سوورە مەرگەیی
کێشەی کورد نەک هەر لە باشووری کوردستانی داگیرکراو، لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای داگیرکروایش کوردبوون بووە و بەس، بە درێژایی مێژووش کوردبوون بەلای هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان تاوان بووە، ئەوەش وایکردووە لەناوبردنی لە ئەجێندای سیاسی و فکری خۆیاندا بکەنە پرەنسیبێکی نەگۆڕ و بۆ لەناوبردنی پیلان و نەخشەی درێژخایەن و دوورمەودای بۆ دابڕێژن، هەر کاتێکێش ئەوانی دوژمن و داگیرکار بەهێز بووبن و هەل و دەرفەتیان بۆ رەخسابێ بۆ گەیشتن بە ئەجێندا سیاسی و فکریەکەیان، بە ئایەتەکانی (ئەنفال و نەسر و فەتح) وەڵامی داواکاری مافە سەرەتاکانی کوردیان داوەتەوە و دەستیان لە هیچ تاوانێک نەپاراستووە، بە تاوانی کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵ کردنی ژن و منداڵیشەوە، هەر کاتێکیش لاوازبووبن و پێشهات و رووداوەکانی ئەو قۆناغە لە بەرژەوەندیان نەبووبن، بۆ خۆگرتنەوە و دەربازبوون لەو قۆناغە، برایەتی کورد پێکەوەژیانیان کردۆتە وێردی سەر زمان، بەوەش کەس و دەستە و گرووپە کوردە هەلپەرست و بەرژەوەندخوازەکانیان، پێکردوونەوە پەیژە و پێیدا سەرکەوتوون و، دواتر کوردیان خستۆتەوە پێشینەی دوژمنەکانیان.

ئەوەی ئێستا لە ئارادایە هەر چوار وڵاتە داگیرکارەکەی کوردستان تووشی کێشە و قەیران بوون و بەدەست کێشە ناوخۆیی و نێودەڵەتیەکان و کێشەی سیاسی و ئابوورییەوە گیرۆدە بوون، ئەوەش لە بەرژەوەندی کورد و دۆزە رەواکەیەتی، پرسیار ئەوەیە: کورد تا کوێ پەندی لە مێژوو وەگرتووە و چۆن دەتوانێ ئەو باروودۆخە بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە و جارێکیتر نەکەوێتەوە داوی ئەو برایەتییەی کە کوشتن و کاولکردنی وڵاتەکەیەتی.

ئاساییە حزب و لایەنەکانی کوردستان روانینی جیاوازیان بۆ پرۆسەی سیاسی و پێشهات و رووداوەکان هەبێ، بەڵام بە مەرجێک ئەو روانینە سیاسییە جیاوازە بۆ ملشکاندنی یەکتری نەبێ و، بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و لە پێناو دۆزە رەواکەی بێ، هەموو حزب و لایەنەکان دەبێ ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە بزانن..

هەرکاتێک پێگەی کورد بەهێزبێ، پێگەی ئەوانیش وەک حزب بەهێز دەبێ، هەر کاتێکیش پێگەی کورد لاواز بێ، ئەوانیش حیساب بۆ نەکراو دەبن و بە تاوانی کوردبوون دەخرێنە بەرنامەی لەناوبردنەوە، ئەوەش کاتێک روودەدات کە حزب و لایەنەکانی کوردستان کوردایەتیان پێ لە حزبایەتی گەورەتر و پیرۆزتر بێ، ئەوەش هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستان دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی مێژوویی و کاتێکیش دەتوانن بەو بەرپرسیارێتییە هەستن، کە کوردایەتی بکەنە وێستگەی بەرەنگاربوونەوەی پیلانی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان.