خەبات:كامەران حاجی ئەلیاس:- هونەرمەند و نووسەر “هندرێن خۆشناو” تەنیا ئەمساڵ چەندین پیشانگای تایبەتی كردۆتەوە، هەروەها بەشداری چەندین چالاكی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كردوە، توانیوەیەتی وەكو هونەرمەندێكی دیاری كورد ، لەرێگەی كارە هونەرییەكانییەوە،ئاستی هونەری كوردی لە بواری كاریكاتێر بە جیهان بناسێنێت ، چەندین خەڵات و بڕوانامەی نێو دەوڵەتی پێبەخشراوە ، بۆ ئاگادار بوون لە كارو چالاكییەكانی ئەم هونەرمەندە بۆ ساڵی 2022 بەچەند پرسیار بەسەرمان كردەوە:
*سەرەتا لێمان پرسی ئەمساڵ پێشانگای تایبەتیتان كردۆتەوە؟
بەڵی ئەمساڵ (٢) پێشانگای تایبەتی كاریكاتێریی و كارتۆنیم كردەوە، بەمانەش ژمارەی پێشانگای تایبەتەكانم لە كاریكاتێر و كارتۆندا بوون بە (٦) پێشانگای تایبەت.
*ئەمساڵ لە چەندین چالاكی نێودەوڵەتی هونەری بەشداریتان كردووە؟
– لە زۆرێك لە چالاكییە هونەرییە نێودەوڵەتیەكان بەشداریم كردووە ئەمساڵ، ئەوەی لەبیرم بووبێت و یاداشتم كردبێت، لە (38) فێستیڤاڵ و پێشانگای هاوبەش و پێشبڕكێی نێودەوڵەتی بەشداریم كردووە، (٢) پێشانگا لە هیندستان، (٧) لە میسر، (٥) لە ئیتاڵیا، (٢) لە مالیزیا، (٢) لە رۆمانیا، (٢) لە توركیا، و نەرویج، ئۆكرانیا، ئیسپانیا، ئیندونیسیا، پورتوگال، ئەڵمانیا، كرواتیا، بەریتانیا، مۆنتینیگرۆ، فەرەنسا، مەكسیك، كۆلۆمبیا، قەتەر، بەرازیل، هەروەها لە (٣) پێشانگا لە بەغدا، و (٢) پێشانگاش لە سلێمانی.
*شێوازی هونەری پێشانگاكان چی بوون؟
شێوازی هونەری پێشانگاكان كاریكاتێر و كارتۆن و پۆرترێت و فۆتۆگراف بوون.
*چی وای لێكردووی بایەخ بە بەشداریكردن لەم چالاكییە نێودەوڵەتیانە بدەیت؟
چەند شتێك هەن كە وایانلێكردم، كە بایەخ بەم چالاكییانەی دەرەوەی كوردستان و عیراق بدەم، ئەویش كەمی ئەم چالاكیانەیە لە نێوخۆی كوردستان و هەروەها تا ڕادەیەك عێراقیش، هەروەها كەمی ژمارە و بچوكی گەلەری و هۆڵی نمایشكردن لە شارەكانی كوردستان، و نەبوونی هاوكاری ماددی و مەعنەوی لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكان، هەروەها ناسین و خۆپێناسین بە هونەرمەندانی جیهان، و ناساندنی هونەری خۆشمان بە جیهانەوە.
*ئایا هیچ خەڵات و بڕوانامەیەكتان بەدەستهێناوە، لەپای ئەم بەشداركردنانە؟
بەڵێ بەدەیان خەڵات و بڕوانامە و رێزلێنانم پێ بەخشراوە.
*بێجگە لەم بەشداریكردنانە چالاكی نێودەوڵەتی تریشتان هەبوو ئەمساڵ؟
بەڵێ بێجگە لەم بەشداریانە، بەردەوام كارەكانم لە گۆڤارە نێودەوڵەتیە تایبەتەكان بە بواری كاریكاتێر و كارتۆن بڵاودەكەمەوە، وەكو گۆڤارەكانی (فرانس توونس) لە فەرەنسا، و (پانزا ڤێردا) لە ئەرجەنتین، (رۆسەم كارتونس) لە مالیزیا، (ئیندیا توونس) لە هیندستان، (سوپاپۆ) لە بەرازێل، و گۆڤاری (یەكێتی كارتونیستانی جیهان)، و چەندین كاتالۆگی تایبەت بە كاریكاتێر.
*بۆچی لە بڵاوكراوە ناوخۆییەكان كارەكانت بڵاوناكەیتەوە؟
ئەمەیان خەتای منی تێدانیە، خەتای ئەوانە، چونكە بە شێوەیەكی گشتی راگەیاندن و رۆژنامەوانی كوردی، بایەخ بە نووسین دەدەن زیاتر، و نووسینیان پێ گرنگترە لە وێنە و كاریكاتێر و كارتۆن، كاتێك كاریكاتێرێكیش بڵاودەكەنەوە، لە لاپەڕەكانی ئینتەرنێت دایدەبەزێنن، بەبێ رەزامەندی خاوەنەكەی، زۆرجار كاریكاتێری خۆمیان بڵاوكردۆتەوە، بەبێ ئەوەی ئاگام لێی بێت، زۆرجاریش بیانوو بە نەبوونی پارە دەهێننەوە، بەداخەوە.