غازی حەسەن
ئەم ناوونیشانەی سەرەوە بریتییە لە دوو لێدوانی جیاوازی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (دۆنالد ترەمپ) پێش ئەوەی پێ بنێتە نێو دادگا، وەکو کەسێکی تۆمەتباری گیراوی زیندانی. ئەو دەڵێت “ئێستا بەرەو مەنهاتن دەچم، بۆ ئەوەی بچمە نێو دادگا، ئای شتەکان چەندە سریالین، ئای خودایە زیندانم دەکەن، بڕوا ناکەم ئەمە لە ئەمەریکا ڕووبدات، با ئەمەریکا بکەینەوە ئەمەریکایەکی مەزن”. پێش ئەوەش گوتی “ئەمەی ڕوودەدات، وەکو دۆزەخە لە ئەمەریکا”.

رۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٣ بەڕۆژێکی باش بۆ (دۆلاند ترەمپ)ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانانرێت، چونکە دەستەی بڕیاردەرانی کەیسەکەی لەدادگای مانهاتن لە نیویۆرک، (ترەمپ)یان بەفەرمی تۆمەتبار کرد، بەهۆی ئەوەی لەساڵی ٢٠١٦، بەرتیلی بە (ستۆرمی دانییلز) ئەستێرەی فیلمە ڕووتەکان داوە. دادگا و یاسای ئەمەریکا وای حیساب کردووە و دایناوە ئەمە لەپێناو ئەوە بووە”پەیوەندییە نهێنییەکەی نێوانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەبێت”، بەڵام هەنووکە مەسەلەکە لەنهێنیی و شاردنەوە دەرچووە، ئەوەتە دادگا بڕیاری خۆی دا و بەمەش (ترەمپ) دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا بەم جۆرە دادگایی بکرێت و تاوانبار بکرێت بەم چەشنە تاوانە. هەشە ئەم ڕۆژە بەمێژوویی لە نێو ئەمەریکا دادەنێت.

هقیقەتی ئەم چیرۆکە چۆن بووە و کەی دەستیپێکرد، (ستۆرمی دانییلز) کە ناوی هەقیقی خۆی (ستیڤانی کلیفۆرد)ە، ئەم ئافرەتە پێش هەلمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن دۆنالد (ترەمپ)ەوە پێشوازی لێکراوە، خۆشی دواتر ڕەزامەندبووە لەسەر ئەوەی ١٣٠ هەزار دۆلاری ژێراوژێری پێ بدەن بۆ ئەوەی بێدەنگی لەو تۆمەتانە بکات، کە پەیوەندی بەسێکسەوە هەبووە، بەڵام ئەو نەیتوانی هەتا سەر ئەم نهێنییە بشارێتەوە و دان بەخۆیدا بگرێت. بەکورتییەکی زۆر نهێنی گر دەرنەچوو، ئەوەبوو ساڵی ٢٠١٨ کتێبەکەی چاپ و بڵاوکردەوە و لەوێدا وردەکاریی ئەم پەیوەندییە ئاشکرا دەکات و ئەوەی بن بەڕێ دەهێنێتە سەر بەڕێ. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ئەوەیە و دادوەری مەنهاتن لە نیۆیۆرک (ئەلفین براگ) لەسەر ئەو بنەمایە تۆمەتەکانی ڕووبەڕووی (ترەمپ) کردۆتەوە و لەدیماهیشدا گەیشتنە ئەوەی کە ئەم پیاوە تاوانبارە، چونکە بەنهێنی پارەی داوەتە ئەم ئافرەتە بۆ ئەوەی پەیوەندییە نهێنییەکە و کەتنە سێکسییەکانی بشارێتەوە و بێدەنگی لێ بکات.

دەستەی دادگا بەزۆرینەی دەنگ، (ترەمپ)یان بەفەرمی تۆمەتبار کرد، دادگا و لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ساخکردەوە، ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ١٣٠ هەزار دۆلاری بەو کەسە دیارەی نێو فیلمە ڕووتەکان داوە. ڕووداوەکە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بووە، ئەو گاڤە (ترەمپ) بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بوو. ئەو بڕە پارەیەش لەبەرانبەر ئەوە بووە، ئەم ئافرەتە پەیوەندییە نهێنییەکەی خۆی و (ترەمپ) ئاشکرا نەکات.

بەم جۆرە دادگا چیرۆکە شاراوەکە و شێوازی چارەسەرکردن و شاردنەوەی پتری پەیوەندییە نهێنییەکان دەبێتە ڕاستی و دادگا لەکۆتایدا (ترەمپ)ی ٧٦ ساڵە کە بەنیازە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٤ کاندێد بکاتەوە، دەکاتە ڕاستی و هەواڵەکانیش دەبنە گەرمترین هەواڵی نێو میدیای ئەمەریکی و جیهانی. دادگا داوای خۆڕادەستکردنی (ترەمپ)ی کردووە و ئەویش ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی گوێی لەخوێندنەوەی پەڕاو و هۆکار و ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دادگا و دوا بڕیار بێت، لەبەر پارێزبەندی “دەستی (ترەمپ) کەلەپچە ناکەن لەکاتی دادگایی کردنەکەدا”. پۆلیسی نیۆیۆرک خۆیان ئامادەکردووە نەبادە کاری ئاژاوە و نەخوازراو ڕووبدات، (ترەمپ) دوو هەفتە پێش ئێستا ڕایگەیاند دادگا بڕیای زیندانی دژ دەردەکات و داوای لەلایەنگرانی خۆی کرد کۆببنەوە و پاڵپشتی بکەن. بەڕاستی چیرۆکەکە بووە هەقیقی و دادگا کاری خۆی کرد و مەسەلەکە گەیشتە ئاستێک گەڕانەوەی تێدا نییە.

کاردانەوەی (ترەمپ)
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای مەنهانتن (ترەمپ) دەبێژێت “ئەمە ڕیسواییە و کارە پیس و خراپەکان بایدن بەڕێوەی دەبات. دیموکراتەکان درۆ دەکەن و بەهەموو توانایەکیانەوە دەیانەوێت بمخەنە زیندانەوە، بەڵام ئەوەی دەیکەین نایاساییە، چونکە کەسێکی فەرمی بێ تاوانی وەکو من تۆمەتبار دەکەن” و دەشڵێت ئەمە “مەسەلەیەکی سیاسییە”. دادوەریش کە لەبنەڕەتدا لایەنگیری دیموکراتەکانە ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت “ئێمە لەسەر بنەما سەرەکییەکانی یاسا و بەپێی بەڵگەنامەکان کار دەکەین و شتەکان هەڵدەسەنگێنین”. (ترەمپ) پێداگرە لەسەر ئەوەی دادگاکە ناڕەوایە ئەو کارەی دژی ئەو دەکرێت، بەم شێوەیە وەسف دەکات، کە “ئەو لەگەڵ ئەمەریکییەکانە و لەنیۆیۆرک ناتوانن دادگایەکی ڕاست و تەواو بکرێت” چەند ڕۆژێک پێش ئێستا (ترەمپ) لەکۆبوونەوەیەکی خۆئامادەکرن بۆ هەڵبژاردن لەشاری واکۆ ڕایگەیاند: “دادگای نیویۆرک لەژێر هەژموون و کاریگەریی وەزارەتی نا دادە، ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەگەڵ من دەکرێت نە لەبارەی تاوانکاریی و نە پەیوەندی خۆشەویستییە”.

تیمی بەرگری لە (ترەمپ) دەڵێن “ئەو بۆتە قوربانی گەندەڵیی و شتە شێوێنراوەکان لەنێو سیستەمی دادوەریدا”. سەرۆکی کۆنگرێسیش (کیڤن مکارسی) دەڵێت ” گەلی ئەمەریکا لە دیموکراتەکان خۆش نابیت لەسەرینی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی (ترەمپ)یان کردووە. ئەمە دەستوەردانە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دەبێت وریابین سیستەمی دادپەروەریی لەبەردەم مەترسی دایە”.

ئەندامێکی کۆنگرێس (ئادەم سمیس) لەسەر لیستی دیموکراتەکان گوتیەتی: “تاوانبارکردنی (ترەمپ) شتێکە ڕووی نەداوە، بەڵام ڕەوشت و ڕەفتاری (ترەمپ) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاسا شتێک نییە تازە بێت”. (ترەمپ) لەکاردانەوەکانیدا ڕاشکاوانە و وەکو هەموو جارێک گوتی: “جوولەکانمان و حزبەکەمان یەکگرتووە و بەهێزە، ئەلفین براگ دەشکێنین و هەروەها جۆ بایدنیش دەشکێنین، دواتر هەموو ئەو دیموکراتە گەندەڵانە لە پلە و پایەکانیان دەردەکەین و جارێکی دیکە وادەکەین ئەمەریکا بەهێز و گەورە بێت”.

پۆلیس ئامادەکاری دەکات
بەپێی هەوالێکی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ٣١-٣-٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ژمارەیەکی زۆری پۆلیسی ئەم شارە گەورەیە ئامادە باشە، بۆ ئەوەی لەڕۆژی سێشەممە هیچ شتێکی خراپ لەکاتی دادگایی (ترەمپ) نەقەومێت. بەکردەوەس ژمارەیەک کەم لەلایەنگران و دژەکانی (ترەمپ) لە بەردەم دادگا کۆبوونەوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی خراپ ڕوی نەداوە.

ئەی چ لەبۆش و تچینی و کیسنجەر دەکەن؟
لە وتارێکی ئەکادیمی (بن بۆرخیس) مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی جۆرجیا لە گۆڤاری (دیکی بیست The Daily Beast)ی ئەمەریکی دەڵێت “پێشوازی لەدادگایی (ترەمپ) دەکەم و داواش دەکەم سەرۆکەکانی ئێستا و ئەوانی دیکەش وەکو چۆن هەموو هاووڵاتیەکی ئەمەریکی و وڵاتەکانی دیکە دەخرێنە بەردەم دادگا، ئەونیش بخرێنە بەردەم دادگا. دەشڵێت (ترەمپ) دادگایی دەکەن ئەی چ لە جۆرج بۆش و تچینی و کسینجەر دەکەن؟.

ئەم نووسەرە دەڵێت پێویستە جۆرج دەبلیو بۆش لەسەر بڕیاری جەنگ دژی عێراق و تاوانەکانی و ئاکام و ئەو چەکانەی دژی خەڵک بەکارهێنراون سزا بدرێت. (بۆرخیس) سەرسوڕمانی خۆی بەپێدانی پارە بە ئافرەتێک دەردەبڕێت لەپێناو بێدەنگ کردنی، لەکاتێکدا لە تاوانەکانی بۆش بێدەنگ دەبن. ئاماژە بەلێبوردنەکەی (جیرالد فۆرد)ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بۆ(ریچارد نیکسون) دەکات، کە ئەو بە ئاماژەیەکی مەترسیداری دادەنێت و ئەمە وایکردووە سەرۆکەکان لەسەرووی یاساوە بن، سەرباری ئەو لێبووردنەی (باراک ئۆباما) بۆ ئەو کەسانە دەریکرد کە ئازاری گیراوەکانی سەردەمی بۆشیان دابوو.

ئەو نووسەرە پێی وایە بۆش لەدەرەوەی یاسا بووە، ئەمە هەر تەنیا ئەو نەبووە بەم شێوەیە (نیکسۆن)یش هەمان شتە، ئەو بڕیارەی ئەو کە لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی ئەو کات (هینری کسینەر) گواستراوەتەوە و بڕیاردراوە لەشەڕی کەمبۆدیا “هەر شتێک بفڕێت، یان بجووڵێت پێویستە تۆپباران بکرێت”. ئەمە ئەو کاتە بووە کە لەسەردەمی نیکسۆن بەشێوەیەکی نایاسایی ئاگربارانی کەمبۆدیا کراوە. لەکاتێکدا کینسجەر ئێستاش وەکو بەرپرسێکی ڕێزلێگیراوی گەورەی بەتەمەنی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

(بۆرخیس) لەم گۆڤارە ئەمەریکییەدا لەبارەی دادگایی (ترەمپ) دەبێژێت “(ترەمپ) تاوانی زۆر لەوە خراپتری کردووە، کە ئێستا بەتاوانی پێدانی پارە بەنهێنی بە ئافرەتێک دادگایی کراوە، سەیر بکەن ئەو بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی زیادکرد لەو وڵاتانەی کە ئەمەریکا لەگەڵیان لەدۆخی جەنگدا نەبووە، لەکاتێکدا لەوێ خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی”. فيديو 02 minutes 26 seconds02:2

ئەی تاوانی دەنگدان و بەڵگەنامەکان
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ (ترەمپ) ئامادە نەبوو و ئێستاش بڕوای بە دۆڕانەکەی نییە، ئەمەش پەیوەستە بەو ١١ هەزار و ٧٧٠ دەنگەی لە جۆرجیا چووە سەر دەنگەکانی بایدین و ئەمەش دەبێتە یەکەمین سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەدوای ساڵی ١٩٩٢ لەم ویڵایەتەدا. (ترەمپ) پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی ناوچەکە (براد رافنسبر جێر) دەکات و پەیوەندییە دەنگییەکەشی تۆمارکراوە و هەڕەشەی لێ دەکات و داوای لێ دەکات ئەم دەنگانە بخرێتە سەر لیستی کۆمارییەکان بۆ ئەوەی ئەو بەارنبەر بایدن براوە بێت، مووچەخۆرەکەش ئەمە ڕەت دەکاتەوە، بۆیە پێی دەڵێت “تۆ یاریەکی گەورەی مەترسیدار دەکەیت”. ئەمەش بەهەڕەشە حیساب دەکرێت. بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان هەڕەشە دژی بەرپرسەکان و بێزارکردنیان سزاکەی دەگاتە بیست سڵل زیندانی.

ئەمە بیست ساڵ، ساڵی ٢٠٢١ دادگا داوای لە (ترەمپ) کرد هەر بیست کارتۆن بەڵگەنامەی نهێنی بگێڕێتەوە، کە لەماڵەکەیدا لە مارالاگۆ دۆزرایەوە. هەر ئەو کات ١٣هەزار بەڵگەنامە و لەناویاندا ١٠٣ بەڵگەنامەی نهێنی هەبوو. بەپێی زانیارییە یاساییەکان ئەمەش سزاکەی دەگاتە دە ساڵ زیندانی، کۆسپ دروستکردن لەبەردەم لێکۆڵینەوەکانی دادگاش بیست ساڵ سزای بەدواوەیە و خراپ بەکارهێنانی بەڵگەنامە نهێنییەکانیش سێ سال و دواخستن و کۆسپ و درۆ کردنیش پێنج ساڵ زیندانی تێدایە.

ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات (ترەمپ) تووشی ساڵانێکی زۆری سزای زیندان و سزای دارایی دەبێتەوە، چونکە هەموو ئەو شتانەی کردوویەتی بەپێی یاسا ئەگەر لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت و دادگا لەدژی گومانلێکراو بڕیار بدات، ئەوە ساڵانێکی زۆری زیندانی بۆ دەبڕێتەوە، دەستوەردان لە ئاکام و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠یش یەکێکە گومانەکانی دیکە بەپێی یاسا نزیکەی بیست ساڵ زیندانی بەدواوەیە. ئەم سزایە پەیوەندیی بەهۆکارەکانی دواخستنی ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردن و هێرشەکانی سەر کەپیتۆلەوە هەیە. ئەم زانیاریانە لە گۆڤاری لوبوانی فەرەنسی وەرگیراون.

بەسیاسی کردنی شتەکان
لەیەکەمین کاردانەوەدا (ترەمپ) لە سۆسشیال میدیادا گوتی “شتەکەکان بەسیاسی کراون”، ئەم قسەیەی دژی دادوەری مەنهانتنە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی (ترەمپ) بەم جۆرە هێرشی دەکرێتە سەر و دەیانەوێت ڕێگەی خۆهەڵبژاردنەوەی لێبگرن و نەهێلن لەخولی داهاتووی ٢٠٢٤دا مافی خۆی کاندێدکردنی هەبێت. لەکاتێکدا ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن بەهۆی ئەو تۆمەتانەی باس دەکرێت، بۆتە هۆکارێکی ئەرێنی تاکو لەنێو کۆمارییەکاندا لایەنگری (ترەمپ) زیاد بکات و دوورنییە دادگایی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، نێوبانگ و پێگەی جەماوەری ئەو بەهێزتر بکات. هیچ یاسایەکیش بەهۆی سزای لەم جۆرەی دادگا نییە، کەسێک نەتوانێت خۆی کاندێد بکات، چونکە یاسا تەنیا سێ مەرجی ئاسایی بۆ خۆکاندێکردن داناوە، کە ئەمانەش ڕێگرنابن لەبەردەم (ترەمپ) بۆ خۆ کاندێکردن کردنەوە.

هەندێک لەڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکاش پێیان وایە دادوەر (ئەلفین براگ)، کە یەکێکە لەئەندامەکانی حزبی دیموکرات دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ڕێگە لە (ترەمپ) بگرێت و نەتوانێت خۆی کاندێد بکاتەوە. لەکاتێکدا (ترەمپ) ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە ئەو خۆی کاندێد دەکات و دادگاش ناتوانێت ئەو مافەی لێ بسێنێتەوە. ئەم سەرکردە دیارە یەکێکە لەئەستێرە گەشەکانی نیویۆرک و دڵیشی بەم شارە خۆشە، کەچی ئێستا هەر لەم شارەدا دادگایی دەکرێت و تۆمەتبار دەکرێت بە کاری یاساشکێنی.

یاسای ویڵایەتەکان جیاوازە
دەستووری ئەمەریکا ڕێگر نابێت لەبەردەم خۆکاندێکردنی کەسێک ئەگەر سزا درابێت، بەشی یەکەم و لەبەندی دووەمی دەستوردا هاتووە هەموو کەسێک مافی خۆ کاندێکردنیان بۆ سەرۆکی وڵات هەیە ئەگەر لە ئەمەریکا لەدایک بووبێت، یان تەمەنیان لە ٣٥ ساڵ کەمتر نەبێت و ١٤ ساڵیش بێ پچڕانەوە لەنێو ئەمەریکا ژیا بن. بۆیە مەرجەکان هیچ ئاماژەیەکیان بۆ تاوانکاریی و سزادان تێدا نییە. بەم شێوەیەش بێت (ترەمپ) ئەگەر سزاش بدرێت، ئەوە مافی خۆپاڵاوتن و چوونە نێو ململانێی هەڵبژاردنەکانی هەیە.

تەنیا شتێک ئەگەر بیانەوێت ملی (ترەمپ)ی پێ با بدەن، ئەوەیە کە ئەگەر هەمواری بڕگەی چوارەم بکرێت، کە پەیوەندی بەهاندان و جۆشدانی یاخیبوون و هاوکاری و پاڵشتی ئاژاوە هەیە. دەتوانرێت ئەمە ببەستنەوە بە ئاژاوەکەی کاپتۆل، لە گاڤێکدا ئەگەر گریمانەی ئەم جۆرە تۆمەتباریەشی بۆ دروست بکرێت، نابێت لەبیری بکەین یاسای ویڵایەتەکان جیاوازن. هەندێکیان ڕێگن لە خۆتۆمارکردنی (ترەمپ) و هەندێکیشان ئاساییە و هیچ بڕگەیەکی دەستووریی لەم جۆرەیان نییە، ڕێگر بێت لە کەسێک کە دادگا تۆمەتباری کردبێت بەتاوانێکی یاسایی نەتوانێت خۆی کاندێد بکات. بۆیە لەم دۆخەدا ئەگەر دەستووریش ڕێگەی پێ نەدات، ئەو دەتوانێت بەپێی یاسای هەندێک ویڵایەت خۆی کاندێک بکاتەوە.

دواین گریمانە و پێشهات ئەوەیە دەستووری فیدرالی تاکە سەرچاوەی گشتی بۆ ئەوەی نەهێلێت (ترەمپ) خۆی کاندێد بکاتەوە، بەڵام نابێت لەبیری بکەین بەهۆی دابەشبوونی حزبی و زۆرینەی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس و زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، ئەمەش کار و هەنگاوێکی ئاسان نابێت و ئاریشە و لێکدانەوەی زۆری دەوێت و دەستووری فیدرالیش بەشێوەیەکی کاریگەر و یەکگرتوو هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات. لەکاتێکدا (ترەمپ) پێش ئێستا خۆی ڕایگەیاندووە، کە پێشبینی ئەوە دەکات دادگا فەرمانی زیندانی دژ دەربکات و بۆیەش داوای لەلایەنگرانی خۆی کرد پاڵپشتی بکەن و ناڕازیەتی دەربڕن.

ئەوانەی زیندان بوون و خۆشیان کاندێد کرد
لەمێژووی سیاسی ئەمەریکادا شتی لەم جۆرە ڕوویداوە، بۆ یەکەمین جار لەساڵی ١٧٩٨ (ماسیۆ لیۆن) وەکو نوێنەری کۆنگرێس خۆی هەڵبژارد، لەکاتێکدا بە تۆمەتی (هاندان) دژی حکوومەت زیندانی کرابوو. هەروەها (یوجین دیبس) دامەزرێنەری پارتی سۆسیالیستی لە ئەمەریکا ساڵی ١٩٢٠ ئەو کاتەی لە زیندان بوو، مافی خۆ کاندێکردنیان پێدا و بەشداری هەڵبژاردنیشی کرد، هەرچەندە نەیتوانی سەربکەوێت بەڵام ٩١٣،٦٩٣ دەنگی بەدەستهێنا.

هەر (ترەمپ) کەتنکەر نەبووە. بەپێی زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکا و ڕۆژنامە جیهانییەکان هەر تەنیا (ترەمپ) کەتنی سێکسی نەبووە، ژمارەیەک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکاش تووشی ئەم دۆخە هاتوون و تاکو هەنووکەش بەدواداچوون بۆ کەتنە سێکسییەکانیان دەکرێت، لەوانە:
جۆرج واشنتن: یەکەم سەرۆکی وڵات منداڵێکی لە ئافرەتێک بەناوی (ڤینۆس) هەبووە کە خزمەتکاریی نێو ماڵیان بووە لە ڤەرجینیا. ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ساڵی ١٩٩٩ ئەم مەسەلەی بیری هەمووان خستەوە.

تۆماس جێفرسۆن: تاوانبارکراوە بەوەی منداڵێکی لەخزمەتکارەکەی بەناوی (سالی هیمینگز) هەبووە ئەو کاتەی لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتی بووە. خێزانی جێفرسۆن ئەو کاتەی جێگری سەرۆک بووە کۆچی دوایی کردووە، دوای ئەوە لەمەزرەعەکەی لە ڤەرجینیا ئەم کەتنەی کردووە، ساڵی ١٩٩٨ پشکنینی دی ئێن ئی بۆ نەوەی هەردووکیان کراوە، ئەندرۆ جاکسۆن: ئەمەش کەتۆتە بەر ڕەخنەی زۆر چونکە هاوسەگیری لەگەڵ (ڕاشیل دونلسۆن روباردز) کردووە، پێش ئەوەی بەفەرمی لەمێردی یەکەمی جیاببێتەوە.

ولیام هنری هاریسۆن: کوورترین ماوە لەمێژووی ئەمەریکا سەرۆک بووە، باسی ئەوە دەکرێت کە ئەویش پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ (دیلسیا)ی خزمەتکاری هەبووە. ئەم ئافرەتە بانگەشەی ئەوەش دەکات، کە شەش منداڵی لە (هاریسۆن) هەیە. ئەم پیاوە دوای ٣٢ ڕۆژ لەسەرۆکایەتی ئەمەریکا کۆچی دوایی کردووە.

جۆن تایلەر: ڕۆژنامەی واشنتن پۆست گوتیەتی ئەو کاتەی تایلەر دوای هاریسۆن دەسەڵاتی وڵات دەگرێتە دەست، بڕیاری لێبوردنی بۆ دەردەچێت، کە منداڵێکی لەیەکێک لە خزمەتکارەکانی لە ڤەرجینیا دەبێت، جیمس گارفیلد: گارفیلدیش پەیوەندی ناشەرعی لەدەرەوەی هاوسەرگیری لەساڵی ١٨٦٢ لەگەڵ ئافرەتێک هەبووە، ئەو کاتەی ژەنەرال بووە لەشەڕی نێوەخۆدا.

گروفەر کلیفلاند: ئەم سەرۆکە بۆ ماوەی دوو خوڵ لەسەرۆکایەتی ئەمەریکا ماوەتەوە. ڕۆژنامەی «Buffalo Evening Telegraph» ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم سەرۆکەش پێش دە ساڵ لە خۆ کاندێدکردنی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا منداڵێکی لە ئافرەتێک بەناوی (ماریا هالبین) هەبووە، ئەم ئافرەتە خراوەتە نەخۆشخانەی دەروونی و منداڵەکەشیان لەلایەن خانەوادەیەکی دیکەوە سەرپەرشتی کراوە و لەخۆگیراوە. دواتر (هالبین) ئاشکرای کردووە، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ (کلیفلاند) ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو ئەو دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر، هەرچەندە ئەو ئەم تۆمەتەی ڕەتکردۆتەوە، گوتیەتی ئەمە پێش هاوسەرگیری بووە.

وارن هاردینگ: هاردینگ سەرۆکی بیست و نۆیەمی ئەمەریکا بووە، لەماوەی سەرۆکایەتیدا پەیوەندی لەگەڵ (نان بریتون) هەبووە، بێ ئەوەی هاوسەرگیریی بکەن و منداڵێکیشی لەم ئافرەتە هەبووە. هاردینگ پێش کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی کۆچی دوایی کردووە، دوای پشکنینی دی ئێن ئی دەرکەوتووە بەکردەوە منداڵەکە هی ئەوە. لەساڵی ١٩٢٣ ئەوە بڵاوکراویەوە، کە (فلۆرنسا)ی خێزانی ئەم پیاوەی ژەهرخواردی کردبێت.

فرانکلین رۆزفلت: ئەویش پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ (لوسی میرسر) سکرتێری خێزانەکەی خۆی (ئەلیانور) هەبووە، وەکو سەرچاوە ئەمەریکییەکان ئاماژەیان پێکردووە ڕەنگە ئەم پەیوەندییە لەساڵی ١٩١٦ بووبێت. بۆیە (ئەلیانور) داوای جیابوونەوەی لە (رۆزفلت) کردووە، دوای ئەوەی نامەی خۆشەویستی لە (میرسر) لەجانتاکەی دەدۆزێتەوە، بەڵام لێکجیا نەبووەنەوە و وەکو ژن و مێرد مانەوە.

دوایت ئیزنهاوەر: ئەم سەرۆکەش پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ ئافرەتە شوفێرەکەی (کای سمرسبی) هەبووە، بەپێی زانیارییەکانی نووسەرێک ساڵی ١٩٤٥ (ئیزنهاوەر) داوای لە ژەنەرالی مێردی (سمرسبی) کردووە ، خێزانەکی تەڵاق بدات، بۆ ئەوەی ئەو هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات، جۆن ئێف کینیدی: ژمارەیەک پڕوپاگەندەی هەمەجۆر لەبارەی کینیدی بڵاوکراوەتەوە لەوانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەستێرەی بەناوبانگی سینەما (مارلین مونرو).

لیندون جۆنسون: وا بڵاوە، کە (جینسۆن)یش پەیوەندیی ژێراوژێری عاشقانەی لەگەڵ ژمارەیەک ئافرەت هەبووە، یەکێک لەوانە (مادلین براون)ە لە بۆ ماوەی ٢١ ساڵ پەیوەندیی لەگەڵ درێژە پێداوە. بەپێی نووسەری بیرەوەرییەکانی دەگێڕێتەوە ڕۆژێک (جینسۆن) کە باس دێتە سەر پەیوەندییەکانی کینیدی لەگەڵ ئافرەتان، لەمێزەکەی بەردەمی دەدات و دەڵێت من لە کینیدی پتر پەیوەندیم لەگەڵ ئافرەتان هەبووە.

جۆرج بۆش: جۆرج بۆشی باوک بەوە ناوی دەهێنن کە پەیوەندی لەگەڵ دوو ئافرەت هەبووە، یەکێکیان مووچەخۆری کۆشکی سپی بووە، لەو کاتەی سەرۆکی وڵات بووە. ئەوی دیکەشیان گوایە لەشەستەکاندا پەیوەندیی لەگەڵ ئافرەتێکی دیکەدا هەبووە، هەرچەندە بۆش هەردووکیانی ڕەتکردۆتەوە، بیل کیلنتەن: سەرکێشی و هەڵسوکەتەکانی کیلنتەن بەنێوبانگە و ڕەوشتەکانی بووە جێگەی مشتومڕ لەنێو ڕاگەیاندنی ئەمەریکا و دونیا، ئەمە نوێترین بیرەوەری و بیرخستنەوەیە، کە تەنیا چەند ساڵێک پێش ئێستا و پێش کەتنەکانی (ترەمپ) ڕوویداوە، جۆرج دەبلیو بوش: بەپێی زانیارییەکانی (BuzzFeed) بۆشی کوڕ لەتکساس دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر ئافرەتێک و لەئاکامدا ئەو ئافرەتە خۆی کوشتووە، هەروەها گوایە پەیوەندییی نهێنی لەگەڵ ئافرەتێکی سەماکەر بۆ ١٨ هەبووە و ئەم پەیوەندییەش لەساڵی ١٩٩٩ کۆتایی پێهێنراوە.

دادوەر کێیە؟
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی ئەم دادوەرە ناوی (ئەلفین براگ)ە منداڵی گەڕەکی هارلمە لە نیویۆرک و بۆتە دادوەر لەناوچەی مەنهاتن دوای ژیانێکی جدی و سەخت و ئازایانە و داواکارێکی سەرسەختی دادپەروەریی. ڕۆژنامەکە پێی وایە ئەم دادوەرە چووە نێو مێژوو، بەو پێیەی یەکەم کەسە بڕیاری تاوانباریی دژی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەرکردووە. (براگ) تەمەنی ٤٩ ساڵە و پێشتر یارمەتیدەری داواکاری گشتی ویڵایەتی نیویۆرک بووە و لەزانکۆی هارفارد خوێندوویەتی و ساڵی ٢٠٢١ وەکو یەکەمین دادوەری ڕەپێست لە مەنهاتن هەڵبژێردراوە، لەهەشتا ساڵی ڕابردووشدا ئەمە چوارەمین کەسی ڕەشپێستە ئەم پلەیە وەردەگرێت.

ئەم پیاوە بڕیاری داوە کار لەپێناو پارێزگاری دانیشوانی نیویۆرک لە زۆردارەکان بکات و هەڵەکانی زولمی ڕابردوو ڕاست بکاتەوە، لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی بیروباوەڕە هەڵەکان. بۆیە لەگەڵ دۆخ و دۆسیەی یەکجار هەستیار کار دەکات و لەم پێناوەشدا بنکە و بنەماکانی نەهێشتنی ڕق و جیاکاریی فراوانکردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی (بومیرانتز) کە ئاماژەی بە توانا و بەکارهێنانی پارە لەلایەن (ترەمپ) لەپێناو بێدەنگکردنی خەڵک کردووە، ئەو ئەم دۆخەی لەنێو کتێبەکەی وەها وەسفکردووە لە (زامبیز) دەچێت و شتێکە نامرێت. (براگ)یش لیستی تاوانەکانی (ترەمپ)ی لەسەر هەمان بنەما داڕشتووە.

ئابڕووچوونەکان پێش هەڵبژاردن
لە ئەمەریکا بەهۆی ئەوەی ڕاگەیاندن دەتوانێت دزە بەشتە نهێنییەکان بکات و زۆرترین قسە لەسەر بچووکترین نهێنیش بکات، سیاسەت لەم وڵاتەدا ناتوانێت خۆی لە دادگا و چاودێری و لێپرسینەوە بدزێتەوە. پێش (ترەمپ) چەندین سەرۆکی دیکەی ئەم وڵاتە بەهۆی ئابڕووچوونی سێکسی، یان سیاسی و ئابووری و بڕیار هەڵەکانیان تووشی ئابڕووچوونی سیاسی گەورە لە سەد و شەست ساڵی ڕابردوو بوون، لەوانە:

بیل کیلنتەن: لەنیوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکی لەژێر چاودێری و لێپێچینەوە بووە بەهۆی ئەو کارانەی لەبواری بەرهەمهێنان لەپڕۆژەی (وایت وەتەر)ی بیناسازیی و پەیوەندییە سێکسییەکانی لەگەڵ مووچەخۆرێکی کۆشکی سپی هەیبووە. هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک بۆ سەرپێچی ئەو نەدۆزرایەوە، تەنیا ئەوە نەبێت دوو لە کەسە نزیکەکانی (جیم و سۆزان ماکدوگال) نەبێت سزا دران، بەڵام ڕاپۆرتەکەی ستار لەساڵی ١٩٩٨ کە تایبەتبوو بەپەیوەندییەکانی کیلنتەن لەگەڵ (مۆنیکا لوینسکی)، مەبەست و شتەکانی لەوەکورت کردەوە کە کلینتەن درۆی لە سوێندخواردنەکەی کردووە و کۆسپی لەبەردەم دادگا هەڵچنیووە. لەکۆتایدا لە ١٩ دیسێمبەری ١٩٩٨ کۆنگرێس بڕیاری دا ئەو لەکارەکانی بەردەوام بێت تاکو کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٠١.

رۆنالد ڕیگان: هیچ دادگایی نەکرا بەهۆی هەموو ئەو ئابڕووچوونانەی لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕووبەڕووی کرانەوە. لەوانە پلانی چەک بەرانبەر ئازادکردنی دەستبەسەرەکان، کە لەکۆتایدا بە (ئێران کۆنترا) ناسرا، لەئاکامی ئەو ئابڕووچوونەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی (جۆن بۆیندکستر) دەستی لەکارکێشایەوە و هەروەها یارمەتیدەرەکەشی (ئۆلیڤەر نۆرس) لەکار دەرکرا و هەردووکیان بە دەستخەڕۆدانی کۆنگرێس تاوانبارکران. دواتر تاوانەکانیان لەسەر هەڵگیرا و سڕایەوە.

ریچار دنیکسۆن: لەساڵی ١٩٧٤دا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا سەبارەت بەچوونە نێو بارەگای لیژنەی نیشیمانی پارتی دیموکرات لە واشنتن. ئەمەش ئەو کات بە (وۆتەرگێت) ناونرا، حەوت کەس لەم کارە تۆمەتبارکران و پێنجیان دانیان بە کارە هەڵەکەدا نا. ئەم ئابڕووچوونە وایکرد (نیکسۆن) نەتوانێت بۆ جاری دووەم خۆی کاندێد بکاتەوە. ئەمەش بەستراوەیەوە بەسێ تاوانی نایاسایی، لەوانە (ڕێگەگرتن و کۆسپ نانەوە لەبەردەم بەڕێوەچوونی کاروباری دادگا و دادوەریی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و فریودانی کۆنگرێس). ئەم سێ تاوانە بەس بوو بۆ ئەوەیەڕێگەی نەدەن دووبارە خۆی کاندێ بکاتەوە.

لەهەمان کاتدا نابێت لەبیری بکەین (یولیسیس ئیس. گرانت)یش توانبارکرا بە ژمارەیەک تۆمەت و سەرپێچی. ساڵی ١٨٧٥ وەزیری دارایی لێکۆڵینەوەی لە باجی مەی کرد، کە لەمێژووی ئیداریی و سیاسی ئەمەریکادا بە (ئەلقەی وێسکی) بەنێوبانگە، سەدان کەس گیران و دروستکەرانی ئەم مەیە بە ملیۆنان دۆلاریان لە باجی مایەکەی خۆیان پەنا دابوو لەپێناو پڕکردنی گیرفانی تایبەتی خۆیان گلیان دابۆوە، هەروەها (ئەندرۆ جۆنسۆن) لەکار لادرا بەهۆی ناکۆییە توندەکانی لەگەڵ کۆنگرێس بەهۆی کێشەکانی ئاوەدانکردنەوە دوای شەڕی ناوەخۆ. بڕیار و لەکارلادانیش چیرۆکی نوێنەری دیموکراتەکانە لە ویڵایەتی تێنسی، ئەمەش لەساڵی ١٨٦٤ دوای غافلکوژییەکەی (ئەبراهام لنکۆلن) یەکسەر (جۆنسۆن) لەساڵی ١٨٦٥ بووە سەرۆکی ئەمەریکا. چیرۆکی لابردنی ئەویش پەیوەندی بەدەرکردنی بڕیاری لێبوردنی سەرکردەکانی کۆنفدرالی بوو، سەرباری پێداگری و ڕێگەگرتن لەدرێژ نەکردنەوەی مافی ڕەشپێستە ئازادەکان لەبەشداری لەدەنگدان بوو، لە ٥ی مارسی ١٨٦٨ لە کۆشکی سپی دادگایی (جۆنسۆن) دەستی پێکرد. دوای دوو مانگ کۆتایی هات، لەئاکامدا نەیانتوانی لەدەسەڵاتی دوور بخەنەوە، ساڵێکی مابوو ئەویشی تەواو کرد، بەڵام حزبی دیموکرات ڕەتی کردەوە جارێکی دیکە کاندێدی بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی وڵات.

دیموکراتەکان پێیان خۆشە و نیگەرانیشن
پارتی دیموکراتی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی (ترەمپ) بەڕکابەرێکی سەرسەخت دەزانن و پێشوازی لەبڕیاری دادگا دەکەن بۆ سزادانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان، لەهەمان کاتدا نیگەرانیشن، بۆ؟ سیناتۆری میانڕەوی دیموکراتەکان (جۆ مانشین) دەڵێت: “زۆر هۆکار هەن بۆ ئەوەی پاڵپشتی (ترەمپ) نەکەین، هەروەها زۆر هۆکاریش هەن نیشانی دەدەن ئەمە پیاوی سەرۆکایەتی نییە، بەڵام دەبێت دڵگران بین، پێویستە سیستەمی دادوەری نەبێتە بەشێک لەڕەوتی سیاسی” و هوشداریشی دا لەوەی “ئەمەی بوو کاریگەریی پێچەوانەشی دەبێت، کە هەندێک پێشبینیان کردووە، (ترەمپ) پێگەی بە‌هێزتر دەبێت”. ئەمە قسەی نێو ڕاگەیاندنەکانە، کە ئەندامێکی دیموکراتەکان کردوویەتی.

دیموکراتەکان بەدوای هەندێک لەتۆمەتی دیکەوەن دژی (ترەمپ) ئەو تۆمەتانەش بریتین لە “هاندانی لایەنگرەکانی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێس واتە ڕووداوەکانی کەپتۆل” و “فشار خستنە سەر بەرپرسانی هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی ئەنجامی دەنگدان و سەرباری وەرگرتنی هاریکاری لە وڵاتە بیانییەکان. تاوانی دیکەش لەوەی بووەستێت، کە لەماوەی فەرمانەڕەواییەکی کردوویەتی”. هەندێک لەدیموکراتەکان پێیان وایە تاوانبارکردنی (ترەمپ) بە تاوانی (ستورمی دانییلز) ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ داپۆشین و شاردنەوە “بەهای تاوانەکانی دیکە”، کە تاوانی زۆر جددین. لەوانە هەولدان بۆ گزی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا و کێشەی بەڵگەنامە نهێنییەکان و هێرشکردنە سەر کاپتۆل لە ٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، ئینجا هاندانی یاخیبوون، کە ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕێگەی لێبگرن لەوەی خۆی جارێکی دیکە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا کاندێد بکاتەوە.

(ترەمپ): وڵاتەکەمان بەرەو دۆزەخ دەچێت
لە ڕۆژی سێشەممە لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣ دۆلاند (ترەمپ) لە نیویۆرک دەچێتە دادگا و دەستیشی ناخرێتە نێو کەلەپچەوە، دەڵێت “ئەمە کردەیەکی چەوسێنەرانەیە و وڵاتەکەمان بەرەو دۆزەخ دەچێت”، لەدرێژەی پۆستەکەی دەڵێت “دەچمە نیویۆرک تاکو وابکەم ئەمەریکا سەرلەنوێ مەزن ببێتەوە” ئەمەی لە سۆشیال میدیا “تروس” ڕاگەیاندووە.

(ترەمپ) لەبەردەم دادوەر
پێ دەچێت تونێلەکە بەئاسانی دەرگا و پەنجەرەی دەرچوونی تێدا بدزۆرێتەوە و لە کۆتایی چیرۆکە غەمگینەکەی (ترەمپ)دا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ لەبەردەم دادوەر لە دادگای مەنهاتن دانیشت و گوێی لەلیستی ئەو گومان و تۆمەتانە گرت، کە دادگا وەکو تاوان و لێکۆڵینەوە بۆی خوێندەوە. ئەمە ڕۆژێکی مێژووییە (ترەمپ) یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە لە دادگای تاواندا دادگایی بکرێت. ٣٤ تۆمەت خراوەتە ستۆی (ترەمپ)، لەنێویاندا بەرتیل دانە، کە ساڵی ٢٠١٦ دراوتە ئەکتەرێک بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەن و پەیوەندییە نهێنییەکان ئاشکرا نەکات. (ترەمپ) دادگایی کردنەکەی خۆی بە (سریالی) وەسفکرد. دادگا (ترەمپ)ی ئازاد کرد و هەر ئەو ڕۆژە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە فلۆریدا، (ترەمپ) وەکو هەمیشە گوتی “ئەو تاوانبار نییە”. پارێزەرەکانی (ترەمپ) گوتیان هیچ یەکێک لەو تۆمەتانەی دادگا باسی دەکات، تاوانێکی فیدرالی نین. لەکاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەدا رێگە بەدەزگاکانی ڕاگەیاندن نەدراوە ڕووداوەکان بگوازنەوە. ڕاستە ئەو وەکو تاوانبارێک دەستی نەپێچراوەتەوە، بەڵام پەنجەمۆری وەکو گومانلێکراو و تۆمەتبارێک لەبەردەم دادوەری گشتی وەرگیراوە. دەمیشی پێچرا و نەیتوانی هیچ کردە و کاردانەوەیەکی لەنێو دادگا لە ڕاگەیاندن بڵاوبکرێتەوە.

دیماهیی بۆ کۆتایی
دوا قسەی ئەم سەرۆکەی پێشووی ئەمەریکا ئەوەیە دادگایی ئەو “ئیهانەی نەتەوەی ئەمەریکایە”. پێ ناچێت ئەمە کۆتایی چیرۆکە گەرم و بزوێنەرەکانی ئەم سەرۆکەی ئەمەریکا بێت. پێ دەچێت دیموکراتەکان تا دوا شوێن فشار و دەسەڵات و هێزی خۆیان لەڕووی یاساییەوە دژی (ترەمپ) بەکاربهێنن، ئەویش تا دوا سەنگەر تەقەی خۆی دەکات و نایەوێت دەستەبەرداری پێگە و خەون و خواستەکانی خۆی بێت. پیاوێکی سەخت، مەزاجی، قسە ئاگرین و هاندەرێکی توندی توندوتیژییە. ئەو دادگایی خۆی بە دۆزەخ بۆ ئەمەریکا و دژی نەتەوەی ئەمەریکا و بەسریالی ناو دەبات. بزانین ڕووداوەکان لە چەند مانگی داهاتوو بەرەو کوێمان دەبەن. دیموکراتەکان دەیانەوێت ئەو بشکێنن و نەهێلن کاندێد بێت، ئەویش دەیەوێت سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا بێت!.