خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەكار ناز ئەحمەد لەساڵی (١٩٩٤)لە شاری كەركوك لە دایكبووە، دەرچووی كۆلێژی زانست بەشی فیزیایەو هەر لە منداڵیەوە دەستی وێنە كێشانی هەبووە بەڵام هیچ پەرەی پێ نەئەدا، ئەوكات تەنها وێنەی كارتۆنی ئەكێشا بە هۆی سەرقاڵبوونی بە خوێندن و ئیشكردنی رۆژانەی خۆی، ناز لە ساڵی (٢٠١٩) دەستی بە وێنە كێشان كرد بە شێوازێكی باشترو شارەزاتر و زیاتر پەرەی پێدا سەرەتا بە قەڵەمی دار دەستی پێكردووە ئێستا بە رەنگی زەیتی ئیش ئەكات رۆژانە كاتێكی باش ئەبەخشێ بە هونەرەكەی تا بگات بە ئاستێكی باشتر لە ئێستا.شێوەكار ناز ئەحمەد لە دیدارێكی تایبەت بە(خەبات) باس لە تواناكانی مرۆڤ دەكات ودەڵێت: هەموو مرۆڤێك توانایەكی جیاوازی لەبوارێكی دیاریكراودا هەیە ، من بۆخۆم بۆ ئەوەی ژیان جوانتر ببینم پەنام بردۆتە بەر هونەر ، یان دەتوانم بڵێم لەڕێگای هونەرەوە جوانییەكان پیشاندەدەم. ڕەنگە لەڕێگای كێشانی تابلۆیەكەوە خۆشیەكانی ژیانم دەربڕم ، یان بەپێچەوانەوە لەتابلۆیەكدا خەم و ئازارەكانی ژیانم دەربڕم .. هەردووك لای من جوانن چونكە ئەوە ژیانە واتا بەتابلۆكان دەدات.
هونەرمەند لە بارەی وێنەی تابلۆكانی گوتی:لە زۆربەی تابلۆكانمدا وێنەی ژن ئەكێشم ئاشكرایە تەواوی جوانییەكانی سروشت لەژندا دەبینرێ بۆ نموونە شاعیرێك كە بەشیعرێك جوانی برۆی ژنێك بەهیلالی یەكشەوە و ڕووخساری بە مانگ و جوانییەكانی تری بە شتی تر دەچوێنێ، ئەیەوێ وێنەیەكی ژن پیشانی خوێنەران بدات، منیش لەتابلۆكانمدا هەوڵمداوە جوانی ژن بە وێنە دەربخەم كە ڕەنگە ئەمە بەشێكی بچووك بێت.
هەروەها (ناز) باسی چۆنیەتی بەشداریكردنی لە پێشانگاكاندا كرد و گوتی: بەشداری دوو پێشانگام كردووە لە شاری كەركوك و هەولێر لەگەڵ گرووپی كوردش ئارت گەلەری و گرووپی هوشیاری گەنجان لە شاری كەركوك، زۆر سوپاسیان ئەكەم كە دەرفەتی بەشداریكردنیان پێدام لە پێشانگای هەنگاوی پێشخستنی گەنجان بەرەو دیموكراسی لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە ئەكەم بتوانم لە داهاتوویەكی نزیكدا پێشانگایەكی تایبەتم هەبێ بە جوانی ژنان (beauty of women )ئەمەو ناز ئەحمەد لە كۆتاییدا گوتی: لەكۆتاییدا داوا لەهەموو لاوانی نیشتیمانەكەم دەكەم ئەوانەی بەهرەیان هەیە لەهەر بوارێكی هونەریدایە پەرە بە بەهرەكانیان بدەن و گوێ بەقسەو قسەڵۆكی خەڵك نەدەن.











