كاروان محەمەد سینۆ
لە كاتێكدا پێشمەرگەی كوردستان لەرووبەرووبوونەوەدا بوون بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان دژی گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی لە جیهان كە بە (داعش) ناسرابوو و هێرشیان كردبووە سەر خاكی هەرێمی كوردستان لە رۆژاوای هەولێری پایتەخت و دەشتی نەینەوا و باشووری پارێزگای دهۆك. لەو دەمەدا (15ی ئەیلوولی 2014) تیرۆرستانی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)، هێرشێكی گەورە و بەربڵاویان كردە سەر رۆژاوای كوردستان لە دەڤەری (كۆبانێ). هێرشی تیرۆرستان بۆسەر دەڤەری (كۆبانێ) بێجگە لەوەی خواستی فراوانكردنی پانتایی دەوڵەتە ئیسلامییەكەیان بوو، لەلایەكەشەوە تیرۆرستانی (داعش) خوازیاری ئەوە بوون كە ڕەگ و ڕەچەڵەكی كورد لە (كۆبانێ) لە ریشە دەربهێنن و كورد ئەنفال و جینۆساید بكەن و خەڵكەكەی شاربەدەر و ئاوارە و دەربەدەر بكەن، بۆ ئەوەی دەڤەرەكە لە بوونی كورد پاكتاو ببێت.
(داعش) بە تۆپ و تانك و زرێپۆش و كاتیۆشا و هاون، هێرشێكی بەهێز و بەربڵاویان كردە سەر گوندەكانی دەڤەری (كۆبانێ)، لەو رۆژەدا تیرۆرستان 21گوندی كورد نشینیان داگیر كرد و دەستیان نەپاراست لە كوشتن و سەربڕینی پیر و گەنج و پیاو و ژن، خەڵك ئاوارە بوون و شاری (كۆبانێ) كەوتە بەر مەترسی كەوتن.
بەداخەوە لەوكاتەدا هیچ وڵات و لایەن و كەسێك!هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو بەرانبەر قڕان و قەڵاچۆكردنی كورد لە (كۆبانێ)، بەڵام جارێكی دیكە وەكو هەموو جارێك و لە هەموو بارودۆخێكی مەترسیدار و چارەنووسساز و رۆژانی (كوردستان یان نەمان)، فریادڕەس و خەمخۆر و هانابەری كورد و كوردستان تەنها جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بوو كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی لەشكری كوردستان بوو، لە گوتەیەكیدا گەلی كوردی دڵنیاكردەوە و گوتی: “كۆبانێ ناكەوێ” و بڕیاریدا كە بە هەر شێوەیەك بێت بە فریا و هانای رۆژاوای كوردستان و خەڵكی شاری (كۆبانێ)وە بچێت و رزگاریان بكات لە قەڵاچۆ كردن و كەوتن و داگیركردن. لەم رووەوە سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەری بەرگریكردندا بوون لە باشوری كوردستان و هەولێری پایتەخت، بەڵام جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو شیان و تواناكانی خۆی و پێشمەرگەی كوردستانی خستە گەڕ بۆ رزگار كردنی (كۆبانێ) لەكەوتن و داگیركردن. بۆیە لە 7/10/2014 سەرۆك بارزانی داوای لە وڵاتی توركیا كرد رێگە بە پێشمەرگەی كوردستان بدات كە بەخاكی توركیادا بچن بۆ رزگار كردنی كۆبانێ و رەزامەندییەكە وەرگیرا.
لە رۆژی 28/10/2014 بەفەرمانی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی جووڵە بە پێشمەرگەی كوردستان كرا بەرەو رزگاركردنی (كۆبانێ) و لە نێو ئاپۆرایەكی جەماوەری كەرنەڤاڵ ئامێزدا، هەر لە ناحیەی (خەبات)ـەوە كە خاڵی دەسپێكی جووڵەی پێشمەرگە بوو بەرەو (كۆبانێ)، خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان و هەولێری پایتەخت رژانە سەر شەقام و بە فرمێسكی نیشتمانپەروەرییەوە هێزی پێشمەرگەیان گوڵباران دەكرد و شیرینییان بەسەر ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەدا دەباراند. بە هەمان شێوە بەدرێژایی رێگای هەولێر – كۆبانێ هەڵوێستی خەڵكی نیشتمانپەروەر هاوچەشن و هاوشێوە بوو، لە بەردەرەش، روڤیا، چڕە، شێخان، باعەدرێ، دهۆك، سێمێل و زاخۆ، شیرینی و فرمێسكی خۆشی و نیشتمانپەروەری و گوڵ و ئاڵای پیرۆزی كوردستان تێكەڵی یەكتر دەبوون و بەسەر پێشمەرگەدا دەباری.
هەروەها بەهەمان شێوە لەو دیوی (سنووری دەستكرد) لەباكور، هەر لە سلۆپی.. و نسێبین.. و قزڵتەپە.. و ئۆرفا.. و سروجێ هەتا كۆبانێ، بەهەمان شێوە خەڵكی نیشتمانپەروەری باكوری كوردستانیش گوڵ و شیرینیان بە فرمێسكی نیشتیمان پەروەرییان تێكەڵ دەكرد و بەسەر پێشمەرگەیان دەباراند. لە رۆژی 30/10/2014 پێشمەرگەی كوردستان چوونە ناو شاری كۆبانێ و دەمودەست لەنزیك (300)مەتر بەرانبەر تیرۆرستانی (داعش) سەنگەری بەرگری و رزگاركردنیان داكوتا دەمودەست هەڵمەت و هێڕشی پێشمەرگە بۆ سەر تیرۆرستانی (داعش) دەستی پێكرد و دەمودەست تەرازووی هێز و سەركەوتن بەلای پێشمەرگەدا شكایەوە و هەر لە هەفتەی یەكەمی هەڵمەتی پێشمەرگە %50ی شاری كۆبانێ رزگار كرا و لە ماوەی (پێنج مانگدا ) و لە رۆژی 29/4/2015 بەنەعرەتەی دواین فیشەكی پێشمەرگە هەل هەلەی سەركەوتن و رزگار بوونی (كۆبانێ) گوێی جیهان و دۆست و دوژمنانی تەنی و تەواوی شاری كۆبانێ و 32كم لە گوندەكانی دەورووبەری كۆبانێ لەسەر دەستی پێشمەرگە چاونەترسەكانی كوردستان لە تیرۆرستانی داعش رزگار و ئازاد كرا و هەروەكو جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووبووی “دڵنیابن كۆبانێ ناكەوێ” هەڵبەت كۆبانێ نەكەوت و رزگار و ئازاد كرا.
لە هەشتەم ساڵیادی فریادرەسی و رزگاركردنی خەڵك و خاكی شاری (كۆبانێ)، وەكو مللەتی كورد لە تەواوی كوردستان و جیهاندا سوپاسی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین بۆ ئەو هەڵوێستە بوێر و نیشتمانپەروەریی و جوامێرانەی كە بووە مایەی رزگاركردنی (كۆبانێ)، سوپاسی ئەو پێشمەرگە گیان لەسەردەستانەی كوردستان دەكەین كە بەشدارییان كردبوو لە رزگاركردنی (كۆبانێ)، هەر لەم یادەدا پیرۆزبایی لە خۆمان و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین بە ئەنجامدانی كونگرە 14ی پارتیمان لەم هەفتەیەدا، هیوای سەركەوتن و سەرفەرازی بۆ پارتی و كۆنگەری 14 دەخوازین، دڵنیاین كە كۆنگرە 14ی پارتیمان قۆناغێكی دیكەی نوێ و پڕ شكۆ و سەركەوتن و پێشڤەچوون دەبێت لە هەموو بوارێكدا بەتایبەت لە سەر ئاستی جەماوەری و رێكخستن و سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكان و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی نێوخۆیی و دەرەكی حزب. شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان و ئاڵای پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان، سەری رێز و نوازش دادەنوێنین بۆ جەنابی مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتی و كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ و تەواوی شەهیدانی كورد و كوردستان.