غازی حەسەن
هەندێک زانیاریی و ئاماژە و داتا هەن، مرۆڤ تووشی ڕاچلەکین و ترس و لەهەمان کاتدا هەژانی دەروونی و ئەخلاقی دەکەن. مێژووی کۆیلایەتی بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. (سپارتاکۆس) وەکو پاڵەوانی ڕزگارکەری کۆیلەکان لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ناوی دێت. لەنێو گەشەکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن و ئازادی و پەرەپێدانی بنەماکانی مافی مرۆڤ بڕوا ناکرێت لەسەردەمی نوێدا کۆیلەی هاوچەرخ هەبێت!. لەم بابەتە شیکارییەدا دەخەبتین هەندێک زانیاریی نوێ لەبارەی کۆیلە و کۆیلەبوونی هاوچەرخ لەدونیای ئێستادا لێک دەینەوە.

پێناسە و پێوانەی کۆیلایەتی لای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
“بازرگانیکردن بە مرۆڤ” و “کۆیلایەتی مۆدێرن” وەک زاراوەی چەتر بەکاردەهێنرێن بۆ ئاماژەکردن بە هەردوو بازرگانی سێکس و کاری زۆرەملێ، یاسای پاراستنی قوربانییەکانی بازرگانیکردن لەساڵی ٢٠٠٠ کە هەمواریش کراوەتەوە (TVPA) و پرۆتۆکۆڵی ڕێگەنەدان بەسەرکوت و سزادانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەکان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، کە تەواوکەری ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە دژی تاوانە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (پرۆتۆکۆڵی پالێرمۆ)یە. ئەم بوارە کە تایبەتە بە خزمەتکردن، کۆمەڵێک زاراوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت. لەوانە کۆیلایەتی لەدەرەوەی ئیرادەی مرۆڤەکان، کۆیلایەتی، یان پراکتیزە هاوشێوەکانی کۆیلایەتی. کۆیلایەتی قەرز و کاری زۆرەملێ.
بەپێی بۆچوونەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەم جۆرە کۆیلایەتییە و بازرگانی کردن بە مرۆڤەکان دەکرێت وەکو کردەیەکی بەکردەوەی جووڵەدار بێت و هەندێک جاریش دەکرێت هیچ کردار و جووڵەیەکی تێدا نەبێت. بەواتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین ئەوانەی بەئارەزووی خۆیان جۆرە کارێکی کۆیلایەتیانە دەکەن، یان ئیستغلال بکرێن دەکرێت وەکو کۆیلە هەژمار بکرێن. جۆرەکانیشیان بەم شێوەیە دیاریی کردووە:

بازرگانیکردن بە سێکسەوە
کاتێک کەسێکی پێگەیشتوو بەشداری کردەیەکی سێکسی بازرگانی دەکات، وەک لەشفرۆشی، لەئەنجامی هێز، هەڕەشەی هێز، ساختەکاری، زۆرەملێ، یان هەر تێکەڵیەکی ئەم جۆرە شێوازانە، دەکرێت ئەو کەسانە وەکو قوربانی بازرگانی هەژمار دەکرێن. لەکاتی ئاشکرابوونی ئەم بارودۆخانە، تاوانبارەکان کە بەشدارن لەدامەزراندنی کەسێک لەکارێک ، داڵدەدان، ڕاکێشان، گواستنەوە، دابینکردن، بەدەستهێنان، پاڵپشتیکردن، داوالێکردن، یان پاراستنی کەسێک بەو مەبەستە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەتاوانباری بازرگانی سێکسیی دادەنرێت و هەروەها بازرگانی سێکسی لەوانەیە لەڕێگەی فۆرمێکی تایبەتی زۆرەملێوە ڕووبدات، کە کەسەکان ناچارن لەشفرۆشی لەڕێگەی بەکارهێنانی “قەرزێکی نایاسایی” لەپێناو درێژەدان بەم شێوە ژیانە بەکاربهێنن، کە گوایە لەڕێگەی گواستنەوەیان، دامەزراندنی کارمەندەکانیان، یان تەنانەت “فرۆشتن”یانەوە ئەنجام دراوە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەپێداگرییەوە ئیستغلالە. تەنانەت ئەگەر کەسێکی بەتەمەن و بەفام لەسەرەتادا ڕەزامەندی نیشان بدات بۆ بەشداریکردن لە لەشفرۆشیدا ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە: ئەگەر کەسێکی بەتەمەن، دوای ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانە، دواتر لەڕێگەی دەستکاری دەروونی یان هێزی جەستەییەوە لەکارەکەی دوور بخرێتەوە، ئەوا دەبێتە یەکێک لەقوربانییەکی بازرگانیکردن بەسێکس و پێویستە ئەو یارمەتییانە وەربگرێت، کە لە پرۆتۆکۆڵی پالێرمۆدا هاتووە.

بازرگانیی بە منداڵان لەڕووی سێکسییەوە
کاتێک منداڵێک (لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵ) بێت، کاری پێکرا، ڕاکێشرا، داڵدەدەدرێت، دەگوازرێتەوە، شتەکانی بۆ دابین دەکرێت، هەلومەرجەکانی بۆ بەدەست دەهێنرێت، پاڵپشتی دەکرێت، داوای لێ دەکرێت، یان پارێزگاری لێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی سێکسی بازرگانیی، لەڕێگەی سەلماندنی هێز، ساختەکاری، یان زۆرکردن هیچ پێویست بەوە ناکات بەدوای هۆکاردا بگەڕێین تاکو تاوانەکە وەکو بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەژمار بکرێت و تاوانبار دادگایی بکرێت . لەم یاسایەدا هیچ جۆرە هەلاوردە و تایبەت پۆشییەک نییە: هیچ عەقڵانییەکی کولتووری، یان ئابووری کۆمەڵایەتی لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، کە ئەو منداڵانەی لە لەشفرۆشیدا ئیستغلال دەکرێن قوربانی بازرگانیکردنن. بەکارهێنانی منداڵان لەسێکسی بازرگانیدا بەپێی یاسای ئەمەریکا و بەپێی یاسا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان قەدەغەیە. بازرگانیی بەسێکسەوە دەرئەنجامی وێرانکەری دژ بە منداڵان هەیە، لەوانە زەبر و زەنگی جەستەیی و دەروونی درێژخایەن، نەخۆشی (لەوانەش ئایدز)، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، دووگیانی نەخوازراو، بەدخۆراکی، دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت مردنیشی لێ ڕوو دەدات.

کاری زۆرەملێ
کاری زۆرەملێ، هەندێکجار بە بازرگانیی بە (کار)یش ناودەبرێت، ئەو چالاکیی و بوارانە دەگرێتەوە، لەوانە دامەزراندنی کارمەند، داڵدەدان، گواستنەوە، دابینکردن، یان بەدەستهێنان- کە کاتێک کەسێک هێز، یان هەڕەشەی جەستەیی بەکاردەهێنێت، زۆرەملێی دەروونی دەسەپێنێت، خراپ بەکارهێنانی پرۆسەی یاسایی، فێڵکردن، یان ئامرازە زۆرەملێییەکانی دیکە بۆ ناچارکردنی کەسێک لەپێناو کارکردن دەگرێتەوە. کاتێک کارەکانی کەسێک بەم شێوەیە ئیستغلال دەکرێت ڕەزامەندی پێشوەختەی ئەو کەسە بۆ کارکردن لای خاوەنکارێک لەڕووی یاساییەوە هیچ بایەخ و پەیوەندییەکی نییە: خاوەنکارەکە بازرگانە و بەئیستغلالی کارەوە تۆمەتبارە و کارمەندەکەش قوربانی بازرگانیکردنەکەیە. کۆچبەران بەشێوەیەکی تایبەت ڕووبەڕووی ئەم جۆرە بازرگانیکردنە بە مرۆڤ دەبنەوە، بەڵام ڕەنگە کەسەکان لەوڵاتەکانی خۆیاندا ناچار بکرێن کار بکەن. ئافرەتە قوربانییەکان کاری زۆرەملێ، یان بەندکراو، بە تایبەت ئافرەتان و کچە بەکۆیلەکراوەکانی ناوماڵ، زۆرجار دەستدرێژی سێکسی، یان ئیستغلالکردنیان دژ ئەنجام دەدرێت.

کاری بەندە، یان کۆیلایەتی قەرز
یەکێک لەجۆرەکانی دیکەی بەزۆرەملێ سەپاندنی خواستی بازرگانەکانە لەهەردوو بواری بازرگانی سێکسی و کاری زۆرەملێدا، ئەویش بەکورتی بریتییە لەسەپاندنی گرێبەست، یان قەرزێکە لەلایەن باوک و باپیرانیانەوە و وەکو میرات بۆیان جێهێلراوە. هەندێک لە کرێکاران قەرز وەردەگرن. بۆ نموونە لە باشووری ئاسیا مەزەندە دەکرێت کە ملیۆنان قوربانی بازرگانیکردن هەن، کە کاردەکەن بۆ دانەوەی قەرزی باوک و باپیرانیان. هەندێکی تریش دەبنە قوربانی بازرگانەکان، یان دامەزرێنەر و دامەزراوەکان، کە بەشێوەیەکی نایاسایی قەرزێکی سەرەتایی ئیستغلال دەکەن، کە بە ئاگاداری، یان بەبێ ئاگاداری وەک مەرجێکی دامەزراندن بە کرێکارەکە بەخشراوە. بازرگانەکان، دەزگاکانی کار، دامەزرێنەران و خاوەنکارەکان لەهەردوو وڵاتی ڕەسەن و وڵاتی کۆچبەر دەتوانن بەشداری بکەن لەکۆیلایەتی قەرزەکان بەپێدانی بڕە پارەیەک لەپێناو دامەزراندنی کرێکاران و ڕێژەی سوودی بەزیادەوە، ئەمەش وا دەکات دانەوەی قەرزەکە قورس بێت، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. لەوانەیە ئەم جۆرە بارودۆخانە لەچوارچێوەی بەرنامەکانی کاری کاتیدا ڕوو بدەن، کە تێیدا دۆخی یاسایی کرێکارێک لە وڵاتی کۆچبەر بەستراوەتەوە بە خاوەنکارەکەوە بۆیە کرێکاران لەئەنجامی ئەم جۆرە فشارانە ترسیان دەبێت داوای چاکسازی بکەن.

خزمەتکاری ناوماڵ
کۆیلایەتی نائیرادەییی ناوماڵ، جۆرێکی دیکەی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە، کە لەبارودۆخی جیاوازدا دەبینرێت، لەوانە: کارکردن لەشوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتدا- کە دۆخێکی لاوازی ناوازە بۆ قوربانییەکان دروست دەکات. ئەمەش تاوانێکە کرێکاری ناوماڵ ئازاد نییە لەجێهێشتنی کارەکەی و سووکایەتی پێ دەکرێت و مووچەی کەمی پێ دەدرێت، ئەگەر لەبنەڕەتدا هەر مووچەکەشی پێ بدرێت. بەشی زۆری کرێکارانی ناوماڵ ئەو یارمەتی و پارێزگارییە سەرەتاییانە وەرناگرن، کە بەشێوەیەکی باو بۆ گروپەکانی تری کرێکاران تەرخان کراوە، لەوانە دەکرێت ئاماژە بەشتگەلێکی سادەی وەکو ڕۆژی پشوو بدەین. جگە لەوەش زۆرجار توانای جووڵەکردنیان بەشێوەیەکی ئازاد سنووردارە و دامەزراندن لەماڵە تایبەتەکاندا گۆشەگیریی و لەدەستدانی وزەیان زیاد دەکات. بەرپرسانی کار بەگشتی دەسەڵاتی پشکنینی بارودۆخی کارکردنیان لە ماڵە تایبەتەکاندا نییە. کرێکارەکانی ناوماڵ بەتایبەت ژنان ڕووبەڕووی جۆرەها دەستدرێژی و هەراسانکردن و ئیستغلال دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی سێکسی و جێندەریی. ئەم پرسانە بەیەکەوە وەرگیراون، ڕەنگە نیشانەکانی دۆخێک لەدۆخەکانی کۆیلایەتی ناوماڵ بن. کاتێک خاوەنکارێک کە کرێکارێکی ناوماڵی هەیە ڕەنگە پێگەیەکی دیپلۆماسی هەبێت و پارێزبەندی لەدەسەڵاتی دادوەری مەدەنی، یان تاوانکاری پسپۆرانەی هەبێت، ئەمەش هاندەرە بۆ ئەوەی پتر کاری کۆیلایەتی ناوماڵ پەرە پێ بدات.

کاری زۆرەملێی منداڵان
هەرچەندە منداڵان دەتوانن بەشێوەیەکی یاسایی بەشداری هەندێک جۆرە کار بکەن، بەڵام منداڵان لەدۆخێکی کۆیلایەتی، یان هاوشێوەی کۆیلایەتیدا دەبینرێن. هەندێک لەنیشانەکان کاری زۆرەملێی منداڵان بریتین لەو بارودۆخانەی کە بەئاشکرا دیارە منداڵەکە لەژێر دەستی کەسێکی غەیری خێزانەکەی دایە و بەزۆر داوا لە منداڵەکە دەکات کارێک ئەنجام بدات، کە لەڕووی داراییەوە سوودی بۆ کەسێکی دەرەوەی خێزانی منداڵەکە دەبێت، منداڵەکە هیج بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم دا نییە. وەکو سواڵکردنی زۆرەملێ، مەسەلەکە نابێت تەنیا بەچاکسازی و پەروەردە ببەسترێتەوە. کاتێک منداڵان دەکرێنە کۆیلە، نابێت ئیستغلالکارەکانیان لەسزای تاوانکاری ڕزگاریان بێت.

دامەزراندنی نایاسایی و چەکداریی منداڵان
چەکداریی و بەسەرباز گرتنی منداڵان دەرکەوتەی بازرگانیکردنە بەمرۆڤەوە، لەکاتێکدا ئەمە بریتییە لەدامەزراندنی نایاسایی، یان بەکارهێنانی منداڵان لەڕێگەی هێز، ساختەکاری و فشاری زۆرەملێ لەلایەن هێزە چەکدارە شەڕکەرەکان، یان جۆرەکانی تری کار. تاوانباران لەوانەیە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت، ڕێکخراوە نیمچە سەربازییەکان، یان گروپە یاخیبووەکان بن. زۆربەی منداڵانەکان بەزۆر دەڕفێنرێن بۆ ئەوەی وەک شەڕکەر بەکاربهێنرێن. هەندێکی تریش وایان لێدەکرێت وەک دەرگاوان، چێشتلێنەر، پاسەوان، خزمەتکار، نێردراو، یان سیخوڕ کار بکەن. کچانی گەنج لەوانەیە ناچار بکرێن “هاوسەرگیری بکەن”، یان لەلایەن فەرماندە و شەڕکەرە نێرەکانەوە دەستدرێژییان بکرێتە سەر. زۆرجار هەردوو سەربازە منداڵە نێر و مێیەکان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر، یان ئیستغلال دەکرێن و بەکاردەهێنرێن و ئەم جۆرە منداڵانە تووشی هەمان جۆرە دەرئەنجامە جەستەیی و دەروونییە وێرانکەرەکان دەبن، کە پەیوەندییان بە بازرگانیکردن بەسێکسی منداڵانەوە هەیە.
https://www.state.gov/what-is-modern-slavery/

چوار سەد هەزار کۆیلە لە ئەمەریکا
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان زیاتر لە 400 هەزار کەس لە ئەمەریکا لە دۆخی ‘کۆیلایەتی مۆدێرن’دا دەژین. ئەم بابەتە لەلایەن لایەنە پسپۆر و پێوەرە جیهانییەکانی کۆیلایەتی هەژمار کراوە، هەروەها مەزەندە دەکرێت زۆربەی قوربانییەکانی کۆیلایەتی لە ئاسیا دەژین و کۆریای باکوور بەرزترین ئاستی جیهانی تێدایە و لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە لەندەن بە دەموچاوی ماسکدارەوە، کە ئەمەش وەکو رەمز و هێمایەک وەکو “نوێنەرایەتی بێدەنگی کۆیلە مۆدێرنەکان” نمایش کرا، لە لەندەن دژی کۆیلایەتی مۆدێرن ڕێپێوانیان کرد.

(ئێدوارد هێلمۆر) دەنووسێت ئیندێکسی کۆیلایەتی جیهانیی لەلایەن دامەزراوەی (وۆک فری فاوەندەیشن) بڵاوکراوەتەوە، کۆیلایەتی مۆدێرن بەتاوانێکی ئاڵۆز و زۆرجار شاراوەش وەسف دەکرێت، بەکردەوە ئەم کۆیلایەتییە مۆدێرنە سنوور و کەرت و دەسەڵاتەکانی دادوەریش دەبەزێنێت. مەزەندەی کردووە ژمارەی کۆیلەکانی ئەمەریکا نزیکەی یەک لەسەر سەدی ئەو ژمارەیەیە، کە بەکۆی گشتی لەسەرتاسەری دونیا بە (٤٠.٣) ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت و ئەو کەسانە بەکۆیلە پێناسە دەکرێن کە لەنێو پێوە گشتییە جیهانییەکان و پێورەکانی خودی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی پێکراوە. دامەزرێنەری ئەم گروپە (ئەندرۆ فۆڕێست) لە بەیاننامەیەکی هەواڵیدا گوتیەتی: “ئەمەریکا یەکێکە لەپێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 400 هەزار کۆیلەی مۆدێرن لەژێر بارودۆخی کاری زۆرەملێدا دەژین” و کاریان پێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە ئامارێکی بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە و ئەوە نیشان دەدات ئەم پرسە لەئاستی جیهاندا چەندە مەسەلەیەکی جەوهەرییە، ئەمە تەنیا لەڕێگەی ئیستغلالکردنەوە دەکرێت”.

ڕاپۆرتەکە مەزەندەی ئەوە دەکات زۆربەی قوربانیانی کۆیلایەتی مۆدێرن لە ئاسیا دەژین. کۆریای باکور زۆرترین ڕێژەی کۆیلایەتی مۆدێرن لە جیهاندا لەخۆ دەگرێت، لە هەر ١٠ دانیشتووانی کۆریای باکور یەکێکیان کە دەکاتە ٢.٦ ملیۆن کەس قوربانی کۆیلایەتی مۆدێرنە. یەک لەسەر سێ یان ١٥ ملیۆن کەس لەقوربانییەکانی کۆیلایەتی مۆدێرن لەڕێگەی هاوسەرگیریی زۆرەملێیەوە تۆمار کراون و ژمارەیان بەرەو زیادبوونە، ئەمەش دۆز و پرسێکە بەشێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر ئافرەتان و کچان هەیە. لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “بەگشتی پراکتیزەکردنی کولتووری هاوسەرگیری زۆرەملێ و ئیستغلاکردنی ژنان دەخاتە مەترسی زیاترەوە، هەروەها ئەگەری ملکەچبوون بۆ ژیانێکی کۆیلایەتی و کۆیلایەتی دارایی و ئیستغلالکردنی سێکسی ڕێک هاوسەنگە لەگەڵ کۆیلایەتی مۆدێرندا”. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات ژمارەکانی ئەمەریکا بۆ خۆیان فریودەرن، چونکە ئەمەریکا کێشەی کۆیلایەتی جیهانی زۆرتر و فراوانتر دەکات بەهاوردەکردنی بەرهەم، لەوانە لاپتۆپ، کۆمپیوتەر، مۆبایل، جلوبەرگ، ماسی، کاکاو و دار، ئەمانە دەبنە سەرچاوە و مەترسی بۆ پەرەپێدانی پتری ژمارەی کۆیلەکان لەڕێگەی کاری زۆرەملێیەوە. چین گەورەترین سەرچاوەی کاڵای مەترسیدارە، ئەمەریکا ١٢٢ ملیار دۆلار کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و جلوبەرگ لەو وڵاتە هاوردە دەکات. ڤێتنام دووەم گەورەترین سەرچاوەی بەدەستهێنانە بەبڕی 11.2 ملیار دۆلار و هیندستانیش بەبڕی 3.8 ملیار دۆلار بەپلەی سێیەم دێت. ئەمانە ئاماژەن بۆ هاندانی ئیستغلالی زۆرتری دەستی کار بەنرخی هەرزان و کە بەڕێژەیەکە کەمترە لەپێویستی ژیانی ئاسایی. واتە کارەکە دەبێتە سەرچاوە بۆ پەرەسەندنی ژمارەی کۆیلەی مۆدێرن.
Over 400,000 people living in ‘modern slavery’ in US, report finds
زی گاردیان
https://www.theguardian.com/world/2018/jul/19/us-modern-slavery-report-global-slavery-index

منداڵەکانی تورکیا
(جولیانا کیم تویتەر) لە ١٣ ئەیلولی ٢٠٢٢دا لە بابەتێکدا لەبارەی کۆیلە و ئیستغلالی منداڵ لە تورکیا دەنووسێت: منداڵێک لەکارگەیەکی قوماش لە غازی عەنتاب لە تورکیا ئاو دەهێنێت. زۆربەی ئەو منداڵانەی لەم کارگەیەدا کار دەکەن، کۆچبەرن، کە لەگەڵ خێزانەکانیان لە سوریا هەڵهاتوون. بەشێوەیەکی گشتی ٨ بۆ ١٢ کاتژمێر بە شێفت کاردەکەن، ٦ یان ٧ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کار دەکەن و هەقدەستیان تەنیا ١٥ دۆلارە لەڕۆژێکدا. لەساڵی ٢٠٢١دا، ٢٨ ملیۆن کەس لەژێر بارودۆخی کاری زۆرەملێدا کاریان کردووە و ژیاون، کە یەک لەسەر هەشتیان منداڵن. (ڤالێریۆ موسێلا) بۆ یانەی NPR توێژەرانی جنێڤ ڕایانگەیاندووە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی ئێستا لەجیهاندا بە کۆیلە کراون، 10 ملیۆن کەس زیادی کردووە. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و دامەزراوەی ئازادی بەپێ نمایشکردن، کە گروپێکی مافی مرۆڤە، بۆ بەرهەمهێنانی نوێترین خەمڵاندنەکانی کۆیلایەتی مۆدێرن بڕوایان وایە ژمارەکە لەزیادبوونی بەردەوامە.

زاراوەی کۆیلەکردن ئاماژەیە بۆ بەکردەی ئیستغلالکردنی وەک کاری زۆرەملێ، هاوسەرگیری زۆرەملێ و سێکس و چەکدارکردنی منداڵان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. تاکو ساڵی ٢٠٢١ (٥٠) ملیۆن کەس بەرگەی ئەو جۆرە بارودۆخانە دەگرن. لە ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەی سەرەوە دا هاتووە، مەزەندە دەکرێت بەشێوەیەک لەشێوەکان جۆرێک لەکۆیلایەتی مۆدێرن لەهەموو وڵاتەکانی جیهاندا هەبێت. نووسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن، هەرچەندە وەشانە مۆدێرنەکانی کۆیلەکردن کەمێک جیاوازتر لەنموونە مێژووییەکان دەردەکەون، بەڵام ئەم دووانە بەیەکەوە گرێدراون. (فۆڕێست) دامەزرێنەری دامەزراوەی (وۆک فری فاوندەیشن) بە (ئێن پی ئاڕ)ی ڕاگەیاندووە، “لە کۆمەڵێک ڕووەوە کۆیلایەتی خۆی گونجاندووە و گۆڕاوە و شێوەشی گۆڕاوە، بەڵام ئیستغلالکردن هێشتا بەقەبارەیەکی بێ وێنە ڕوو دەدات”. “هیچ شوێنێک لەجیهاندا نییە بەرگری لەکۆیلایەتی مۆدێرن بکات” . ئەو پێی وایە خەمڵاندنە جیهانییەکان دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسیانەیە، کە لە گەڵ دەیان هەزار کەسی ڕزگاربووی ژێر دەستی کۆیلایەتی مۆدێرن لەسەرانسەری ٦٨ وڵاتدا ئەنجام دراوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کردوون.

https://www.npr.org/sections/goatsandsoda/2022/09/13/1122714064/modern-slavery-global-estimate-increase
مەترسییەکی جیهانییە، کە ئەمڕۆ نزیکە پەنجا ملیۆن کەس لەسەرتاسەری دونیا لەدۆخی کۆیلایەتی مۆدێرن دەژین و ئەو کەسانە بەئارەزووی خۆیان بێت، یان بەزۆرەملێ و ئیستغلالەوە لەڕێگەی هەمە چەشن و شێوازی هەمە جۆرە وەکو کۆیلە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت. دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوور و جەنگ و بازرگانی بەمرۆڤ و ئیستغلالی کار و هەقدەست و سێکس و ئافرەت و منداڵ کاریگەریی لەسەر ئەم چەشنە کۆیلایەتییە هەیە.

ڕاپۆرتەکان باسی ئەمەریکا و چین و ئاسیا و هیندستان دەکەن، لەکاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دیاردانە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێن و لەشەقام و ماڵەکاندا لەنێو کۆمەڵگە و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکاندا دەبینرێن، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک وەکو داتا و واقیع کاریان لەبارەوە بکات. بێگومان کۆیلایەتی جۆری زۆرە، ئەمەی لەم بابەتە شیکارییەدا ئاماژەمان پێکردووە، بەشێکە و تەنیا چەند جۆرێکە لەم کۆیلایەتییە نوێیە هاوچەرخەی مرۆڤ تووشی بۆتەوە و ئەمەش بە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوە و هەشەڕەشە دژی بەها مرۆڤەیەتییەکانی خودی مرۆڤ دادەنرێت.

کۆیلەی ناوماڵ و ئیستغلالی ئافرەت و کچ و منداڵ وەکو خزمەتکارەکانی نێو ماڵ یەکێکە لەو دیاردە باوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە کۆنەوە هەیە، ئێستاش شێوەیەکی دیکەی هاوچەرخی لەخۆگرتووە، لەڕاستیدا ئەمە دژی یاسا و ئەخلاقی مرۆڤانە و یاساکانی کاریشە و ڕێکخراوە جیهانییەکان ناتوانن پێشوازیی لەم چەشنە کۆیلایەتییە بکەن.