سوورە مەرگەیی
یەکێک لە چەکە کوشندەکانی دەستی داگیرکاران بۆ سەرکوت کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلانی بندەست، پەنا بردنە بۆ پیلانگڕی دووقۆڵی و هەندێ جار زیاتر و، لە قۆناغە زۆر هەستارەکاندا فراوانی دەکەن بۆ پیلانی نێودەوڵەتیش، مەرجی رەسەنایەتی شۆڕشەکان و هەڵگری خواستی گەلە، بندەستەکانیش، وەڵامدانەوەی پیلانگێڕییەکانە لە لایەن شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی گەلە بندەستەکان، شۆڕشەکانی کورد بەهۆی دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی داگیرکار و دەورەدانی کوردستان لە لایەن ئەو چوار داگیرکارەوە، وایکردووە زیاتر دەرفەت بۆ پیلانگێڕییەکان بڕەخسێ، ئەوەش ئەرکی شۆڕشگێڕان هەم قورستر دەکا و، هەمیش زۆرترین جار بکەونە بەر هەژموونی پیلانگێڕییەکان.

شۆڕشەکانی کوردیش هاوشێوەی شۆڕشی گەلە بندەستەکانی جیهان لەو پیلانگێڕیانە بێبەش نەبوون، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، لەوکاتەوەی رابەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردی خاک داگیرکراو و چاو لە دووی ئازادی و سەربەخۆیی، کەوتۆتە دەست خانەوادەی بارزانی نەمر، زۆرترین جار کەوتۆتە بەر هەژموونی پیلانگێڕیەکان، بەڵام بە هۆی رەسەنایەتی شۆڕشەکان و لێبڕاوی و ئیرادەی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری خانەوادەی بارزانی نەمر، وەڵامی یەک بە یەکی پیلانگێڕییەکان دراوەتەوە و بە گوڕوتینی نوێ و خوێنی تازەوە بەردوامیان بە شۆڕش داوە.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی بزووتنەوەی رزگارخوازی کورد بدەینەوە، ئەوجار تێدەگەین کە پیلانگێڕییەکان چ کاریگەرییەکی کارەستباریان بەسەر شۆڕشەکانی کوردەوە هەبووە، ئەوە شۆڕشی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی دژ بە تورکە عوسمانییەکان، کە بە پیلان و بەڵێنی درۆزنانە خرایە داوی پیلانگێڕی و، بەو هۆیەوە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە ساڵی ١٩١٤ لە سێدارە درا، ئەوە پیلانی سەر شۆڕشی ساڵی ١٩٣١ بۆ ١٩٣٢ کە، بە شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ی بارزان وەڵامی ئەو پیلانە درایەوە، ئەوە شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ دژی رژێمی پاشایەتی کە بە پشتیوانی ئینگیزەکان و بوونی هێزی نابەرامبەر پیلانی لە دژ گێڕدرا، ئەو پیلانەش بە چوونی بارزانی نەمر و بارزازانییەکان بۆ رۆژهەلات و پێشتیوانی لە کۆماری کوردستان وەڵام دررایەوە.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨و رووخانی رژێمی پاشایەتی و گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران و، پەشیمان بوونەوەی عەبدولکریم قاسم لە بەڵێنەکانی، شۆڕشی مەزنی ئەیلول وەک هەڵگری خواستی گەلی کورد بە رابەرایەتی بارزانی نەمر دەستی پێکرد، شۆڕشی مەزنی ئەلیلول گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد هێنا، ئەویش گواستنەوەی شۆڕش بوو لە بزووتنەوەی ناوچەگەرییەوە بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری کوردستانی و بە نیشتیمانی کردنی ئامانجەکان، کە تا شۆڕشی ئەیلول، هەم شۆڕش و راپەڕینەکان ناوچەیی بوون، هەمیش داخوازی شۆڕشەکان زیاتر ناوچەیی بوون، ئەوەش وایکرد رژێمە یەک کە دوای یەکەکانی عێراق زۆرترین پیلان لە دژی شۆڕشی ئەیلول بگێڕن و هەموو پیلانەکانیش پووچەڵ بکرێنەوە، رێککەوتنی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ش یەکێک لە دەستکەتەکان بوو، کە تا ئێستاش بە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکان هەژمار دەکرێ، تا دواجار رژێمی بەعس بە شێویەک تەنگاو بوو، کە ناچابوو بە تەنازوولێکی زۆرەوە بۆ شای ئێران و بە هاوکاری ئەمەریکا لە جەزائیر پیلانێک لە دژی شۆڕشی ئەیلول ساز بکات، ئەگەرچی بەهۆی ئەو پیلانە نێودەوڵەتییە توانرا شۆڕشی ئەیلول بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێنن، بەڵام ئەو پیلانەش بە هەستانەوەیەکی نوێ کە بە شۆڕشی ٢٦ی گوڵان ناسراوە وەڵام درایەوە.

شۆڕشی ٢٦ی گوڵان وەک درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلول و وەڵامدەرەوەی پیلانە نێودەوڵەتییەکەی جەزائیر، هەگبەی کۆمەڵێ دەستکەوتی وەک راپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین پیلانی لە دژ گێڕدراوە، هەموو پیلانەکانیش بە پشتیوانی وڵاتانی هەرێمی و بەشداری هەندێ دەستە و گرووپی بەرژەوەندخوازانی دژە کوردستانی و خیانەتکارانی کورد بوون، بەڵام بە هۆی ئەزموونی شۆڕگێڕی سەرۆک بارزانی وەک رێبوارە بە ئەمەکەکەی رێبازی بارزانی نەمر و پشت بەستنی بە ئیرادەی گەلە ستەمدیدەکەی، هەموو پیلانەکانی وەک ماڵی قەڵب بەسەر خاوەنەکانی داداونەوە.

دوژمانانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بۆ پێشگرتن بە شۆڕشی کورد و درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری و هێنانەدی خەونەکانیان، پێویستیان بەوەبوو بارزانی نەمر و بارزانییەکان لە جەماوەر و خەڵکی کوردستان دوور بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە و بەدیهێنانی ئەو خەونە نەزۆکەیان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی و درێژەدان بە پیلانەکانیان، چەند جارێک خانەوادەی بارزانی نەمر و بارزانییەکان لە کوردستان و زێدی خۆیان دوور دەخەنەوە، بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ هەڵکەوتنی بچووکترین دەرفەت خۆیان دەگەیەننەوە ناوچەی (بارزان)ی پایتەختی کوردایەتی و، مەڵبەندی شۆڕش و رابوون و بەرخودان، بارزانی نەمر شۆڕش هەڵدەگیرسێنێتەوە و، بە هەڵگیرساندنی شۆڕش وەڵامی پیلانگێڕییەکان دەداتەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٣ کە لە سلێمانی دەست بەسەربوو، بە هاوکاری بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید و چاوساغی مستەفا زێندین، ناسراو بە (مچە مەرگەیی) لە رێگای رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە سلێمانی دەردەچێ و، خۆی دەگەیەنێتەوە بارزان و شۆڕشی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٥ی بارزان هەڵدەگیرسێنێ.

ئەوەی باسکرا مشتێک بوو لە خەرواری زنجیرە پیلانگڕییەکانی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان و، وەڵامە شۆڕشگێرییەکانی بارزانی نەمر و بارزانییەکان بوو بۆ پیلانگێڕییەکان، بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیابێ کە پرسی کورد لە دەستێکی ئەمین دایە و هیچ زەبروزەنگ و پیلانگێڕییەک زەفەری پێنابات، دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستانیش دەستبەرداری خەون و خەیاڵی نەزۆکیان ببن.