بەڕێوەبردن چییە و به‌ڕێوه‌به‌ر چۆن سەركەوتوو دەبێت..؟!

902
سەردار حوسێن
بۆ ئەوەی دامەزراوە یان ڕێكخراوێكی ئامانجدار ئەرکی خۆی بە تەواوی ئەنجام بدات، دەبێت بە شێوەیەکی گونجاو بەڕێوەبچێت یان بەڕێوەببرێت و بیرۆکەی پێویستی بۆ گەڵاڵە بكرێت، ئەگەرنا، دامەزراوەكە شكەست دێنێت.
بە دیووە ئەكادیمییەكەی بەڕێوەبردن بریتییە لە چەند هەنگاوێك، ئاراستەکردن، پلاندانان، ڕێکخستن، هەماهەنگیی، پاڵپشتیکردن و هاندانی کارمەندان، هاندان بەو شێوازەی كە شایستەی تواناو لێهاتوویی و جدییەتی كارمەندەكان بێت، چونكە مەرج نییە هەموو كارمەندانی دامەزراوەیەك لێهاتوو، یاخود جدییەتی كاركردنیان تیادابێت، لە پاڵ ئەوەیشدا کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ماددی و مرۆییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە زۆرترین ئەنجام بە باشترین شێوە و بە کەمترین تێچوون، دیووێكی دیكەی بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەیە.
بەڕێوەبردنی یەكەیەكی سەربازیی جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەكی مەدەنی هەیە، لە كاتێكدا لە هەردوو حاڵەتدا (فەرمان – ئەرك – ماف) هەیە، بەڵام لەوەی یەكەمیان فەرمانی توند و لەوەی دووەمیان فەرمانی نەرم، لە یەكەمیان ئەركی قورس و مافێكی كەمتر، لەوەی دووەمیان ئەركێكی ئاسانتر و مافێكی زۆرتر هەیە، ئەوەیش پێویستی بەوە هەیە جۆرێكی دیاریكراو لە بەڕێوەبردن و رێكخستنی كارگێڕیی هەبێت و جیاوازیش بێت لەوەی دیكەیان، هەروەها ئەو گەشەسەندنەی كە قسەی لەبارەیەوە دەكەین هەر جۆرێك بێت، چونكە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریكراوی دامەزراوەكە، هیچێك لە كارمەندەكان بێ بنەما دانەمزراون، بەڵكو وەها پێویستە هەر هەموویان لەسەر بنەمای لێهاتوویی زانایی و شارەزایی دامەزران.
زۆرجار ئەو دەستەواژەیەمان بیستووە كە دەڵێت «بەهرە لەم سەردەمەی ئێستادا پێویستی بە پاسپۆرت نییە»، ڕەنگە ئێمە لەگەڵ كەسانێك كار بكەین، كە توانای تێگەیشتنمان لە زمانی ئەوان نەبێت و نەتوانین بە زمانی ئەوان قسە بكەین، لە نەتەوە و ئایین و نیشتیمانیشدا هاوبەشیان نەبین، بەڵام ئەو بەهرانەیان هەیە، كە كاركردن لە دامەزراوەكە پێویستی پێیەتی، ئەوەیشە كە پێی دەگوترێت «ڕۆشنبیریی بەڕیوەبردن» و دەكرێ بەدەست بهێنرێت، چونكە لە جیهانی پێشكەوتووی ئێستادا ڕۆشنبیریی بەڕێوەبردن بۆتە ئامانجێك و ناتوانرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت.
ئێستا ئەوەی دەمەوێ لەم نووسینەدا وردتر قسەی لەسەر بكەم، وڵاتی خۆمانە، دامەزراوە و فەرمانگەكانی خۆمانە، ئایا توانیوومانە ئەم پێوەرانەی بۆ بەڕێوەبردنێكی سەركەوتووانە هەن، وەك پێویست كاریان لەسەر بكەین،؟ ئایا بەهرە و توانا و لێهاتوویی وەك پێویست ڕەچاو كراوە.؟ بێگومان نەخێر، ئێمە لەبری پێوەرە زانستییە پێشكەوتووەكانی بەڕێوەبردن، كۆمەڵێك پێوەری دیكەمان پیادەكردووە، كە هیچیان نەبوونەتە هۆكاری بەرەوپێشبردنی دامەزراوە و ڕێكخراوە پیشەییەكان، لە هەردوو كەرتی تایبەت و گشتیدا، بۆیە بەردەوام كەموكوڕیمان لە بەڕێوەبردنی هەموو سێكتەرەكان هەیە.