خەبات: موسلیم دۆڵەمەڕی:- ئافرەتی كورد هەمیشەخاوەن هێزو توانابووە لەزۆربەی بوارەكانی ژیاندا بەتایبەتی بواری هونەری، رێزان صاڵح ئامێدی نموونەیەكە لەوئافرەتانەی كە توانی لەبواری شانۆكاریدا سەركەوتنێكی باش بەدەست بێنێت وببێتەئافرەتێكی دیاری نێوجیهانی شانۆی كوردی بە تایبەتی لەدەڤەری بادینان، لەم دیدارەدا رێزان صاڵح باسی لەژیانی هونەری وئەمڕۆی شانۆی كوردی كرد لەنێوجیهانی هونەری كوردیدا.

*رێزان كێیەو كەی چۆتە نێوجیهانی شانۆی كوردی؟
من ناوم رێزان صاڵح خەڵكی دەڤەری ئامێدیم و ئێستا لەدهۆك ژیان بەسەر دەبەم، دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكانم بەشی شانۆ وە هەروەها دەرچووی كۆلیژی زانستەمرۆڤایەتیەكانم بەشی دراما . لەساڵی 1997بەپاڵپشتی باوكم (سڵاولەگیانی بێت) دەستمكرد بەكاری هونەری شانۆكاری شوكربۆخودا توانیم ببم بەئەكتەرێكی سەركەوتوو لەباژێری دهۆك بەتایبەتی وكوردستانیش بەگشتی.

*ئێستا كێ هاوكارتە لەكارەكەت هاوسەرو منداڵەكانت نابنەئاستەنگ لەبەردەم كارەكەت ؟
سەرەتای كارەكەم ئاستەنگی زۆرم دەهاتنەبەردەم ئەویش لەلایەن كۆمەڵگاوە نەك خێزانەكەم بەڵام ئێستا سوپاس بۆخودای گەورە یەكەم پاڵپشت و مامۆستای كارەكەم هاوسەرەكەمە چونكە خۆشی ئەكتەرو هونەرمەندێكی بەرچاوی شاری دهۆكە هونەرمەند ئەحمەد مشەختی،وە سەبارەت بەمنداڵەكانیشم نەخێربەپێچەوانەوەچونكە دایك وباوكیان هونەرمەندن ئەوانیش حەزی زۆری كاری هونەریان هەیە.

*تاچەند ئافرەت بەئازاد دەبینی لەنێوكاری هونەریدا ؟
چەندساڵی ڕابردوو واتە دوای نەوەتەكان ئافرەت ئەو ئازادیەی نەبوو كەئێستا هەیەتی،چونكە كاتێ كەئێمە داوای پەیمانگای هونەرەجوانەكانمان كرد شتێكی زۆر سەیرو عەیبەبوو لەنێوكۆمەڵگاكەمان،بەڵام ئێستا دەبینی بەدەیان لەدایك وباوكان واستەدەكەن بۆ ئەوەی كچەكانیان لەهونەرە جوانەكان وەربگیرێت ئەمەش نیشانەی هەبوونی ئازادی ئافرەتە.

*حەزدەكەی زیاترلەگەڵ كام دەرهێنەرو ئەكتەری كورد كاربكەی؟
لێرەدا ڕێزو سڵاوی تایبەتم هەیە بۆگشت ئەكتەرو دەرهێنەری كورد، بەڵام وەكو حەزی تایبەتی خۆم حەزدەكەم لەگەڵ هەردووبرای خۆشەویستم دەرهێنەران هونەر سلیم وحسێن حەسەن كاربكەم ئەكتەرەكانیش هەركەسێك بن لای من خۆشەویست و بەڕێزن.

*شانۆچی بە ڕێزان بەخشیووە لەژیان؟
شانۆ زۆر شتی جوانی پێبەخشیووم بەڵام گەورەترین شت كەشانۆ بەمنی بەخشی لەژیان هاوسەرەكەم بوو چونكەئەگەرنەبوومایە شانۆكار هەرگیزئەوم نەدەناسی و نەدەبووین بەدووهاوسەری هونەرمەند كەلای من هونەرمەند ناوێكی زۆرزۆر پیرۆزە.