خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- ئەنخێل دی ماریا ئەستێرەی یانەی یوڤنتۆس دووپاتی كردەوە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەموو هەوڵێك دەدات، بۆ ئەوەی ناسناوی مۆندیالی قەتەڕ بەدەست بهێنێت، دی ماریا لێدوانی بۆ مالپەڕی فەرمی (فیفا) دا و گوتی: یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، توانای هونەری و ئەزموونی پێویستیان هەیە، بتوانن خەونی جەماوەرەكەیان لە مۆندیالدا بەدی بهێنن، كە وا بڕیارە لە 20ـی مانگی داهاتوو دەست پێ بكات و تاكو 18ـی مانگی كانونی یەكەم بەردەوام بێت، گوتیشی: هاوڕێیانی مێسی بە باشترین ماوەدا ڕەت دەبن، نەخاسمە دوای بە دەستهێنانی ناسناوی كۆپا ئەمریكای پارساڵ، ئەوەش دەبێتە پاڵنەرێك بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ناسناو.

هەروەها گوتی: هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ماوەیەكی باشدا ڕەت دەبێت و چەكی پێویستی هەیە، كە بتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، یەكێ لەو چەكانەش لیونێل سكالۆنی ڕاهێنەرە، كە توانیویەتی ئارامی بۆ تیپەكە بگەڕێنێتەوە، سكالۆنی، توانیویەتی تێكەڵەیەك لە یاریزانی بە ئەزموون و لاو دروست بكات، بۆ یە متمانەم پێی هەیە بتوانێت ناسناوی مۆندیالی قەتەڕ بەدەست بهێنێت. دی ماریا، لەبارەی بەربژێرەكانی دیكە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەكە گوتی: هەڵبژاردەی فەرەنسا، كە پاڵەوانی وەشانی ڕابردووە، دەتوانێت ڕكابەری لەسەر ناسناوەكەدا بكات، هەڵبژاردەكانی دیكەی وەكو ئیسپانیا و ئەڵمانیاش دەتوانن ڕكابەری لەسەر ناسناوەكەدا بكەن. شیاوی باس كردنە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی قەتەڕ، لەگەڵ هەڵبژاردەكانی سعودیە، مەكسیك و پۆڵەندا لە كۆمەڵەی سێیەم دایە.