خەبات: سولین سلێمان:- خەلیل عیسا بێژەر و نوسەری وەرزشی بەتوانی کەناڵی کوردستان تیڤی کە چەندین ساڵە خزمەت بە بواری وەرزش دەکات، لەم دیمانەیەدا بۆ لاپەرەی وەرزشی رۆژنامه‌ی خەبات باسی سەرەتای چوونە نێو بواری راگەیاندن، و ئاستی میدیای وەرزشی کوردی دەکات و بەمشێوەیە وه‌ڵامی پسیارەکان دەداتەوە:

*چوونی تۆ بۆ ناو بواری راگەیاندن چۆن بوو؟
هەر لە ساڵی 2008 ەوە لەناو بواری راگەیاندنەوە کاردەکەم وەک بێژەر و نوسەری وەرزشی، چوونی من بۆ ئەو بوارە حەزێکی تایبەتی من بوو ، هەر مرۆڤێک حەزێکی تایبەتی هەیە ، ئەو کاتەی کەوا کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان زۆر کەم بوون کوردستان تیڤی وەک یەکەم کەناڵ ئەو کاتی من تێدا دەرکەوتم تێدا توانیم ئەو حەز و ئاواتەی هەمبوو بەدیبێنم و تا ئێستاش بەردەوامم.

*بۆچی لە بواری راگەیاندن وەرزشت هەڵبژارد؟
کاتێک زانکۆی سەلاحەدین بەشی وەرزشم تەواو کرد وەرزش بوەتە بەشێک لە ژیانی من و رۆژانە وەرزش ئەنجام دەدەم بۆ من وەرزش باشترین شوێن بوو کە توانیم خۆمی تێدا ببینم و هەوڵیش دەدەم بە رێگای پرۆگرامی تایبەتەوە زیاتر خزمەت بەو بوارە بکەم.

*بە رای تۆ تا چەند میدیای وەرزشی کوردی وەکو پێویست رۆلی خۆی ببینێت؟
میدیای وەرزشی کوردی بەر لە ئێستا ساردییەکی پێوە دیار بو هەرکەسێک کاری تێدا نەدەکر، بەڵام لە ئێستادا خۆشبەختانە چ بە رێگای سۆشیال میدیا چ بە رێگای کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان و رادیۆکان هەر کەسێک کار لەسەر پێشخستنی وەرزشی کوردی دەکەن بە هۆی میدیای کوردی و میدیاکارە بە ئەزموونەکان دەبینین ئاستی وەرزشی کوردی پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و هیوادارم زیاتر بتوانین میدیای وەرزشی کوردی بەروپێشی ببەین لە ئاست میدیا وەرزشیە جیهانیەکان.

*میدیا تا چەند دەتوانێت هاوکار بێت لەبەرەو پێشچونی هەموو وەرزشەکان؟
راگەیاندن وەک دەگوترێت دەسەڵاتی چوارەمە بەڵام بەرای من لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لەناو یاریگاکاندا گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت چەند پشگیری هەبێت و چەند یاریزانەکان ئەنجام و ئاستی زۆر نایاب بەدەست بێنن، هێشتا ناگاتە بەراورد بە پۆستێکی سۆشیال میدیا وەک بینیمان کە کێشەی یانەکانی وەک دهۆک و هەولێر چۆن بە رێگای میدیاوە کاری جدی لەسەر کرا و کێشەکانیان چارەسەر کران ئەمانە هەمووی بۆ بەهێزی پێگەی میدیا دەگەرێتەوە.

*لە کۆتایدا چ پەیامێکت هەیە؟
هیوادارم بەبێ جیاوازی بتوانین کار لسەر پێشخستنی وەرزش بکەین خۆشبەختانە لە ئێستادا یاریزانەکانمان لە چەندەها یانە جیاوازەکانی عێراق یاریزانن و یاریکەری بەهێز و بە ئەزموونن هەر بۆیە ئەمانە بکەینە نموونەیەک بۆ هاندان و پێشخستنی یاریزانەکانی تر لە یانە بەهێزەکانی ناوەوەی عێراق و دەرەوەی عێراق بیانبینینەوە.