خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- نەجات چیمەنی لە بەهاری ١٩٦١ لە گەڕەكی ئیمام قاسم لەدایكبووە و هەر لەوساڵەشدا گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی ، نەجات خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی وئامادەیی پیشەسازی لە سلێمانی تەواو كردووە. لە كۆتایی ساڵی ١٩٨٠ بە مامۆستای سیرامیك دامەزراوە و هەموو ساڵێك پێشانگای هاوبەشیان كردۆتەوە بۆ كارە هونەریەكانمان،، تاكو لە تەمموزی ساڵی ١٩٩٧ روویكردۆتە دەرەوەی وڵات و لە هۆڵەندا جێگیر بووە هەر لەوێ‌ لەساڵی ٢٠١٠ وە دەستیكردۆتەوە بە كاری هونەری و چەندەها تابلۆی نەخشاندووە تاكو لە رۆژی ٨-١١-٢٠٢٢ لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكە بە ٥٧ تابلۆ پێشانگایەكی تایبەتی كردەوە ئێستاش خاوەنی چوار پێشانگای تایبەت و شەش پێشانگای هاوبەشە. وەك خۆشی دەڵێت : تەنها یەك پێشانگای تایبەتم لە كوردستان كردۆتەوەو سەرجەمیان لە هۆڵەندا بوون.

بۆدەرچووانی بەشی شێوەكاری دوای دەرچوونیان بەردەوام نابن لەسەركاری هونەری شێوەكاری؟
بەبۆچوونی من وەك هونەرمەندێك بەهرەو هونەر، مەرج نیە ئەكادیمی بخوێنیت و دەتوانیت تەنها بە بەهرەی كەسایەتی خۆی لە هونەربەردەوام بیت ، مەبەستم لێرەدا ئەوەیە بەردەوام نەبوون دوای تەواو كردنی قوتابخانەی هونەری ئەو قوتابیە بەخۆرسك بەهرەی تیا نیەو تەنها بەرۆتین و بۆ ژیان و گوزەران قوتابخانەی هونەریی تەواو دەكات بۆیە ئارەزووی بەردەوامبوون وكاری هونەری نامێنێت، هەندێ هۆكاری لاوەكیتریش هەن وەك دانەمەزراندن و هاوسەرگیری خۆسەرقاڵكردن بە ماڵ و منداڵەوە.

چ شتێك ئاوێتەی ڕەنگ دەكەیت بۆڕازاندنەوەی تابلۆكانت؟
سروشت وكلتوری نەتەوەیی و هەستی خۆم جوانترین كەرەستەن بۆ ئاوێتە بوون بە تابلۆكانم و هەر ئەوان تابلۆكانم دەنەخشێنن.
ئەوتابلۆیانەی شانازی پێوەدەكەیت چین وبۆكێت كێشاون؟
هەموو تابلۆكانم خۆشدەوێن وجێگای شانازیمن بێگومان ئەو تابلۆیەی كەمترین رەخنە هەڵدەگرێت ، جوانترو خۆشەویستترە.
بۆلەكوردستان هونەری شێوەكاری بەرەوپێش ناچێت؟
بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ هونەری شێوەكاری لەچاو ساڵانی كۆندا زۆر بەرەو پێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە ئەمڕۆ شێوەكاری زۆر بەتوانا لەكوردستان دەركەوتوون كە كارەكانیان هیچی كەمتر نیە لە هونەرمەندە جیهانیەكان بەڵام دەزگایەكی میدیایی دەوڵەتیی نیە كە خۆیان وكارەكانیان بگەیەنن بەخەڵكی دەرەوەو ناوەوە هەر هونەرمەندە لە سوچێكی سوشیال میدیای خۆیەوە، خۆی بەیان دەكات كە خەڵكێكی كەم پێیان ئاشنا دەبن.

پێشمەرگەوشەهیدلەكوێی تابلۆكانی تۆدا جێی بۆتەوە؟
شەهیدو پێشمەرگە سومبولی ئێمەو نەتەوەكەمانن بەڵێ تابلۆم هەیە بۆ ئەنفال و كیمیاباران شەڕو ناكۆكیەكانی نەتەوەكانی دراوسێ دژ بەكورد، بەڵام زۆر نین چونكە هەر هونەرمەندێك ڕێچكەو سكەی كاركردنی بابەتێك لەخۆ دەگرێت بەڵام لە كاریگەریەكاندا كارمان تێدەكات و كاری بۆدەكەین.

چی دەبێتە هۆی بەرەو پێشچوونی هونەری شێوەكاری؟
كردنەوەی ئەكادیمیای باڵاو كەسانی لێهاتوو پسپۆڕ مامۆستاكانی بن ، بەدەمەوە چوونی هونەرمەندان ئاسانكاری لە هۆڵی نمایش وبەشداریكردنی كارەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو ئاسانكردنی گواستنەوەی كارەكانیان، بوونی سەندیكاو كۆمەڵەیەكی گشتی و چالاك تاكو هونەرمەندەكان لە رۆژانی پشوودا بتوانن یەكتر بناسن ئێستا پەیوەندی زۆر كەمە لە نێوان هونەرمەندەكانی ناوەوەی كوردستان هەم هونەرمەندانی دەرەوەش دەتوانم بڵێم لە دەرەوە ئێمە پەیوەندیمان ئێجگار كەمە پێكەوە.

لەچی نیگەرانیت؟
لەوە نیگەرانم كۆمەڵەیەكی هونەری پتەوی جوان نیە لە كوردستان هونەرمەندەكان پێكەوە ببەستن یان لە میدیاكانەوە كارەكانیان بە خەڵك بناسێنن، چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا بكەن ، پردێكی پەیوەندی دروست بكەن لە نێوان هونەرمەندانی دەرەوەو ناوەوەی وڵات، من لە ۱۹۸۳ ەوە كاری هونەری سیرامیكم كردووە وەك مامۆستای سیرامیك و دوانزە ساڵیشە بەردەوام تابلۆم نەخشاندووە ، تاكو پێشانگاكەم ۸ـ۱۱ـ۲٠۲۲ تەنهایەك چاوپێكەوتنم لەگەڵ كراوە… بەداخەوە.

خەونت چیە؟
خەونم ئەوەیە هونەرمەندان یەك بن ،،،كاری هاوبەش بكەن ،،،،جوابمان لێ بگێڕنەوە بۆ نمایشەكان.