شەیما مستەفا

گەلى کورد بە درێژایى مێژووی خۆی سەدان هەزار شەهیدى لەسەر ئەم خاکە داوە، ئەم خاکە کە بست بە بستى بە خوێنى شەهیدێک تەڕە و گەنجەکانى سەدە دواى سەدە، ساڵ دواى ساڵ، لەپێناو پرسێک جەنگاون و گیانى خۆیان بەخت کردووە، پێى دەگوترێت “نەتەوەی كورد”.

ئێمەش لە هەرێمى کوردستان ئێستا لە سایەی بەرهەمى ئەو خەبات و ماندبوونە ئازاد دەژین، بۆیە گرنگتر لە هەموو شتێک ئەوەیە: ئێمە چۆن بتوانین پارێزگاری لەم دەستکەوتانە بکەین؟

گەنجان کە سەرى ڕمى هەموو خەباتێک بوون، لەم سەردەمەدا بەداخەوە بەشێكیان کێماسییان لە ئاگاداربوون و هۆشیاری لە مێژووی قوربانیدان و خەباتى گەلەکەمان هەیە، بەداخەوە نەوە دواى نەوە، لەدواى ڕاپەڕینەوە بیرى نەتەوەیى لەناویان کاڵ بووەتەوە، بۆ ئەمەش هۆکار زۆرن، بەشێکى پەیوەستە بە سیستمە جیهانییەکانەوە، کە وای کردووە: بیرى جیاواز لە شوێنى “فکرى نەوەتەوەیى” گەشە بکەن و سیستمى نوێ ئیدارەى کۆمەڵگا بدەن، بەڵام بەشێکى پەیوەستە بە دۆخى کۆمەڵگاکەى خۆمانەوە.

بەداخەوە ئێستا زۆرینەى ئەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕوى میللەتەکەمان دەبنەوە، زۆر جار بەشێک لە گەنجان بە شەپۆلى پێچەوانەوە بە سوودى عێراق و وڵاتانى دیکەی داگیركەر، دژى كوردستانی خۆیان کامپین دەکەن، ئەمەش وای کردووە هێزگەل و وڵاتانی داگیركەر بەهێزتر و بوێرانەتر لە جاران گەلەکەمان سزا بدەن و بەردەوام بن لە سزادانى، واشیان لێ بێت بێ سڵکردنەوە داهاتمان ببڕن و بڕیار لە دژمان دەربکەن و نەترسن لەو وزە گەورەیەى کە لە ناخى تاک بە تاکى میللەتەکەمان دەبێت، هەبێت.

من دەمەوێت لێرەوە بە هەموو ئەوان بڵیم كە دژی كوردستانەكەی خۆیان و بەها باڵاكانی دەدوێن و دەنووسن و ڕەفتار دەكەن، بڵێم: ئەگەر ئێوە بە هزرێکى نەتەوەیى بەهێز ڕووبەڕوى ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە كە ڕووبەڕووی میللەتەکەمان دەبنەوە، بەدڵنیاییەوە کوردستان بەرامبەر هەموو ئاڵنگارییەکان دەوەستێت و نە لە عێراق و نە لە ئێران و نە لە تولاركیا و سووریا و هیچ شوێنکى دونیا ناترسێت، ئێمە دەبینە بەهێزترین وزە و دەوڵەت لە ناوچەکە و وەکوو دارگوێز لە ناخى ئەم خاکەدا دەچەقین، نە دەسووتێین و نە دەچەمێین و نە وشك دەبین.