سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێکردووە کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراون و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نەماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندوه ، تا ئەمڕۆ رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 دەرنەکراون و، وەکو خۆی دەڵێت، هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سكاڵایانەی لە دژی یاسای بودجە لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی ژمارەیەک بڕگە و ماددەی یاساکە تۆمارکراون، بەشێکی ئەو هۆکاران، کە رێگرن لەبەردەم جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە.
لەبارەی ئەنجامی سەردانەکانی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ڤیان سەبری ئەوەی خستەڕوو، سەردانەکان ئەنجامی باشیان هەبووە و هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەی لە یاسای بودجەدا لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراون، حکومەتی هەرێم جێبەجێیانی کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، “تەنانەت پێش پەسەندکردنی یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی بەشێوەیەکی شەفافانە بۆ حکومەتی عێراق روونکردووەتەوە و ئاشکراکردووە، بۆیە ئێستا هیچ بەرپرسیارەتییەک لەسەر شانی حکومەتی هەرێم نەماوە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت یان نا، لە یاسای بودجەدا حکومەتی عێراق پێگیرکراوە بە ناردنی مانگانەی سەدا 12.67ـی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکە و دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرپسیارەتێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەڵدەگرێت، هەناردەی دەرەوەی بکات یان بۆ کاروباری ناوخۆ بەکاریبهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاردرا دووبارە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای گشتیی بودجە عێراق.
هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.