ڕاپۆرت- پەریهان عومەر
هاوسەرگیری یەكێك لە بنەماكانی ژیانە و بۆ بەردەوامبوونی ژیان پێویستە. قوناغێك كە كچان و كوڕان پاش ناسین و هەست بە نزیكبوونەوەی بیروڕا و خێزان و هەندێ بنەمای كۆمەڵایەتی بناخەی ژیانیان دروستدەكەن. پێشووتر جۆری ناسین جیاواز بوو و لە بازنەیەكی دیاریكراودا ئەنجامدەدرا بەڵام بە پێشكەوتنی كۆمەڵگە ئەو بازنەیە لە گوند و شار و وڵات بەرفرەوانتر بوو و جیهانی سۆشیال میدیا بوو بە یەكێك لە ڕێگەكانی دروستبوونی ئەو هاوبەشییەی ژیان. بەڵام تا چەند دروست یان هەڵەیە؟

ئاواز شێرزاد چالاكوانی مەدەنی دەڵێت: هاوسەرگیری لە ڕێی سۆشیاڵ میدیا یەكێك لەو دیاردە بەربڵاوانەی كە جیهانی ئەمڕۆی تەنیوە، كۆمەڵگەی كوردیش بێبەش نییە لەم دیاردەیە و ناوە ناوە هەر لە خودی سۆشیاڵ میدیا هەواڵ دەبیستین لە سەر كەسانێك كە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا هاوسەرگیریان كردووە هەر دوای ماوەیەك هەمان كەس جیابونەوەی خۆیان ڕادەگەیێنن ئەمەش گوزارشتە لە هەڵەی بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیری لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا، چونكە هاوسەرگیری یەكێكە لە گرنگترین پرۆسەكانی ژیان و بڕیاردان لێی كۆمەڵێك بنەمای هەیە كە گرنگترینیان بوونی ئاشنایەتییە بە كەسایەتی یەكتر كە بێگومان ئەم ئاشنایەتییە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدی نایەت بەهۆی ئەوەی زۆربەی كات مرۆڤەكان ڕووی ڕاستەقینەیان لەپشت سۆشیاڵ میدیا بە شاراوەیی دەهێڵنەوە. بەداخەوە ئامارەكانی جیابوونەوە لە دادگاكانیش پێمان دەڵێن كە هاوسەرگیری لە ڕێی سۆشیاڵ میدیا هاوسەرگیرییەكی سەركەوتوو نییە بە پێچەوانەوە سۆشیاڵ میدیا هۆكاری سەرەكی جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزانە. زوو بڕیاردان یاخود هاوسەرگیری پێشوەختەش هەر دیسان یەكێكە لە خراپییەكانی هاوسەرگیری لە ڕێی سۆشیاڵ میدیا بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەسانی هەرزەكارن و لەم ڕێگەیەوە هەوڵدەدەن بگەن بە هاوبەشی ژیانیان بەبێ ڕەچاوكردنی تەمەنی یاسایی و ئامادەیی كەسەكان بۆ هاوسەرگیری لە ڕووی كۆمەڵایەتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتیش كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كەسەكان بڕیاری هاوسەرگیری ئەدەن ئەمەش ئاسەواری خراپ بەجێدەهێڵێت لەسەر كۆمەڵگە هەم لەڕووی زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوە و هەمیش لەڕووی لەدایكبوونی منداڵی ناكام، جگە لەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی ئاشتەوایی خێزان كە كۆڵەكە و بنەمای بەردەوامی كۆمەڵگەیە. بنەماڵە ڕۆڵی كاریگەری هەیە لەو بابەتە و بە چاودێری دروست دەتوانرێت پێش لەو كارە بگرن كە كچان بە پلە یەك قوربانی ئەم جۆرە پەیوەندییە و ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەن. جگە لەمە لەخشتەبردن و باق و بریقدان بە خۆی یان كار و داهات و خێزانی لە ڕێگەی سۆشیال میدیا زۆر ئاسانترە و كەمتر دەتوانرێت لێكۆڵینەوەی دروست بكرێت.

پارێزەر ئەحمەد كەریم لەو بارەوە گوتی: بەهۆی گەشەی خێرا و بێسنوری تەكنەلۆژیا لەم سەردەمەدا زۆربەی كار و ژیانی مرۆڤی ئێستا بە ئەلیكترۆنی بووە، بۆیە هاوسەرگیریش لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەردەمی ئێستادا بە یەكێك لە شێوازە باوەكانی سەردەمی ئێستا دادەنرێت. بێگومان هەر دیاریدەیەك كە سەرهەڵدەدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەڵام سەرهەڵدانی ئەم دیاریدەیە دەتوانین بڵێن كە نەرێنی زیاترە، چونكە ئەم دیاردانە تا ڕادەیەكی زۆر نامۆن بە كۆمەڵگە. ئەگەر سەرەتا باسی لایەنی ئەرێنی بكەین دەتوانین لە چەند خاڵێكدا پۆلینی بكەین.
یەكەم: بە ئاسانی لە یەكتر نزیكبوونەوە بە تایبەت بۆ ئەوانەی بیردەكەنەوە كەسی دڵخوازیان لە سنووری جوگرافی خۆیان نییە و سۆشیال میدیا دنیایەكی بەرفرەوانتری هەڵبژاردنیان پێدەبەخشێت، بەڵام وەك دیارە زۆربەی جار ئەم گەیشتنە ڕووكەشە پێچەوانەی ڕاستییە.
دووەم: قسەكردن لە پشت شاشەیەكی دیجیتاڵی شەرم و هەندێ كۆت و بەند دەشكێنێت و لایەنەكان بە كراوەیی باسی كەسایەتی یەكتر دەكەن. وەك باسمانكرد ناتوانین ئینكاری تەواوی بكەین كە ئەم دیاریدەیە تەواو نەرێنیە، چونكە دەكرێ چەند چیرۆكێكی كەمی سەركەوتن هەبێ، بەڵام لە كۆتاییدا لایەنی نەرێنی بە ڕێژەییەكی زۆر زیاترە چونكە نامۆیە بە كۆمەڵگە لەهەمان كاتدا ئەو كەسانەی ئەم ڕێگەیە هەڵدەبژێرن هەمیشە لەو وەهمەدا دەژین كە ڕەنگە سەركەوتوو بن یاخود شكست بهێنن بەگشتی دەتوانین خاڵە نەرێنیەكان لە چەند خاڵێك كۆبكەینەوە:
یەكەم: كێشەكانی خێزان: ڕەنگە خێزان بیرۆكەی هاوسەرگیری لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قبوڵ نەكات یان بەهۆی خودی شێوازەكەوە یان بەهۆی ناڕازیبوون لە كەسی هەڵبژێردراو، كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ناكۆكی و كێشە لە ناو خێزاندا كە لەوانەیە ببێتە هۆی كێشەی گەورە.
دووەم: جیاوازی لە ڕاستیدا هەرچەندە لە كاتی پەیوەندی خۆشەویستی لە ڕێگەی سۆشیال میدیا ڕەنگە نیشانەی خۆشەویستی یان سەرسامی و ڕێككەوتن بۆ هاوسەرگیری بدۆزیتەوە، بەڵام لە كاتی ناسینی لە واقیعدا تووشی شۆكێك ببیت، چونكە سەرنجڕاكێشان تەنها لە ڕێگەی هاوبەشكردنی بیرۆكە و قسەكردنەوە نییە، و ئەم سەرنجڕاكێشییە لەوانەیە لە كاتی بینینی كەسەكەدا جیاواز بێت، توخمێكی كیمیایە لە نێوان دوو كەسدا كە پێویستی بە كات و كۆبوونەوەی تەواو هەیە بۆ ئەوەی بەڕاستی ڕادەی سەرنجڕاكێشان بزانن.
سێیەم: ناتەبایی نێوان ئەو دوو لایەنە یەكێك لە كێشە باوەكان بۆ ئەوانەی بەڕاستی دەیانەوێت لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە هاوسەرگیری بكەن ، ناتەبایی دوای هاوسەرگیرییە، بەو پێیەی گەنجان پێیانوایە لە ڕێگەی گفتوگۆی بەردەوامی نێوانیانەوە بە ڕادەیەكی پێویست یەكتریان ناسیوە و پەلەدەكەن بۆ ئەوەی دوای ماوەیەكی كەم هاوسەرگیری بكەن، بەڵام ڕاستییەك هەیە كە دەبێت جیاواز بێت، بۆ هەردوو لایەن گونجاو نییە ئەگەر كاتێكی پێویستیان بۆ نەبڕێت بۆ ناسین، ئەمەش وادەكات ئەم كێشەیە دوای هاوسەرگیری دەربكەوێت.
چوارەم: نەبوونی متمانە: پەیوەندی خۆشەویستی لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەرفەتێكە بۆ پیشاندانی سروشت و كەسایەتی باشی هەردوولا، بەڵام مەرج نییە ئەم زانیاریانە ڕاست بن و زۆرجار پاش بڕینی ڕێگەی دوور و گەیشتن تووشی شتی ناڕاست دەبنەوە كە بە هۆی ڕێگەی ناسینی هەڵە زۆر بە ئاسانی شاردراوەتەوە. پێنجەم: لەگەڵ دابونەریتەكاندا ناگونجێت: سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هاوسەرگیری لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، زۆرێك هێشتا دژی بیرۆكەكەن، چونكە پێچەوانەی دابونەریتی كۆمەڵایەتی زۆرێك لە وڵاتانە و هەندێكیش بە پێشێلكردنی بەها ئەخلاقی و ئایینییەكان دەزانن بەهۆی گفتوگۆی نێوان كوڕ و كچێك بە شێوەیەكی سەربەخۆ بۆ ئاشنابوون بەبێ هیچ پەیوەندییەكی فەرمی و زۆرجار بەبێ ناسینی دایك و باوك. شەشەم: دروستبوونی كرداری تاوانكاری: هەندێجار ئەم جۆرە پەیوەندیە كرداری تاوانكاری لێدەكەوێتەوە بەتایبەت لەلایەن ئەو گەنجانەی كە لە ڕێگای بەڵێندان بە هاوسەرگیری بە كچان زۆر هەستی كچان بۆ خۆیان ڕادەكێشن دواتر دوای گەیشتن بە مەرامە خراپەكانیان لە بەڵێنەكانیان پەشیمان دەبنەوە كە قوربانی یەكەم لەم حاڵەتەدا كچانن بۆیە زۆرجار ئەم مەترسیە لەم جۆرە پەیوەندیانە دروست دەبێت سەڕەڕای ئەوە یاسایی سزادانی عێراقی سزای بۆ ئەم كارە دانەوە لە رێگای مادە ٣٩٥ كە ئاماژە بەوە دەكات (هەر كەسێك مێینەیەك هەڵبخەڵەتێنێت بە بەڵێندان بە هاوسەرگیریكردن و لەگەڵی جووت بووبێت دواتر ڕەتیبكاتەوە.)
لەكۆتاییدا پێموایە پێویستە هەم كۆمەڵگەكەمان هەم لایەنی جێبەجێكاری یاسا لەبەرامبەر گەشەی خێرای تەكنەلۆژیا و دروستبوونی بەرنامە و بابەتی تازەی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە وریایی زیاترەوە هەنگاو هەڵگرن بۆ ئەوەی بتوانرێ كۆمەڵگە لە لێكترازان و چوون بە ئاقاری ناڕاست بپارێزرێت و ڕۆشنبیری و بەرچاوڕوونی زیاتر بداتە خەڵك.

جێگر ڕەشید ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی ڕایوایە: هاوسەرگیری بەپێی یاسای باری كەسی ژمارە ۱٥ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی ئارەزوومەندانەیە لەنێوان هەردوو ڕەگەز، ئەمەش بەپێی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا لە جیهان و هەرێمی كوردستان گۆڕانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، یەكێك لە گرنگترین گۆڕانكارییەكان بابەتی هاوسەرگیریە لەڕێگەی سۆشیال میدیا ئەم جۆرەیان كە ئێستا یەكێكە لە ڕێگەكانی هاوسەرگیریە و كۆمەڵێك لێكدانەوە هەڵدەگرێت لەبەرئەوەی پڕۆسەكە ئارەزوومەندانەیە ناتوانین بڵێین نادروستە، بەڵام جۆر و شێوازی بڕیاری هاوسەرگیرییەكە ئەوە دەردەخات كە هاوسەرگیرییەكە دروستە یان نادروست. گرنگە ئەم كەسانەی لەم ڕێگەیەوە هاوسەرگیری دەكەن، بەشێوازێكی عەقڵانی هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی بابەتەكانی پەیوەست بەم بوارە بكەن، چونكە بەشێكی زۆری نیشاندانەكان لەڕێگەی سۆشیال میدیا تەنیا ڕووكەشن و جیاوازن لەگەڵ ڕاستییەكانی ژیان. بەهۆی هەڵكەوتەی ژیانی كۆمەڵایەتی كوردستان دەبێ بزانرێت كەسێتی ئەوەی هەڵیدەبژێریت تا چەند گونجاوە لەگەڵ ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتی تۆ كە زۆرجار هەڵبژاردنەكان بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ڕاستی ژیانی خێزانی، لێكترازان دروستدەكەن، بۆیە دەبێت لە هەموو هەڵبژاردنەكان زۆرترین خاڵی هاوبەش بۆ بەردەوامی پڕۆسەكە دەستنیشان بكرێت، نەك خاڵەكانی ڕووكاری ئاسایی و دەرەوەی كەسەكە، بۆیە گرنگ نییە لە چ ڕێگەیەك دەستنیشانی هاوبەشەكەت دەكەیت، گرنگ ئەوەیە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ خاڵە ئەرێنی و هاوبەشەكانت دەكەیت، تا لە دەرەنجامدا هاوسەرگیریەكی دروست و خێزانێكی بەختەوەر بنیات بنێی.