ڕەمزی میرەكانی
هەشت ساڵ پێش ئێستا و ئەو دەمەی شاری كۆبانێ لە ڕۆژئاوای كوردستان، كەوتبووە بەر پەلاماری هێزی ڕەشی داعش و هەشتا لە سەدای شارەكە لەبن دەستی تیرۆریستاندا بوو، دەبوو هەڵوێستێك هەبێت؛ بۆ ئەوەی ئەو شارە كوردییە، كە بە هەموو دانیشتووانی بە تایبەتی كچانی ڕوو سووری لە دژی تیرۆریستان وەستابوونەوە، نەكەوێتە بن دەستی چەپەڵی داعشەوە، كە ئەودەم لەوپەڕی بەهێزیی دابوو و تەڕ و و شكی بەیەكەوە دەسووتاند.
كێ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی نواند، بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو دەمی هەرێمی كوردستان بوو. بە فەرمانی سەرۆك بارزانی و بە بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگە كە زیاتر لە 150 پێشمەرگە دەبوو بە هەموو چەكی قورس و تفاقەوە ڕوویان لە شاری كۆبانێ كرد و لێنەگەڕان ئەو شارە بكەوێتە بن دەستی تیرۆریستانی داعشەوە. ئەو بڕیارە بۆ بەهاناوە چوونی بەشێكی كوردستان، بڕیارێكی قورس نەبوو، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش هەبوو، بە تایبەتی توركیا، چونكە هێزەكە تەنیا دەبوو بە ناوخاكی توركیاوە بچێتە كۆبانێ، ئەوەش بە دانایی سەرۆك بارزانی هاتە دی و هێزەكە بە تەواوی جبەخانە و بە ئاڵای كوردستانەوە بە ناو خاكی باكوری كوردستانەوەدا ڕۆیشت، لەوێش كوردانی باكور بە ئاڵای كوردستان و بە گوڵەوە پێشوازییان لە هێزەكەی پێشمەرگە كرد و زۆر بە گەرمی تاكو سەر سنوور بەڕێیان كرد.
لە كۆبانێش هێزەكە زۆر بوێرانە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوویەوە و لێنەگەڕا شارەكە بە تەواوی داگیر بكەن، هێزی پێشمەرگە لەوێ شەهیدێكیشیان دا ئەویش، زێرەڤان ئەكرەم مزوری، بوو و هێزەكە بە خوێنی خۆیان ئەو شار و بەشەی كوردستانیان پاراست. ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە دەبینین، ئەوە جاری یەكەم نییە كە كوردی باشوور بە هانای بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە چووبێت، لە ساڵی 1920دا، هێزێكی بارزانییەكان كە لە 200 كەس پێكهاتبوون و بارزانی نەمریشیان لەگەڵدا بوو، بە هانای ئەرمەنییەكانەوە چوون لە باكوری كوردستان و توانیان ئەرمەنییەكان ڕزگار بكەن و لەگەڵ خۆیان بیانهێننە شاری موسڵ.
لە ساڵی 1946دا، كە كۆماری كوردستان لە مهاباد دروست بوو، دیسان هێزێكی بارزانییەكان بە ڕابەریەتی، بارزانی نەمر، چوونە مهاباد و بەرگرییان لەو تاكە كۆمارەی كوردستان كرد و تاكو كۆمارەكە بە پیلانی داگیركەران لە بار برا، بارزانییەكان هەر لەوێ مانەوە و بەرگرییان لێی كرد، پاشان خۆیان ڕادەستی هیچ وڵاتێك نەكرد، لە ڕێڕەوێكی مێژووییدا لە ئاوی ئاراس پەڕێنەوە و چوونە یەكێتی سۆڤیەتی ئەو دەم. دوایین جاریش لە ساڵی 2014دا، بوو كە بەفەرمانی سەرۆك بارزانی، هێزێكی پێشمەرگە چووە كۆبانێ لە ڕۆژئاوای كوردستان، هێزەكە لێنەگەڕا شارەكە بكەوێتە بن دەستی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی داعش و جوامێرانە ڕووبەڕوویان بوونەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ خەڵكی شارەكە، خەونی تیرۆریستانیان لە گۆڕ نا، بەمەش بۆمان دەردەكەوێت، كوردی باشوور هەر كاتێك پارچەیەكی تری كوردستان پێویستی بە یارمەتی ئەو هەبووبێت، بەوپەڕی سنگ فرەوانییەوە بە هانایانەوە چووە و بە باشترین شێوە یارمەتی داون، ئەوەش بۆ هەستی نەتەوایەتی خەڵك و سەركردایەتی ئەو بەشەی كوردستان دەچێتەوە، كە بەردەوام پێیان وایە كوردستان یەك پارچە و دوژمنان كردوویانەتە چوار پارچە.. بژی كورد.. بژی كوردستان.