خەبات: ئەژی چەتۆ حەسەن:- بە پێی گوتەی شایەدحاڵەكان و ریش سپیانی گوندی (هەرەجە) كە بە مەودای نزیكەی 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لە بەهاری ساڵی 1925 كە بە (ساڵی گرانیی) ناسراو بووەو ئەوكاتە هەر هەموو عێراق لەژێر حوكمی (ئینتیدابی بەریتانی) بووە، بەردێكی نەیزەكیی لە ئاسمانەوە كەوتبووە نێو رووبارێكی بچووك كە بە (كەندی ئۆمەرە سۆر) ناسراوە، پاشان خەڵكی گوندی (هەرەجە) هەڵساون بە دەرهێنانی ئەو بەردە نەیزەكە كە بە پێی وەسفی شایەدحاڵەكان پێوانەكەی لایەنی كەم 1 بە 1 مەتر بووەو رەنگی رەش بووەو دەبریسكایەوە، بەڵام دوای پێزانینی حكومەتی پادشایی ئەوكاتی عێراق بەو رووداو و بەردە نەیزەكە، تیمێك لە سوپای بەریتانی سەردانی گوندەكە دەكەن و بەردەكەش باردەكەن و دەیبەن بێ ئەوەی هیچ پارچەیەكیشی لێ جێبێڵن و تاوەكو ئێستا بەداخەوە، هیچ پارچەیەك و سۆراغێكی ئەو بەردە لەنێو گوندەكەو هەرێمی كوردستان و عێراقیش نەماوە.

لەپێناو دۆزینەوەی ئاسەواری بەركەوتن وهەر پارچەیەك لەو نەیزەكەو لە هەنگاوێكی زۆر گرنگدا، رۆژی شەممەی رابردوو، 2022.12.3، تیمێكی زانستیی هاوبەشی (بەشی زاستەكانی زەوی و نەوت) ی (كۆلێژی زانست / زانكۆی سەڵاحەدین) و (رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان) سەردانی شوێنی بەركەوتنی ئەو نەیزەكەیان كرد كە بەر لە 97 ساڵ پێش ئێستا كەوتبووە نێو رووبارە بچووكەكەی تخوبی نێوان هەردوو گوندی (هەرەجە) و (ئۆمەرە سۆر).

تیمەكە پێكهاتبوون لە بەڕێزان، (د. ئیدریس مەولود) سەرۆكی بەشی (زانستەكانی زەوی و نەوت) و مامۆستا (محەمەد عەلی) پسپۆڕ لە بواری (جیۆفیزیا) و مامۆستا (سۆران حەسەن) قوتابی دكتۆرا لە بواری (Structural Geology) لەگەڵ (ئەژی چەتۆ حەسەن) سەرۆكی (رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان)، وە دوای گەیشتنی تیمیەكە بۆ شوێنی دەستنیشانكراوی بەركەوتنەكە، پسپۆڕانی بەشی زەویناسی دەستیان بە پشكنینە سەرەتاییەكان كرد لە پێناو دانانی پلانێكی تۆكمە لە دهاتوودا بۆ گەڕان بە دوای ئاسەواری ئەو بەركەوتنەو خودی نەیزەكەكە ئەگەر هیچ جۆرە پاشماوەیەكی لێ مابێتەوە.

(د. ئیدریس مەولود) سەرۆكی (بەشی زانستەكانی زەوی و نەوت) رایگەیاند:”ئەم شوێنەی كە دەستنیشانكراوە وەك شوێنی بەركەوتنی نەیزەكەكە بریتییە لە رێڕەوێكی ئاو و بە بەسەرچوونی كات چینێكی زۆری نیشتەنییەكان لەسەر یەكتریدا كەڵەكە دەكات و چینێكت بۆ دروست دەكات كە شوێنی بەركەوتنەكە بزر دەكات، بەڵام تێبینیم كرد شوێنی قەراغ رووبارەكە بەرزترە لەوانی تر، بەڵام ئێرە پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی جیۆفیزیایی هەیە بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ لە ژێرەوەدا جیاوازیی چینە جیاجیاكانی بەردەكان چۆن و چین؟ بەڵام كێشەمان لێرە زۆریی نیشتەنییەكانە لە خۆڵ و بەرد كە بە درێژایی دەیان ساڵە والێرە كەڵەكە دەبن یان رادەماڵدرێن و چینی دیكە دەنیشێتەوە”.

د. ئیدریس مەولوود
مامۆستا محەمەد عەلی
مامۆستا سۆران حەسەن

هەروەها گوتی:”با لە یادیشمان نەچێ ساڵانی پێشتر رێژەی باران و بەفربارین لە هەرێمی كوردستاندا زۆر زیاتر بووە لەو ماوەی دواییدا، بۆیە لە ساڵی 1925 كە ساڵی بەربوونەوەی نەیزەكەكەیە تا ئێستا باران و بەفربارین گۆڕانكاریی زۆریان لەو ناوچەیەدا كردووەو ئەمەش وایكردوە نەتوانین لەرێگەی روماڵكردنی رووكەشیی سەرەوەی ناوچەكە ئاسەواری بەركەوتنەكە بدۆزینەوە، بۆیە پێویستیمان بە رێگەی زانستیی وردتر هەیە، لەوانە، پشكنینی جیۆفیزیایی”.

سەبارەت بە چۆنییەتی وەرگرتنی زانیاری تایبەت بە شوێنی بەركەوتن، مامۆستا (محەمەد عەلی) پسپۆڕ لە بواری (جیۆفیزیا) گوتی:”ئەگەر بمانەوێ بزانین چی لەژێر ئەو ناوچەیە هەیە بێ ئەوەی دەستكاری بكەین، ئەوا دەبێ رێگەی (جیۆفیزیا) بەكار بهێنین، ئەویش بە دانانی چەند ئامێرێك كە پێوانەكاریی بۆ چینی ژێرەوەی رووی خاك دەكات و پاشان شیكردنەوەی ئەو داتایانە دەكەین تا بزانین ژێر ئەو ناوچەیەی كە وەك بەركەوتن دەستنیشان كراوە چی لێبووە، یان دەبێ پرۆسەی هەڵكەندن بۆ ئەو ناوچەیە ئەنجام بدەین كە پێوانەكەی 20 بە 20 مەترێك دەبێ تا بزانین ئاخۆ هیچ ئاسەوارێكی چاڵی بەركەوتن هەیە یان نا”.

هەروەها گوتی:”لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەگەر هاتوو ئەو بەردە یان بەشێكی لە ژێر خاكی ئێرەدا مابێت ئەوا دەبێت بە شێوەیەكی چڕوپڕ شیكردنەوەو لێكۆڵینەوە بكەین تا بزانین ئەو بەردە هیچی لێ ماوەتەوە یان بەجێماوە یان نا، جا بەهەر قەبارەیەك بێت، بەڵام ئەگەر هاتوو بەردە نەیزەكەكە نەمابێت، وەك چۆن شایەتحاڵەكان باسیان كردووە، ئەوا دەبێ لە ئاسەواری شوێنی بەركەوتنەكە بكۆڵینەوەو بزانین ئاخۆ چ كاریگەرییەكی بەجێهێشتووە لەسەر بەردەكانی دەوروبەری خۆی و ئاخو چەند مەترێك لە سروشتی دەوروبەری خۆی گۆڕیبێت، بۆیە ئێمە هەوڵی خۆمان بە تەواوی دەدەین تا بزانین ئاسەواری بەردەكە یان كاریگەریی بەركەوتنی لەسەر دەوروبەریدا ماوە یان نا”.

سەبارەت بە بوونی ئەو ئامێرە لە (بەشی زانستەكانی زەوی و نەوت) ئەوا مامۆستا (محمد) گوتی:”بەڵێ، ئامێرەكەمان هەیەو ناسراوە بە (گراڤیمیتەر) واتە (پێوانەكاری كێشكردن) بەڵام بە داخەوە لەبەر كۆنیی مۆدێلەكەی كارامەیی و وردەكارییەكەی پێشووی كەمبۆتەوەو نازانین ئاخۆ ئەو توانایەی ماوە تا بەو شێوە چڕەی كە ئێمە پێویستمانە كاری لەسەر بكەین یان نا وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە، بێگومان ئێستا ئامێری زۆر پێشكەوتوو هەیە، وەك (مایكڕۆگڕاڤیمیتەر) كە كاری زۆر وردی لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەت بۆ ئەنجام دەدات، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا لەبەشەكەمان دەستناكەوێت”.

هەر لەكاتی رووماڵكردنی ناوچەكە لەلایەن تیمەكەوە، (د. ئیدریس مەولود) بەردێكی زۆر سەرنجڕاكێشی لەنێو رێڕەوی رووبارەكەدا دۆزییەوە كە هەندێ لە خەسڵەتەكانی لە بەردی نەیزەكی دەچوو و بووە مایەی سەرنجڕاكێشان و لەهەمان كاتدا جۆرێك لە دڵخۆشكردنی تیمەكە “بەردێكی سەرنجڕاكێشەو بە تەواوی لەگەڵ ئەوەی لێرەدا دەیانبینین جیاوازە، رەنگی تاریكەو بە توندی موگناتیس دەگرێت، ئەمە دوو سیفەتی سەرەتایی جیاكردنەوەی بەردی نەیزەكییە لەگەڵ زەمینی، بەڵام بۆ یەكلاكردنەوەی سروشتەكەی دەبێ لەسەرەتادا (تەنكۆڵە – سلاید) ێكی لێ وەربگرین و ئینجا دەست بە شیكردنەوە بكەین و ناكرێ تەنها بە رواڵەتی دەرەكیی بڕیار بدەین، چونكە لەسەر زەویش بەردمان هەیە زۆر كاریگەرن بە موگناتیس و كێش دەكرێن وەك (هیماتایت و ماگناتایت و سێرپەنتینایت) كە رێژەی توخمی (ئاسن) یان تیادا بەرزە، بۆیە، تەنها زنجیرە شیكردنەوە كیمیایی و فیزیاییەكان لە كۆتاییدا دەریدەخەن كە ئایا ئەم بەردە نەیزەكە یان نا” لە زاری (د. ئیدریس) ەوە.

مامۆستا (سۆران حەسەن) قوتابی دكتۆرا لە بواری (Structural Geology) و ئەندامی تیمی لێكۆڵینەوە گوتی:”لە نێوان بوون یان نەبوون و مانەوە یان نەمان، ئێمە دەبێ كاری زانستیی و شیكردنەوەیی خۆمان ئەنجام بدەین و بگەینە وەڵامی كۆتایی، چونكە دوای بیستنی ئەو رووداوە ناوازەیەی مێژووی گەلەكەمان بە گشتی و (هەولێر) بە تایبەتی، نابێ رووداوی كەوتنە خوارەوەی بەردە نەیزەكی (هەرەجە) ئاوا بە پشتگۆێخرایی بمێنێتەوەو بەرامبەری بێدەنگ بین، بەڵكو ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە بەگشتی و مامۆستایان و پسپۆڕان بە تایبەتی كەوا لێرەوە دەست بە لێكۆڵینەوەی زانستیی – ئەكادیمیی خۆمان بكەین تا دەگەینە دەرەنجامی كۆتایی، ئینجا ئەوكات هەموو لایەك ئاسوودە دبێ”.

هەروەها زیاتر گوتی:”گومان لەوە دانییە كەوا ئەگەر لە رووی زانستییەوە سەلماندمان كەوا ئەو بەردە نەیزەكە بەو شوێنە كەوتووەو ئاسەواریشی جێهێشتووە ئەوا دڵی هەر هەموو تاكێك خۆش و شادومان دەبێ، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی زانستییەی تەواوەی كە هیچ ئاسەوارێكی ئەو بەردە نەیزەكەو كارتێكردنی لەسەر چینە كانی ژێرخاكدا نەماوە، ئەوكات راستە دڵتەنگ دەبین، بەڵام دەروون و ناخمان ئاسوودە دەبێ بەوەی كە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی یەك سەدە بەسەر ئەو رووداوە فەلەكییە – مێژووییەی وڵاتمان دەستەوەستان نەبووین و بە بێدەنگی بەسەریدا تێنەپەڕین، بەڵكو بە پەیڕەوكردنی هەرچی میتۆدو رێگەی لێكۆڵینەوەی زانستیی كە ئێستا بەردەستمانە لە توانای مرۆیی و زانستیی و تەكنیكیدا تەرخانمان كرد بۆ دەستكەوتنی وەڵامی كۆتایی، ئەوكات، هیچ ئاخ و داخێك بۆ پشتگوێخستنی ئەو رووداو و ئەو شوێنە ناخۆین”.

بە پشتیوانی خوای گەورەو میهرەبان و بەپێی پلانی دانراو، بڕیارە لە بەهاری داهاتوو هەمان تیمەكە فروانترو گەورەتر بكرێت و چەند پسپۆڕێكی دیكە بەبەكارهێنانی هەرچی ئامێرو تەكنیكی زانستی بەردەست هەیە سەردانی هەمان شوێن بكەنەوەو بەشێوەیەكی وردو زانستیانە دەست بە لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەی فیزیایی – جیۆلۆجیی شوێنی بەركەوتنەكە بكەن، بەڵكو بتوانین لایەنی كەم ئاسەوارو شوێنەواری بەردە نەیزەكە گەورەو ونبووەكەی كوردستان بدۆزینەوە.