لەم ڕۆژانە كتێبی (عاصم حەیدەری .. ژیان و ڕۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیریی 1921-1971) لە نووسینی م. بارزان محەمەد عەلی و د. هۆشەنگ ساڵح نەجاڕ و پێداچوونەوە و بەرایی مومتاز حەیدەری، بە قەبارەیەكی مام ناوەندی و 216 لاپەڕە، كەوتە بەردیدی خوێنەران، كە لە بڵاوكراوەكانی كتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەرییە.

كتێبەكە لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، 114 لاپەڕە لێكۆڵێنەوەیە و بەشی دووەمیشی بریتییە لە وتار و بڵاوكراوەكانی عاصم حەیدەری لەگەڵ چەند وتارێك بە قەڵەمی كەریم شارەزا، محەمەدی مەلا كەریم، هاشم عەبدوڵڵا، مامۆستا ڕەوەند و مومتاز حەیدەری، مومتاز حەیدەری لەبارەی كتێبەكە (لەبەرایی)دا نووسیویەتی:”لێكۆڵینەوەیەكی پوخت و ورد و زانستییە، كە بە دەست پێشخەری بەڕێزان هەردوو مامۆستا زانكۆی سەڵاحەددین، بەشی مێژوو: مامۆستا بارزان محەمەد عەلی و د. هۆشەنگ ساڵح نەجاڕ لەبارەی كۆچكردووی گەورە عاصم حەیدەری نووسراوەتەوە، ئەوەی ڕاستی بێ و بەبێ زێدەڕۆیی ئەم لێكۆڵینەوەیە، كە هەردوو توێژەری ئەكادیمی توانیویانە عاصم حەیدەری وەك سەربازێكی ونی گیان فیدای خۆنەویست و تێكۆشەرێكی نەتەوەپەروەری دیموكارتیخوازی سەرسەختی ڕێگەی ئازادیی نیشتمان و بەختیاریی كۆمەڵ و خەڵکی ستەمدەدە و دواكەوتووی كوردستان، جارێکی دیكە بیدۆزنەوە و هەقی ڕەوای خۆی پێ ببەخش”.

هەردوو توێژەر لەبارەی ئەم كتێبە كە بۆچی تایبەتە بە عاصم حەیدەری نووسیویانە:” هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو كەسایەتییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆر جار ناوی بنەماڵەی حەیدەرییمان بەرگوێ دەكەوێت، زیاتر ناوی ساڵح و جەمال حەیدەری لە پێشەوەی ئەو ناوانە دان، كە ڕۆڵی كاریگەرییان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی ونیشتمانی و ڕۆشنبیریی كورددا گێڕاوە، بەڵام كاتێك باری سەرنج دەخەینە سەر ژیانی عاصم حەیدەریی براگەورەیان، هەست دەكەین كە ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی ئەو كەسە، شتێكی ئەوتۆی لە براكانی كەمتر نەبووە، بەتایبەت ئەگەر ئەوەش بڵێین، كە هەمیشە براگەورە لە نێو خێزانەكەیدا دەبێتە ئاراستەكەری پەروەردە و هزری و ئایدۆلۆژیی، بەمەش ڕۆڵی عاصم لەمەدا گرنگتر دێتە بەرچاو، دەست خۆشی لە هەردوو توێژە م. بارزان محەمەد عەلی و د. هۆشەنگ ساڵح نەجاڕ و مامۆستا مومتاز حەیدەری دەكەین، خەرمان بەرەكەت.