پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی میلیشیا شیعەکان لە هێرشکردنە سەر هەولێر داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ دەنگی (ئەمریکا) ڕایگەیاندووە: “ئامانجی میلیشیا شیعەکان لە هێرشکردنە سەر شاری هەولێر هاوپەیمانان نییە، بەڵکوو هاوپەیمانانیان کردووەتە بیانوو، ئەگینا ئامانجی سەرەکیان داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا.”

شایانی باسە لەم هەفتەیەدا بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، درۆنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا، بەڵام درۆنەکان تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.