خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- ئاوی لیمۆ سوودێكی زۆر بە جەستەی مرۆڤ دەبەخشێت، بەمەرجێك بە باشی ئامادەبكرێت و بە ڕێژەیەكی مامناوەند لە ڕۆژێكدا بخورێتەوە. بۆیە دڵنیابە لەوەی خواردنی ئاوی لیمۆت ڕۆژانە لە دوو لیمۆ زیاتر نەبێت، ئەو ئافرەتانەی كە دووگیانن یان شیر بە منداڵەكانیان دەدەن، ئامۆژگاریی دەكرێن بڕی خواردنەوەی لیمۆ كەم بكەنەوە، یان هەر وازی لێ بهێنن. دەتوانیت ئاوی لیمۆ ئامادە بكەیت بە گوشینی یەك دانە لیمۆ بۆ ناو نیو لیتر ئاوی شلەتێن و بە درێژایی ڕۆژ بیخۆیتەوە. لێرەدا سوودە سەرسوڕهێنەرەكانی ئەم خواردنەوە سروشتییە دەخەینەڕوو:
– بەهێزكردنی بەرگریی جەستە: ئاوی لیمۆ ڕێژەیەكی دەوڵەمەندی ڤیتامین سی تێدایە كە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری و ڕێگریكردن لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و جگەر.
– دابینكردنی پۆتاسیۆم: لیمۆ ڕێژەیەكی زۆر پۆتاسیۆمی تێدایە، ئەمەش تەندروستی دڵ، مێشك و كارایی دەمارەكان دەپارێزێت.
– یارمەتی هەرسكردن دەدات: ئاوی لیمۆ یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی هەرسكردن، ڕزگاركردنی كۆئەندامی هەرس لە ژەهرەكان، چارەسەركردنی هەندێك نیشانەی پەیوەست بە خراپی هەرسكردن، قەبزی، ترشان، هێڵنج هاتنەوە، ئاوسانی سك دەكات و دەردراوەكانی پەنكریاسیش زیاد دەكات.
-لەناوبردنی ژەهرەكان: یارمەتی نەهێشتنی ژەهرەكان لە لەش و پاراستنی تەندروستی جگەر لەڕێگەی بەرزكردنەوەی ئەركی ڕژێنەكان دەدات.
-بۆنخۆش كردنی دەم: یارمەتی چارەسەركردنی ئازاری ددان و هەوكردنی پووك دەدات، كە دەبێتە هۆی بۆنی ناخۆشی ناو دەم.
– ڕزگاربوون لە خەوشییەكانی پێست: یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە خەوشییەكانی پێست، نیشانەكانی پیربوون و كەم كردنەوەی چرچ و لۆچی پێست، هەروەها ڤیتامین سی تێدایە، كە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی كۆلاجین، كە پرۆتینی سەرەكی پێست پێكدەهێنێت.
-كەمكردنەوەی كێش: لیمۆ ڕیشاڵی پەكتینی تێدایە كە یارمەتیت دەدات بۆ ماوەیەكی زۆر هەست بە تێری بكەیت، ئەمەش یارمەتی كەم كردنەوەی كێش دەدات.
-ڕزگاربوون لە بەردی گورچیلە: لیمۆ یەكێكە لەو میوە ترشانەی كە ترشی ستریكی تێدایە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی بەردی گورچیلە.
-بەهێزكردنی تەندروستی ئێسك: ڕێژەیەكی زۆر كالیسیۆمی تێدایە، كە یەكێكە لە ماددە خۆراكییە سەرەكییەكان بۆ بەهێزكردنی ئێسك.
-ڕێگرییكردن لە شێرپەنجە: كۆمەڵێك پێكهاتەی تێدایە وەك فلاڤۆنوید كە یارمەتیدەرە بۆ كەم كردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.
– پاراستن لە نەخۆشییەكانی دڵ: یارمەتیدەرە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی خوێنبەرەكان، شەكرە و كەم كردنەوەی ڕێژەی كۆلیسترۆڵی خوێن، بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەكی باشی پۆتاسیۆمی تێدایە، ڕۆڵی لە باشتركردنی سووڕی خوێندا هەیە.
سەرچاوە: www.elaph.com









