری. ئەو سیمایانە كە فەرهەنگ و زمان، كولتوور و داب ونەریت، ئەدەبی سەرزارەكی و نووسراو پێكدێنن، بە خاڵی جیاكەرەوەی نەتەوەكان لە یەكتری دائەنرێن. سنووری نێوان نەتەوەكانی دنیا چەند كاڵبێتەوە، گلۆبالیزم چەند بە هەژموونەوە گەلان بتەنێتەوە، هێشتا ناسنامەی نەتەوەیی و خۆ جیاكردنەوە لە ئەوانی تر، جێی شانازی نەتەوەیی مرۆڤەكانە. سنووری نێوان نەتەوەكانی ئەوروپا چەندین ساڵە نەماوە و مرۆڤ دەتوانێت چەندین وڵات ببڕێت بەوپەڕی ئازادییەوە. بەڵام كە پرسەكە دێتە سەرنەتەوە و نیشتمان، ماكەكانی نەتەوە، ئیدی ئەوان لە بنەڕەتدا هەڵگری ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتەكانی خۆیانن. پرسیار ئەوەیە ئەگەر نەتەوەیەك كە سەدان ساڵە قەوارەی سەربەخۆی خۆی هەیە، ئاڵاو خاك و زمان و فەرهەنگی خۆی هەیە، بەو شێوەیە بڕوانێتە ناسنامە، دەبێ بۆ ئێمەی بێ گەل و خاك چۆن بێت؟ دەبێ چەند پەیوەست بین بە زمانی كوردی، كە بەدرێژایی مێژوو، كوردی لە سڕینەوە و نەمان پاراستووە. لە ڕاستیدا كورد وەك نەتەوەیەك خاوەنی فەرهەنگ و ئەدەب و كولتووری نەتەوەییانەی خۆیەتی. ئەدەبی كوردی و فەرهەنگی كوردی، هیچی لە نەتەوەكانی دنیا كەمتر نییە. جیاوازییەكە لەوەدایە ئەوان دەوڵەتییان هەیە و ئێمە نا. شیعرو ژانڕەكانی دیكەی كوردی لە ڕووی مانا،چێژ، ناوەڕۆك و پەیام، هیچی لە نووسەرانی دیكەی دنیا كەمتر نییە. بەڵام كە نەتوانراوە ئەوسەرمایە فەرهەنگییە ببینرێت وبە دنیا بناسرێت، لەبەر ئەوەیە هەمیشە ژێردەستەی داگیركەرەكان بووینە. ئەوانیش وێرای هەوڵدان بۆ بەكەم ناساندنی ئەوفەرهەنگە، هاوكات هەوڵی لە نێوبردنیشیان داوە.كە ئەدەبی كوردی یاخود شیعری كوردی بەجیهانی نەبووە، لە بەرئەوە نییە كورد داهێنەری نییە، شاعیری بەتوانای نییە، عەرەبەكان یاخود توركەكان هەیانە، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەو شاعیرە بەناسنامە كوردە. كوردیش دەوڵەتی نییە، كەواتە خاوەنی هیچ شتێك نییە. كە مهحمود دەروێش لە سەرئاستی جیهان دەبێتە ناو، بە بڕوای من وەك خوێنەرێك لە بەرئەوە نییە كە لە شێركۆ بێكەس جواننووستر و بەتواناترە، بە پێچەوانەوە چونكە ئەمیان فەلەستینییە ئەمیشییان كورد. جیهان هاوسۆزە لەگەڵ فەلەستین، بەڵام لە ئاست توانەوەی نەتەوەی كورد ویژدانی مردووە. ئەگەر نا خوێنەر دەتوانێ بۆ ڕاستی قسەكانی من، شیعری هەردوو شاعیرلە ئاستی بونیادی دەقی شیعری بەراورد بكات. بە جیهانیبوون بە خەڵاتی گەورە و بەهادارنییە، بەڵكو پەیوەندی بە مێژوو، بە ڕابردوو هەیە. تا ئێستا فارسەكان خەڵاتی نۆبلیان نەبردۆتەوە. تۆ بڵێی فارسەكان كە پێنچ هەزار ساڵە خاوەنی فەرهەنگن، نووسەرێكی شایستە بەو خەڵاتەیان نەبێت؟ بەڵام گیتارژەنێك ئەو خەڵاتە وەربگرێت. یاخود نووسەرێكی نەناسراوو پەراوێزكراوی چینی ئەو خەڵاتە وەرگرێت. مەرج نییە ئەوەی بەجیهانی بوو، ئیدی داهێنەرە. ئەمە زۆرجار پەیوەستە بە پرسی سیاسی و ململانێی سیاسییەوە. كە شاعیرانی كورد لە سەرئاستی دنیادا بە جیهانی نەبوونە، لە سۆنگەی ئەوە نییە تێكستی جوان، داهێنەرانە و جیهانییانەیان نەبێت. بە پێچەوانەوە ئەمە پەیوەندی بەوستەمە سیاسی ومێژووییەوە هەیە كە لەكورد كراوە. كورد ئەگەر ژێردەستەی دوژمنان نەبووایە، خاوەنی دەوڵەت،ئاڵا و نیشتمانی خۆی بووایە،دڵنیام ئێستا نووسەرانی لە ئاست نووسەرانی دنیادەبوون. ئەدەبی كوردی كە زەمینەی ئەوەی لە بەردەمدا نەبووە ببێتە ئەدەبێكی جیهانی، لەلایەكەوە بە هۆكاری سیاسی و داگیركاری بووە، لەلایەكی دیكەشەوە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەبووە كە هەوڵمانەداوە تێكستی نووسەرانی كورد لە ڕێی وەرگێڕانەوە بە دنیا بناسێنین. بە تایبەتیش لە قۆناغی دوای ڕاپەڕیندا. لەلایەكی دیكەوە خوێنەری كورد چونكە نەیتوانیوە بە زمانی دایك بەرهەمی نووسەرانی دنیا بخوێنێتەوە بەو پێیەی زۆربەی هەرە زۆری خوێنەری كورد، تەنها زمانی كوردی دەزانن، ئیدی لە ڕووبەرێكی كەمدا ئاشنای ئەدەبی جیهانی بووە. یاخود وا هەست دەكات كە شاعیرانی دنیا داهێنەرتربوونە لە شاعیرانی كورد، بۆیە ئەوانە شوناسی جیهانیبوونیان وەرگرتووە، بەڵام شاعیرێكی كورد تەنها لە ئاست جوگرافیاكەی خۆی ناسراوە. ئەوەشی كە وەرگێڕدراوە، ڕەنگە بەرهەمی نووسەرانێكی دیاریكراوبێت بۆ نموونە وەك:_( سوهراپ و فروخ) لە ئەدەبی فارسی. ئیدی ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی كە خوێنەری كورد، لە ڕووبەرێكی بچووكدا ئاشنای شیعری جیهانی ببێت. لەوماوانەی ڕابردوودا، چەندان كۆمەڵە شیعری بیانیم بە زمانی كوردی خوێندنەوە، كە لە لایەن وەرگێڕەكانی ئێمەوە وەرگێڕدرابوون. ئەو كۆمەڵە شیعرانە، بژاردەی شیعری جیهانی بوون لە ئەدەبی فەڕەنسی و ئیسپانی وعەرەبی و ڕوسی و فارسی و زۆر نەتەوەی دیكەش. كاتێك ئەو شیعرانەم بە زمانی كوردی خوێندنەوە، لە بەشێكی هەرە زۆریان گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە شیعری نەتەوەكانی دیكەی دنیا، لە ڕووی فۆڕم، گوتاری شیعری و پەیامی شیعرییانەوە، لە شیعری كوردی جوانتر و بەچێژتر نین. بە گشتی شیعرەكان سادەن، لە ڕووی ناوەرۆك و وێنەی هونەرییەوە داهێنانێكی ئەوتۆیان تێدا نییە هونەریتر بێت لە شیعری كوردی. بەڵام كە شیعری ئەوان بە جیهانی بوونە و شیعری كوردیش تەنها لە چوارچێوەی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت ماوەتەوە، هۆكارەكەی ئەوە بووە كە كورد دەوڵەتی نەبووە. ستەمی سیاسی لێكراوە. ستەمێك هەرتەنها خاك و نیشتمانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو ئەدەب و فەرهەنگیشی گرتۆتەوە. كاتێك ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرانە بەراورد دەكەین لە گەڵ شیعری كوردی، ڕەنگە جیاكارییەكی ئەو تۆ نەبینین. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەزموونی شاعیرانی كوردیش وەربگێڕدرێتە سەر زمانە ناسراوەكانی دنیا، ئیدی خوێنەرانیش درك بەوە دەكەن كە كوردیش شیعری جوان و شاعیری بە توانای هەیە. بۆ نموونە:_(ژاك برێڤەر) كە یەكێكە لە ناسراوترین شاعیرانی دنیا لە كۆپڵە شیعرێكدا دەڵێت:_
قاوەكەی كردە ناو فنجانەكەوە
شیرەكەی كردە ناو قاوەكەوە
شەكری كردە شیرو قاوەكەوە
بە كەوچكێك تێكیدا *
ئەگەرخوێنەر بەوردی ئەوكۆپڵە شیعرییە بخوێنێتەوە، بەرهیچ ئستاتیكا و ناوەڕۆكێكی جوان دەكەوێت؟ بونیادی زمان لەو دەقەدا هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ بونیادی زمانی ئاسایی هەیە؟ كام وێنەی شیعرییانەی جوان لەو كۆپڵەیەدا هەیە چێژ شیعری بە خوێنەربدات؟. لە بەرامبەر ئەمەدا نموونەیەكی كورت لە شیعری (شێركۆ بێكەس) دێنینەوە، كاتێ لە شیعرێكیدا دەڵێت:_
ئەگەر لە ناو شیعرەكانما گوڵ دەراوێژنە دەرەوە
لە چوار وەرز وەرزێكم ئەمرێ
گەر یار بێننە دەرەوە دووانم ئەمرن
گەر نان بێننە دەرەوە سێیانم ئەمرن
گەر ئازادی بێننەدەرەوە ساڵم ئەمرێ و خۆشم دەمرم
هەردوو دەقەكە لە ئاستی زمان و فۆڕمدا سادەن. وشەكان ئاسان و ناسراون. بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆكەوە خوێنەردەتوانێ سەرنج بدات كە شێركۆ چ وێنەیەكی شیعرییانەی پڕ مانای لە ڕێگەی ئەو زمانە سادەییەوە بەرجەستە كردووە. شاعیر چ بەهایەكی بە چەمكی ئازادی داوە. تەنانەت كاتێ شیعری ئەو شاعیرانەی براوەی خەڵاتی نۆبلیشن دەخوێنینەوە، ڕەنگە داهێنانێكی ئەوتۆیان تێدا نەبێت، كە هونەریتر و داهێنەرانەتر بێت لە شیعری كوردی. بۆ نموونە:_(تۆماس ترانسترۆمەر) كە شاعیرێكی سوێدییە و براوەی خەڵاتی نۆبلی 2011 لە شیعرێكدا دەڵێت:_
گەشتیارەكان
خرابوونە كڵێسە ڕۆمانییە مەزن و نیمچە تاریكەكەوە
هەر كەوانەی ناوتاق بوو
بە دوای كەوانەی تاقدا گەرووی كردبوەوە
لە مەودای هیچ نیگایەكدا جێیان نەدەبووەوە
گڕی چەند مۆمێك هاتنە لەرزە
ئایا وێنە و زمانی شیعریی، لەم چەند دێرە شیعرەدا، هیچ جوانییەكی تێدایە؟ ئەگەر ئەم دێڕانە، شاعیرێكی كورد نووسیبای، خەڵاتی نۆبلیان پێ دەدا؟ مەگەر شیعرەكانی شاعیرێكی كورد، لە ڕووی زمان و وێنەی شیعرییەوە، لەو شیعرە جوانتر نین؟ بێگومان ئێمە دەزانین دەقێك بە تەنها نابێتە پێوەر بۆ بەراورد كردنی ئەزموونی شیعری شاعیرێكی جیهانی بە شاعیرێكی كورد، بەڵام ئەگەر بەراوردێكی شیعرییانەی ورد بكرێت، ئەوكات ڕەنگە لە ڕووی بونیادی شیعرییەوە خوێنەر درك بە جیاوازی زۆرتر بكات. كە دەرفەتی ئەو بەراوردكارییە لە نێوان ئەزموونی شیعری كوردی و شیعری جیهانی نەڕەخساوە، وەك سەرەتا ئاماژەمان پێكرد لەبەر ئەوە بووە كە خوێنەری كورد نەیتوانیوە بە زمانی كوردی ئەزموونی شیعری شاعیرانی دنیا بخوێنێتەوە. بەهەمان شێوە شیعری كوردیش وەك پێویست وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەكانی نەتەوەكانی دیكەی دنیا، بۆ ئەوەی خوێنەری بیانیش بزانێت لە ئەدەبی كوردی و شیعری كوردی شاعیری داهێنەر و بە تواناهەن، كە هیچیان لە شاعیرانی دنیا كەمتر نییە. وەلێ بەداخەوە ئێمە باجی بێ دەوڵەتی، ستەمی سیاسی و مێژوویی دەدەین، بۆیەشە ئەدەبەكەشمان لە پەراوێزی ئەو باجە سیاسییەوە باجی ئەدەبی و فەرهەنگی دەدات.
پەراوێز:
*بڕوانە (هەموو شەوێك وەرە بۆ لام) شیعری وەرگێردراو، وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی.
** گۆڤاری وانەر، ژمارە 10، لا 229 شیعری (كەوانە ڕوحییەكان) وەرگێڕانی شێروان محمود محمەد.