دکتۆرە ئەڤین فەتاح حاجی مام
لەم چەند رۆژەی دوایی، ڕووداوی نەخوازراو دوور لە رەوشت و ئاکاری هەولێر و خەڵکەکەی رووی دا، کە ئەمەی رووی دا بۆ هەموو لایەک بێزاری بە دوای خۆیدا هێنا، بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە دانیشتوانی شاری هەولێر، لە رووی ژمارە و جۆردا، گۆڕانکاریەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە، لە دەرئەنجامدا پێشکەوتنێکی پڕ شانازی و لێکەوتەی نەخوازراویش بەدی دەکرێت.

لە هەموو دونیادا، پایتەخت و شارە فراوانەکان، لەم جۆرە ڕووداوانە بێ بەش نین، بگرە زۆرجار دانیشتوان ئەم جۆرە شارانە بە شوێنێکی ئارام و هێمن بۆ ژیان نازانن و دووردەکەونە بۆ ئەو شار و شارۆچکانەی کە چڕی دانیشتوانیان کەمترە، ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە، کە نە هەولێرییەکان و نە دانیشتوانی هەولێر بە گشتی، چاوەڕێی ئەم جۆرە بێرێزیانە ناکەن.

وەک هاووڵاتیەکی رۆشنبیر، یەکتر قبووڵکردنیان کردۆتە بنەمای پێکەوە ژیانیان، ئەوەی گرینگە کە لایەنی پەیوەندار لە حکوومەت، بەرنامە و پاکێچی تایبەت بە رۆشنبیرکردنی هاووڵاتیان، بەتایبەت گەنجان دەوڵەمەندتر بکات و بیخاتە خزمەت دانیشتوانی، دەکرێت بیرێک لە دەیان بەرنامەی رۆشنبیری جۆراو جۆر بکرێتەوە، کەتایبەت بێت بە ڕۆشنبیریی خود و پێگەیاندنی کەسایەتی و رێزگرتن و یەکتر قبووڵکردن، چۆنیەتی زاڵ بوون بە سەر خود لە کاتی توڕەبوون، کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز، میکانیزمی ئارام بوونەوە، گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان، ماددەهۆشبەرەکان لە نێو گەنجان و لاوان…. هتد.

هەڵبەتە ئێمە بە دەیان زانکۆ و پەیمانگەی حکوومی و ناحکوومیمان هەیە، دەکرێت سوود لە لایەنی لۆجستی و زانستی و ئەکادیمی و سەرچاوە مرۆییەکانیان وەرگرین. داوا بکەین لەم زانکۆیانە، کە کۆرس بووک و پلانی ساڵانەیان بۆ رۆشنبیرکردن و بیرفراوانی گەنج و لاوانی گەڕەکەکان هەبێت، زانکۆکان تەنها لای ئێمە موڵکی قوتابی و مامۆستایەکانن، لە وڵاتانی پێشکەوتوو زانکۆ موڵکی گەڕەکە، دانیشتوانی گەڕەک لە قوتابییەک زیاتر سوود لە زانکۆکانیان دەبینن. لە ڕێگای بەشداربوونیان لە خولی زستانە و هاوینە تایبەت بەم بوارانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
رووداوی تر روودەدا، گرینگ سوود لە ئەزموونی یەکتر ببینین. هیوای ساغ و سەلامەتی بۆ گشت لایەک دەخوازین.