
ئومێد خۆشناو
شۆڕشی 26ی گوڵانی پێشكەوتنخواز وەڵامدەرەوەی ئەو هەموو پیلانانە بوو كە لەو سەردەمەدا دژ بە ئیرادە و شكۆی گەلی كورد و شۆڕشەكەی دەكرا بە تایبەت دوای رێكەوتننامەی جەزائیر(1975) ئەوەش دوای ئەوەی كە دڵنیا بوون بە هێزی سەربازی ناتوانن ئیرادەی گەلی كورد و شۆڕشەكەی لەناو ببەن ناچار پەنایان بۆ رێكەوتن لەگەڵ وڵاتان برد تاوەكو بڵێسەی شۆرشی ئەیلول كپ بكەنەوە ،كوردستان لە دۆخێكی سەخت و پڕ نائومێدی دابوو هیچ رۆشناییەك نەبوو، بەڵام هێزی سەركردایەتی كردنی بارزانی نەمر، بەسەر نەوەی دووەمی شۆڕشدا کاریگەرییەکی بەهێزی هەبوو شۆڕشی 26ی گوڵانی پێشكەوتنخواز لە دۆخێكی گەلێك سەخت و پڕ بەربەست دا هەڵگیرسا هەمان پەیام و روئیای شۆڕشی نیشتیمانی ئەیلولی هەبوو، شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلول بوو بە شێوازی جیا و جوگرافیای جیا ئەگەر دەستكەوتی شۆڕشی ئەیلول ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەمان بێت بە جیهان و زامن كردنی مافە دەستورییەكانی گەلی كورد بێت لە چوارچێوەی رێكەوتننامەی (11ی ئاداری1970) ئەوا دەستكەوتی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بووە و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و یەكگرتنی لایەنە سیاسیەكان بووە كە دواتر لە چوارچێوەی بەرەی كوردستاندا هەموو لایەنەكان یەكبوون ئەو یەكڕێزیەش ئامانج و روئیای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە كە هەمیشە لە هەموو سەردەمەكان بۆی تێكۆشاوە یەكێكی دیكە لە دەستكەوتەكانی شۆڕش كرانەوەی زیاتری جیهان و وڵاتان بوو بە ڕووی شۆڕش و سەركردایەتیدا كە پەیوەندی و دیپلۆماسییەتی شۆڕش لەگەڵ وڵاتان و پارتەكانی دەرەوە لەوپەڕی بەهێزی دابوو لە دەستكەوتە هەر گەورەكەی شۆڕشی 26ی گولانی پێشكەوتنخواز ئەنجامدانی ڕاپەرین و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی دیكە كە بە شانازییەوە جەنابی سەرۆك بارزانی یەكەم سەركردە بوو لە شاری كۆیە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و حوکمڕانی بە دامەزراوەیی كرد.
ئەگەرچی شۆڕشی 26ی گوڵانی پێشكەوتنخواز تەواوكەری شۆڕشی مەزنی ئەیلولە لەسەر هەمان رێباز و میتۆد و پەیڕەوكارانی رێبازی پارتی و بارزانیین، بەڵام شۆڕشی گوڵان لە هەناوی نائومێدی و ڕەشبینیەوە سەری هەڵدا لەسەردەمی شۆڕشی گوڵان دا كۆمەڵێك ڕووداوی جەرگبڕ و بارودۆخی سەخت و كارەساتبار ڕوویاندا هەر لە كۆچی دوایی رێبەری گەورەی نەتەوەییمان بارزانی نەمر لە (1-3-1979) و تاوەكو ئەنفال كردنی (8000) هەشت هەزار بارزانیی (1983) و كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسان و تێكدانی (5000) هەزار گوندی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ئەنفال كردنی (183000) سەد هەشتا و سێ هەزار ژن و منداڵ و ڕۆلەکانی نیشتیمان لە (1988) و كۆچی دوایی جوانەمەرگ کاک (ئیدریس بارزانی) هەمیشە لە یاد (1987) و لێكەوتەكانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران و بۆردومان كردنی زێوە و گوند و شارۆچكەكان و لە سێدارەدانی هەزاران لاوی كورد نەفی و راگواستنەوەی هەزاران ماڵی كورد هەموو ئەو ڕووداو و ناخۆشیانە لە ماوەی شۆڕشی گوڵاندا ڕوویاندا جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەموو ئەو ڕووداو و كارەساتانە بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی لەبەر چاوگرتنی بارودۆخەكان سەركردایەتی شۆڕش و پارتی و ئیدارەدانی بارودۆخەكەی كردووە هەتا گەیاندنی بە كەناری ئارام و سەربەستی و ئازادی.
ئێستا كە (47) ساڵ بەسەر شۆڕشی 26ی گوڵانی پێشكەوتنخواز دا تێدەپەڕێت بۆمان دەردەكەوێت كە سەردەمی شۆڕشی گوڵان سەختترین سەردەمی گەلی كورد بووە لە مێژوودا كە جەنابی سەرۆك بارزانی رابەرایەتی كردووە و بەرەنگاری سەختیەكان بۆتەوە.