كامه‌ران خۆشناو
لە ناوەڕاستى سەدەى هەژدەهەم و کاتێ ئامێرەکان شوێنى کرێکارانیان گرتەوە ئەمە بە سەرەتای شۆڕشى پیشەسازى لەسەر ئاستى جیهان دانرا، هەرچەندە ئەم بزاڤە تەکانێکى ئابوورى و گەشەسەندێکى تەکنەلۆژى هێنایەکایەوە، بە ڵام پیسبوون و پاشاگه‌ردانییه‌كی ژینگەیی بەدواى خۆیدا هێنا بە شێوەیەک؛ کە جیهانى خستە بەردەم چەندین گۆڕانکارى نەرێنى کە ژیانى لەسەر زەوى خستە مەترسى. لە مپێناوەدا مرۆڤایەتى کەوتەخۆ بۆ دۆزینەوەى ڕێگاچارە، چونکە کێشەكە ناوخۆ نییە کە ته‌نها وابەستەى وڵاتە پیشەسازییەکان بێت، بە ڵکو بۆتە دێوەزمەیەک و یەخەى هەموو بوونەوەرانى گرتووە بە جۆرێك، کە هەر دواکەوتنێک لە چارەسەرکردنى کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و به‌رده‌وامبوونی ژیان ده‌خاته‌ مه‌ترسی. ئەوەتا له‌ کۆتایى سەدەى ڕابردوو ئاکامەکانى به‌دیاركه‌وتن لە کوونبوونى چینى ئۆزۆن و توانەوەى کێوە سەهۆڵییەکانى جەمسەرى باکوور و گەرمبوونى پلەکانى گەرما و… هتد.

بازرگانى دەردراوەکان
گەر باس لە دەردراوەکان(Emissions) بکەین، ئەوا بەمشێوەیە پێناسەى دەکەین كه‌ بریتییە لەو دەرهاوێشتانەى لە ئاکامى گڕگرتنی سووتەمەنییه‌ بەردینه‌كانی (Fossil Fuel) لە جۆری (رەژوو، نەوت و غازى سرووشتى) دێنەکایەوە؛ کە زۆربەی كات دووەم ئۆکسیدى کاربۆنیان لێدێته‌به‌رهه‌م.
لەم چەند ساڵەى دوایدا ئەم دەردراوانە بوونەتە کەرەستەیه‌كى بازرگانى و بازاڕاێکى گەرمیان هەیە کە بنەچەکەى پشت بە قەدەغەکردن و نەهێشتنى پیسبوون دەبەستێت، ئەمەش لەمیانى دەستەبەرکردنى هاندەرى ئابوورى (حوافز) بۆ هێنانەکایەى کەمترین ڕێژەى ئەم دەردراوانه‌. كه‌ ئەمه‌ش زۆربەى کات لە ڕێگەى حکومەت و دەسەڵاته‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت، کاتێ هەڵدەستن بە دەستەبەرى فرۆشتنى کۆمەڵێکى سنووردار لە رێدان ( رێدانى ڕەزامەندى پێویست بۆ دەردانى ڕێژەیەکى سنوورداری ده‌ردراو له‌ كاربۆن لە ماوەیەکى دیاریکراودا) لێرەدا ئەوانەى ژینگە پیسدەکەن بارته‌قاى پیسکردن و دەردانەکانیان ڕێدانیان دەسکەوێت. به‌مپێیه‌ ئەوانەى بڕێکى زیاتر دەردەكەن لەوەى ڕێگایان پێدراوە ناچارن ڕەزامەندى و ڕێدان لە شوێنى دیکەوە پەیدا بکەن، بۆیە بە دواى ئەم رێدانانە دەگەڕێن و ئەمەش بۆتە مایەیی بازرگانى و سازدانی بازارێكی تایبەت بەم ڕێگەپێدانانە. ده‌ره‌نجام به‌رده‌وامبوون له كار و ژینگه‌پیسكردن بازاڕێکى چالاکى فرۆشتنى ئەم ڕێگەپیدانه‌ هاتۆتەکایەوە و ڕێدانەکەش بە (کرێدیت کاربۆن) ناونراوە. لەمبوارەدا گەورەترین بەرنامەى بازرگانى بۆ ئەم غازە پیسکەرانە ناوی (EUAS) ە کە بریتییە لە بەرنامەى یەکێتى ئۆرپى بۆ بازرگانیکردن بە دەردراوەکان.

بازاڕى ده‌ردراوەکان
لە ڕێگەى کرێدیت کاربۆن باڵانسی کۆمپانیایەک بریتییه‌ له‌ بڕى یەک تۆن لە دووەم ئۆکسیدى کاربوون، کە دەتوانى لە ڕێگەى چالاکییەکانى دەریدات. خۆ ئەگەر بڕى کارەکانى ڕێژەى غاز و کاربۆنى دەردراو زیاتر بوو لە باڵانسەکەى، ئەوا پێویست دەکات کرێدیتى زیاتر بە دەست بێنیت بارتەقاى دەردانەکەى. بەمپێیە ناچار دەبێت یەک لە دوو بژاردە هەڵبژێرى؛ یا ئەوەتا ڕێژەى دەردانى دووەم ئۆکسیدى کاربۆنەکەى کەمبکاتەوە (كه‌ ئه‌مه‌ش داواكراوه‌كه‌یه‌) یانیش پارە لە کڕینى کرێدیت کاربۆنى زیاتر خەرج بکات، کە زۆربەى کات ئەم بڕە پارەیە دەخرێتە خزمەتى پڕۆژەکانى ژینگەپارێزى و گەشەسەندنى بوارى وزە نوێبووەکان، له‌ ساڵی 2021 سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئۆرپی ئۆرسۆلا فون دیرلین په‌یماننامه‌ی سه‌وزی ئۆرپی نوێی راگه‌یاند كه‌ هاوشانی به‌كاربه‌ران له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌یبه‌خشن. كه‌ وابه‌سته‌ی زنجیره‌یه‌ك كارڕاییه‌؛ له‌ پێشه‌وه‌یاندا فراوانكردنی بازاری ده‌ردراوه‌ كاربۆنییه‌كانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك؛ كه‌ بواری دیكه‌ له‌خۆبگرێت؛ وه‌ك گواستنه‌وه‌ و گه‌رمكردنی باڵه‌خانه‌كان. ئه‌مه‌ش‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی‌ غازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن به‌رێژه‌ی 55% له‌ ساڵی 2030 و كردنی به‌ 100% له‌ كۆتایی ساڵی 2050دا.

لە ئێستادا چه‌ندین بازاڕى ئاڵوگۆڕى کرێدیت کاربۆن هەن کەوابەسته‌ى پەیماننامەکانى نەتەوە یەکگرتوەکانن لەمەڕ گۆڕانى کەشوهەوا، له‌وانه‌:-
( بۆرسەى شیکاگۆ بۆ کەشوهەوا، گۆڕێنى کەشوهەواى ئۆرپی،NASDAQ QMX COMMODITIES ، NASDAQ QMAX EUROPE، ئاڵوگۆركردنی وزه‌ی ئۆرپی).
به‌ پێی پێشبینی پسپۆران ئه‌م كه‌رته‌ خێراترین بووژانه‌وه‌ی به‌ خۆ دیووه‌ له‌بازاڕه‌ جیهانییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك؛ كه‌ به‌ڕێژه‌ی 164% گه‌شه‌ی كردووه‌ و ته‌نها پارساڵ گه‌یشتۆته‌ 851 ملیار دۆلار. ئه‌م هه‌موو زیاده‌یه‌ له‌ سیسته‌می ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌ردراوه‌كان له‌میانی‌ یه‌كێتی ئۆرپی (EU ETS) بووه‌ كه‌ ساڵی 2005 دامه‌زراوه‌ و جێگیرترین بازاڕه‌ له‌ جیهاندا.‌ كه‌ به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی Refinitiv Carbon Market in Review ئه‌م سیسته‌مه‌ بڕی %90 به‌های جیهانی و به‌ڕێژه‌ی 765 ملیار دۆلار پێك دێنێت. جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ نرخه‌كان ساڵی رابردوو له‌ 80 یۆرۆ بۆ تۆنێك وه‌ستان؛ واتا دووهێندی نرخه‌كان له‌ كۆتایی 2020؛ هه‌ر به‌ پێی پێشبینی شاره‌زایان ئه‌م كه‌رته‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین بازاڕی ئالوگۆڕی له‌ جیهاندا.

زاراوەى کرێدیت کاربۆن
بۆیەکه‌مجار لەساڵى (1997) ئەم زاراەوەیە هاتە کایەوە، ئەوەى لە لایەن دەزگاى حکومەتى نێودەوڵەتى وابەستەى گۆڕینى کەشوهەوا (IPcc)ى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان داهێنرا به‌مه‌به‌ستی کەمکردنەوەى دەردراوه‌کاربۆنییه‌كان لەسەرتاسەرى جیهاندا. ئەمەش لەپه‌راوێزی پەیماننامەى ساڵى (1997)ى ناسراو بە پرۆتۆکۆلى کیۆتو. کە لە میانیدا چەندین ئامانج دانران بۆ کەمکردنەوەى دەردراوه‌كان لە و وڵاتانەى واژوویان لەسەرى کردووه‌، دواتریش پەیماننامەیەکى دیکە لە مەڕاکش سازدرا بۆ سازكردنی یاساکانى تایبەت بە کاراکردنى سیستەمەکە.
بە مپێیە ئەم کرێدتانە لە وڵاتە جیاوازەکان و بە پێ ى خەمڵاندنى دەردانەکە دابەش دەکرێن؛ یاخود له‌ رێگه‌ی دیاركردنی پشکەکان هەر وڵاتێک بۆى هەیە لە ناوەخۆ دابەشی بکات.

جۆره‌كانی كرێدیت كاربۆن
جێگای ئاماژه‌بۆكردنه‌ دوو جۆر كریدێت هه‌ن:
1- جۆری VER واتا كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ده‌ردراوه‌كان: بریتییە لە قەرەبوى ئەو کاربۆنەى لە بازاڕ ئاڵوگۆڕى پێدەکرێت یان لە دەرەوەى بۆرسە بەدەست دەهێنرێت.
2- جۆری CER واتا کەمکردنەوەى ڕاستێندراوى دەردراوەکان: بریتییە لەو یەکانەى کرێدیت لە میانى پەیکەری ڕێکخستنەوە سازدەدرێن لە پێناو ڕێکخستنى بوودجەى دەردراوەکانى پڕۆژەیەک. ئه‌وه‌یان جیاوازى لەگەڵ ئەوەى یەکەم ئەوەیە کە لە لایەن دەزگایەکی فه‌رمییه‌وه‌ ڕێکدەخرێن و پشتڕاست دەکڕێنەوە.

سیستەمى یەکێتى ئۆرپا بۆ ئاڵوگۆرکردنى دەردراوەکان
سیستەمى یەکێتى ئۆرپی یەکەم و گەورەترین سیستەمى جیهانییە بۆ ئاڵوگۆڕکردنى دەردراوەکان و بە شێوەیەک سازدراوە کە یاریدەدەر بیت بۆ کەمکردنەوەى دەردانى غازەکان و لەسەرجەم بوارەکاندا. ئەم سیستەمە بنەچەى سیاسەتى یەکێتى ئۆرپایە بۆ قەدەغەکردنى گۆڕانى کەشوهەوا؛ ئەمەش لە ڕێگەى پێدانى دەستەڵات بە وڵاتانى یەکێتى ئۆرپی بۆ کڕین و دەستاودەستکردنى دەردانەکان لە کەمترین ڕێژەى ڕێگەپێدراو.
بە ڵێ؛ لە ڕێگەى ئەم سیستەمەوه‌ بەشداربووان دەتوانن کڕین و فرۆشتن بە پشكه‌كانیان بکەن، تاوەکو پرۆسەى کەمکردنەوەى دەردانەکان بە زۆر نەوەستێت لە سەریان.
ئەم سیستەمە ساڵى (2005) هاتەکایەوە بە مەبەستى چاودێریکردنى کۆمپانیاکانى گه‌ورەى بوارى وزە و ئەو کۆمپانیایانەى ڕێژەى زۆریان هەیە لە وزە بەکاربردن. دواتر و له‌ ساڵى (2008) بەرفراوان بوو و زۆرێک لەو دامودەزگایانەى گرتەوە کە غاز دەرده‌ده‌ن؛ بە تایبەت کەرتى فڕۆکەوانى.

پەیماننامەى پاریس
زۆرێک لە وڵاتان گەیشتنە ئەو ڕاستییەى کە بابەتى گۆڕانى کەشوهەوا پرسێکى جیهانییە و لە سنوورى هەرێمایەتى دەردەچێت؛ چارەسەرکردنى پێویستى بە بەشدارى هەموو لایەک هەیە، ئەمەش لە پێناو هه‌نگاونان بەرەو ئابووریەکى کاربۆندابه‌زیو. لەمپێناوەدا (197) وڵات پەیماننامەى پاریسیان لە خۆ گرت.
ئەو پەیماننامەى لە دوازده‌ی کانونى یەکەمى (2015) لە لایەن (21) لایەن لە پاریس واژووى لەسەر کراوە و دواى کەمتر لە ساڵێک کەوتە وارى جێبەجێکردن و ئامانج لێى کەمکردنەوەى دەردانى غازەکانى گەرمبوو و رێگەگرتنه‌ لە بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما. تا ئێستا (194) وڵات و یەکیتى ئەوروپى واژوویان لەسەر کردووە لە وانەش 87% لەو وڵاتانەى بەرپرسن لە دەردانى غازە گەرمینەکان.
پەیماننامەى پاریس لە چوارى تشرینى دووەمى ساڵی 2016 کەوتە وارى جێبەجێکردن و ناواخنى لە سێ خاڵى سەرەکى چڕ دەبێتەوە:-
1- ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى زەوى بۆ کەمتر لە دوو پلە و راگرتنی له‌ یه‌ك و نیو پلەى سەدى.
2- خستنەڕووى پابەندییەکانى وڵاتان بە کەمکردنەوەى دەرەدانەکان هەر پێنج ساڵ جارێک.
3- پەیداکردنى بوودجەى تایبەت بە که‌شوهەوا بۆ وڵاتە هه‌ژاره‌كان.

دیاردەى گەرمبوون
لەو چەند ساڵەى دوایى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بوونەتە دێوەزمەیەک و زەوى بە دەستیانەوە دەناڵێنى؛ ئەمەش بە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى غازە گەرمینه‌کانی وەک میثان و دوانەى ئۆکسیدى کاربۆن؛ ئەوانەى له‌به‌رزاییه‌كانی ئاسمان كۆده‌بنه‌وه‌ و چینێک پێك ده‌هێنن و پلەى گەرمى لە نێو بەرگى زەوى قەتیس دەکەن و پلەكانى گەرمى زەوى به‌رز دەکەن.

ئەڵمانیا و بازرگانى کاربۆن
بە پێى ئامارەکان لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا (2022) ئەڵمانیا توانیویەتى قازانجێکى چاوەڕوانکراو بکات لەم بازرگانییە؛ و به‌مپێیه‌ بڕى 13,2 ملیار یۆروى دەستکەوتووە لە مافەکانى فرۆشتنى دەردانەکانى غازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن. بڕەكه‌ش بەم شێوەیە بووە:-
1- بڕى 6,8 ملیار یۆرو لە بازرگانى دەردراوەکان لە گەل ئۆرپا.
2- بڕى 6,4 یۆرو لە بازرگانى ناوەخۆیى.
ئه‌وه‌ی دڵخۆشكه‌ره‌ کە ئەم بڕە پاره‌یه‌ بە تەواوى دەخرێتە سندوقى کەشوهەوا و شێوازەکانى وزە. جێگاى ئاماژەیە کە پارساڵ ئەڵمانیا ژمارەى پێوانەیى تۆمارکردبوو لەم بوارەدا بە بڕى 12,5 ملیار یۆرو کە هەمووى لە گەشەسەندنى گواستنەوەى کارەبایى و درووستکردنى هایدرۆجین خەرجکرد.

عێراق و په‌یماننامه‌ی پاریس
لە دووى تشرینى دووەمى ساڵی 2021 عێراق چوە نێو پەیماننامەى پاریس و چەکى دارایی بڕی بەشداربوونى پێشکەش کرد. بەمپێیە پێویستە عێراق پابەندى ناواخنى پەیماننامەکە بێت و هەوڵى کەمکردنەوەى دەردراوەکان بدات و لە بوارى ژینگەپارێزى کاراتر ده‌ركه‌وێت و بەرنامەدارێژى بۆ بکات؛ لەو کاتەى کە بوارى کارەبا له‌ عێراقدا وێرانە (بە شێوەیەکى گشتى پشت بە سووتاندنى غازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن دەبەستێت) و لە بوارى وزه‌نوێبۆوەکان گه‌له‌ك له‌دواوه‌یه‌ و پێویسته‌ کارى جدیتر بکات و هەنگاوى گەورەتر بهاوێژێ.
هه‌رچه‌ند ئه‌ركی عێرق قورسه‌؛ به‌ڵام لە لایەکى دیکە ئەم پەیماننامە یارمەتى عێراق دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانى کەشوهەوا بە تایبەت لە جێگیركردنی پشكه‌كانی ئاو لەگەڵ تورکیا و ئێران، ئەمه‌ جگه‌ لە یارمەتیدانى لە بەره‌نگاربوونەوەى دیارده‌ی به‌ بیابانبوون ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی دروستکردنى پێشتێنەى سەوز بە دەورى شارەکان و بڵاوکردنەوەى تەکنەلۆژیا و هۆشیارى ژینگەیی.

پێشنیاز
له‌پێناو سوود وه‌رگرتن له‌مبواره‌دا پێشنیاز ده‌كه‌م کۆمپانیایەکى نیشتیمانی کوردستانى بۆ كریدێت كاربۆن دروست بکرێت و به‌شی كوردستان له‌ كریدێت كاربۆن به‌و بسپێردرێت بۆ فرۆشتنی له‌ بازاره‌كانی ناوه‌خۆ. بەهۆى ئەوەى زۆرێک لە کۆمپانیاکانی له‌ كوردستان لە بوارى دەرهێنانى نەوت و بەرهەمهێنانى کارەبا کاردەکەن هەموویان لە ڕێگە باو و تەقلیدیەکانه‌وه‌ ئەم کارە ئەنجام دەدەن، کەواتە غازى گەرمبوویان هەیە و کاربۆن دەردەدەن، بۆیە پێشنیازدەکەم حکومەتی هه‌رێم ناچاریان بکات کارتى کاربۆنى بکڕن.
ده‌كرێت به‌شێك له‌ پشكه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ به‌و كۆمپانیا جیهانیانه‌ی بفرۆشێت كه‌ دەردانى کاربۆنیان لەبەشەکانى خۆیان زۆر زیاترە و لەم ڕێگەیەوە کوردستان بخرێتە سەر نەخشەى جیهان بازارى کاربۆن.

سندوقى سەوز
ئەم بڕە پارەیەی لەم پرۆسه‌دا دەست دەکەوێت بخرێتە سندوقێکى تایبەت و ناوبنرێت (سندوقى سەوز) و لە ڕێگایەوە:-
1- پاڵپشتى لە وزە نوێبۆوەکان بکرێت.
2- هەوڵى زیادکردنى سەوزایى لە ناو شارەکان بدرێت.
3- پشتێنەى سەوز بە دەورى شارەکان درووست بکرێن.
4- به‌نداویان پێ درووست بكرێت له‌شوێنی هه‌ستیار بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو.
5- برێك ته‌رخان بكرێت بۆ پاراستنی ژنگه‌ و درووستكردنی پارێزراوی سرووشتی (محمیات طبیعیة‌) بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵ و بالنده‌ و دره‌ختانه‌ی مه‌ترسی قڕبوونیان له‌سه‌ره‌.
5- بڕێک تەرخان بکرێت بۆ نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە به‌گشتی و هی منداڵان به‌تایبه‌ت.

ئه‌ندازیاری شاره‌زا له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران