خەبات: سولین سلێمان:- ئازاری پشت یەکێکە لە ئازارە بڵاوەکان زۆربەی خەڵک پێوەی دەناڵێنن و توشی هەموو تەمەنێک دەبێت، زۆرجار هۆکارێکی تایبەتی نیە،بەڵام هەندێک جار بەهۆی هەڵگرتنی شتێکی قورس یان کەوتن یان وەرزشێکی بەهێز یان بەرکەوتنی تەنێک،کەسەکە توشی ئەم ئازارە دەبێت شەیما قانیع راهێنەری لەشجوانی و لەشرێکی لەم دیمانەیەدا تایبەت بە خەبات باسی چارەسەریەکانی ئازاری پشت دەکات لە رێگای وەرزشەوە وکۆمەڵێک رێنمایی باس دەکات و دەڵێت؛”وەرزشکردن یەکێکە لەگرنگترین ڕێگا چارەکان، بەڵام نابێت وەرزشی قورس و سەخت ئەنجام بدرێت.
لەبارەی خۆ دەربازكردن لە قەڵەوی شەیما دەڵێ ”خۆ دەرباز کردن لەقەڵەوی و دابەزاندنی کێش، ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە، پێویست دەکات چەند کیلۆیەک لەکێشیان کەم بکەنەوە،بەم شێوەیە بەشێکی زۆر لە ئازارەکەیان کەم دەبێتەوە.
لەبارەی گرژبوونی ماسولكە و ئازاری پشت، شەیما قانیع دەڵێ بەوەرزشکردن ماسولکەکانی ڕان گرژدەبێت و دەبێتە هۆیی ئازار لەناوچەی پشت و ناوچەی ئەو جومگەیەی ئەکەوێتە نێوان بڕبڕەکانی پشت و حەوز، لەبەرئەوە هەوڵبدە ئەو وەرزشانە بکە کە ئەم ماسولکانە ڕائەکێشن کە بەوەرزشی سترێچینگ ناسراون.
راهێنەری لەشرێكی شەیما قانیع گووتیشی گرنگترین جۆری ئەو وەرزشانەی کە دروستن بۆ نەخۆشیەکانی پشت، وەک بەهێزکردنی ماسولکەکان و گورجکردنی ماسولکەکان وەک یۆگا و وەرزشە هەواییەکان، ڕۆیشتن بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە ڕۆژێکدا، لێخوڕینی پاسکیل و مەلەوانی.











