وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی مەرجی دیکەی داناوە بۆ ئاستەنگ دروستکردنی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمیان گوتووە، ئەگەر مووچەش بنێرین دەتوانین مووچەی سەدا 60ی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرین، پێویستە هەرێمی کوردستان مووچەی سەدا 40ی دیکە لە داهاتی خۆی دابین بکات”.
ئاماژەی بەوەشدا: “مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە دەبێت هەرێم تەواوی داهاتی ناوخۆ رادەستبکات”.
وەزیری ئەوقاف جەختیکردەوە، لە زووترین کاتدا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی رابردوو 700 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر ژمارەی بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، بەڵام تائێستا نەیناردووە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ مانگی 7 و 8 و 9 حکومەتی عێراق مانگانە 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بدات بە هەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەی یاسای بودجەی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێکردن و بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەکرێت.