بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رای گەیاند، بەهۆی كارەساتی ئاگركەوتنەوەكەی شاری سۆران، سێ ڕۆژ ماتەمینیی راگەیاندراوە.

هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران  رایگەیاند، بەهۆی ڕووداوی ئاگرەکەی سۆران کە 14 کەس بوونە قوربانی و ژمارەیەک هاوڵاتی بریندار بوون، دوای پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستبەجێ  لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەپەلە لە ڕووداوەكە بکۆڵدرێتەوە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاری داوە سێ ڕۆژ لە سنووری ئیدارەكە ماتەمینیی گشتی بێت.

جێگەی باسە بەهۆی ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە سنووری سۆران، ئەمشەو 14 كەس گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكیش بریندار بوون. هاوكات وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لە ڕووداوەكە پێكهێنا.