خەبات:سولین سلێمان:- عەبدوڵا مامەند راهێنەر و یاریزانی لەشجوانی کە خاوەنی چەندەها نازناوی پاڵەوانێتی لەشجوانیە لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، لەم دیمانەیەدا تیشك دەخەینە سەر سوود و زیانەكانی وەرزش کردن لە مانگی رەمەزان.
لەبارەی كاتی وەرزش كردن لە دوای بەربانگ راهێنەری لەشجوانی عەبدوڵڵا مامەند بۆ خەبات گووتی: وەرزش کردن راستەخۆ دوای بەربانگ زیانێکی زۆری بۆ جەستە هەیە، چوونکە بە رۆژ لەشمان بەتاڵە و پاشان لە ناکاو خواردن و خواردنەوەیەکی زۆر دەخورێت، ئەمەش وا دەکات کە ئەندامەکان بکەونە ژێر فشارەوە، بەمەش کەمتر دەتوانی تەرکیز بخەیتە سەر ئەنجامدانی راهێنانەکان، وا باشترە سێ کاتژمێر بەسەر بەربانگكردنەوە تێپەڕێت ئەوكات گرنگە دەست بە ئەنجامدانی راهێنانەکان بکرێت، ئەگەر خواردنە سوورکراوەکان و شیرنەمەنی بخورێت، بۆ گەدە هەرسكردنی دوا دەكەوێت، لەو کاتەدا ئەگەر وەرزشیش ئەنجام بدرێت هەست بە لەش قورسی دەکەیت.
دەربارەی چۆنیەتی کێش دابەزاندن و کێش سەرخستن، لە مانگی رەمەزان عەبدوڵڵا مامەند گووتی: ئەو کەسانەی کە دەیانەوەی لەم مانگەدا کێشیان دابەزێنن وا باشە پێش بەربانگ 30دەقە تا 45دەقە یاری کاردیۆی سوک بکەن، چوونکە لەو کاتەدا گەدە بەتاڵە، دەبێتە هۆی ئەو بۆشاییەی لە دەستی داوە سوود لە چەوریەکەی وەربگرێت، بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ کێشیان سەربخەن لەم مانگەدا دەتوانن ئەگەر خەوێکی رێک و خواردنێکی رێکی هەبێت دەتوانرێت کێشی لەشی پێ زیاد بێت. گووتیشی” لە کاتی بە رۆژی بوون رەنگە یاریزانی لەشجوانی بە تایبەت ئەوانەی کێشیان سەردەخەن توشی لە دەستانی ماسولکە ببن.