لۆزان و هەڵە تێگەیشتنی ئێمە

176

فەرحان جەوهەر
رێککەوتننامەی لۆزان وەک هەر رێکەوتنامەیەکی تری نێودەوڵەتی چەندین لێکەوتەو دەرەنجامی هەبووە، بۆ ئێمەی کورد خرابترین رێککەوتننامە بووە، چونکە بووە هۆی نەهێشتنی ئەو سێ بەندەی رێککەوتنی سیڤەر پێش سێ ساڵ کە بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتێکی بۆ کورد تێدابوو، ئەو هۆکارەی وای کرد، کار بە رێککەوتنی سیڤەر نەکرێ و بیر لە رێککەوتنێکی تر بکرێتەوە، گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و سەربازی بوو، لە سەر زەمینی دەوڵەتی عوسمانی، چونکە مستەفا کەمال پاشا، لە پێناوی جێگیرکردنی حوکمڕانییەتی خۆی و دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر شێوازی ئەورپایی، نەک هەر وازی لە خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هێنا، بەڵکو خەلافەتی ئیسلامیشی هەڵوەشاندەوە، ئیدی هاوپەیمانان لەبەرامبەرئەمەدا بەتایبەتی فەڕەنسا و بریتانیا، کە هەریەکیان بەپێی رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ خاکێکی زۆریان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرکەوتبوو، خۆیان لە ناوخاکی تورکیا کێشایەوە و مستەفا کەمال پاشایان وەک پاڵەوانی رزگارکەری تورکیا نیشانی میللەتەکەیدا، وایان دەرخست کە بەهۆی شەڕو بەرگریەکانی ئەو سەرکەوتنی بەسەر هاوپەیماناندا هێناوە، بەتایبەتی لەشەڕی گەرووی دەردەنێل چەک و جبەخانەیەکی زۆریان بۆ بەجێ هێشت، وەک چۆن بینیمان لە ئەفغانستان چەک و جبەخانەیان بۆ تاڵیبان بەجێهێشت، هەمان سیناریۆ دوای سەت ساڵ لە ئەفغانستان دووبارە بووەوە، ئەوە راستییەکەیە، تاکو ئێستا مێژووی ئەم ناوچەیەی خۆمان باسی نەکردووە، کە خۆیان ئەو زەمینەیان بۆ کەمال پاشا رەخساند.

ئیدی دوای ئەم گۆڕانکارییە و بۆ وازهێنان لە رێککەوتننامەی سیڤەر، هاوپەیمانان پێویستیان بە رێککەوتنێکی تربوو، بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی، ئەویش هاتنەکایەی رێککەوتننامەی لۆزان بوو، بەمەش خەون و ئاوات و ئامانجی گەلی کوردستان لەناوچوو، چونکە واقعێکی تر دروست ببوو، ئیدی شتێک نەمابوو بە ناوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەوەی بۆ هاوپەیمانان گرنگ بوو نەمانی عوسمانییەکان بوو، کە بەدەستی ناوخۆش هەڵوەشایەوە، بۆ ئەوان دەسکەوتێکی مەزن بوو، چیترمافی نەک هەر گەلی کورد، هیچ گەلێکی تریان بۆ گرنگ نەبوو، چونکە هەموو ئامانجەکانیان هاتبوونە دی، دەوڵەتی عوسمانی نەمابوو، بەریتانیا لە خۆشی دەستکەوتنی عێراق بەگشتی و ویلایەتی موسڵ بەتایبەتی، مافی هیچ کەمە نەتەوەیەکیان لە خەیاڵدا نەما، فەڕەنساش وڵاتی شام و لیوای ئەسکەندەڕۆنەی دەستکەوتبوو، بەم شێوەیە واقعێکی نوێ لە ناوچەکە پەیدابوو، کە تا ئەم ساتە وەختە بەردەوامە.

هەڵەتێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە، پێمانوایە ئێستاش ئەم رێککەوتنەیە رێگەنادا ئێمە بگەینە مافەکانمان، یاخود ئەم رێککەوتنە هەر ماوەو زیندووە و پێویستە کار بۆ گۆڕینی بکەین، یاخود چەند بەندێکی تێدایە و دوای سەت ساڵ کارا دەبن، یان رێگە بە تورکیا دەدات فراوانخوازی بکات، ئەمانە هەمووی وەهمن، هیچی راست نییە، جگە لەوەی رێککەوتنێک بووە بەپێی ماددە و بڕگەکانی واقعێکی سیاسی دروست بووە، هەرکات ئێمە توانیمان ئەم واقعە بگۆڕین یان بۆیان گۆڕین، ئیدی رێککەوتنێکی تر بەناوێکی دی دێتە ئاراوە، بۆیە لە ئێستادا رێککەوتنێک نەماوە بەناوی لۆزان لە واقیعدا، جگە لە ناو لاپەڕەکانی مێژوودا نەبێت، ئەوەی هەیە کوڕ و نەوەکانی ماون، خۆی مردووە، بۆیە کارکردن لەسەر نەهێشتنی کەسێک کە نەماوە هیچ سودێکی نییە.