لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئهمریكا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محهمهد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا، وەزیری بەرگری و سەرۆک وەزیرانی عێراق باسیان لە پابەندبوونی حکوومەتی عێراق کرد بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و ڕاوێژکاران و بارەگاکانی هاوپەیمانان.
وەزیری بەرگریی ئهمریكا هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر باڵوێزخانهی ئەمریکا لە بەغدا و هەروەها زنجیرە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئیدانەی کرد و پێشوازیی لە لێدوانەکەی سەرۆک وەزیران کرد کە هێرشەکەی بە کردەوەی تیرۆر وهسف كرد كه ئاسایشی ناوخۆی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و ئیدانەی ئهو هێرشانهی کرد.
هاوكات وەزیری بەرگریی ئهمریكا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا مافی خۆیەتی بهرگریی له خۆی بكا بەرامبەر بەو کەسانەی کە هەر هێرشێک دژی هێزهكانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن.
دووپاتی کردەوە کە گرووپە چەکدارەکانی کەتایبی حزبوڵڵا و بزووتنهوهی نوجەبا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هەردووکیان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون، بەرپرسیارن لە زۆربەی هێرشەکانی دژی کارمەندانی هاوپەیمانان، هەروەها ئەمریکا مافی خۆیەتی وەڵامی یەکلاکەرەوە بداتەوە بەرامبەر ئەو گرووپانە – بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە و هێرشەکان دژی هێزهكانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.