عارف ڕوشدی

ریفراندۆم پرۆسەیەکی سیاسی یاسایی پیادەکراوە لە پێناوی بڕیاردان لە بارەی چارەنووسی هەندێ پرسی هەستیار ، وەک پرسی (مافی گەلێک ، شێوازی بەرێوەبردن، سیستەمی سیاسی، پەیوەندی گەلان و داڕشتنی دەستوورو… هتد ) ، ڕیفراندوم لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافێکی دانپێدانراوی رەوای گەلانە، پەنابردن بۆ ریفڕاندوم لە کاتێکدایە چارەسەرکردنی پرسێکی بنەڕەتی پەیوەندیدار بە ژیان و سەروەری گەڵێکەوە دەگاتە بنبەست بەتایبەتی لەو وڵاتانەی داگیرکراون یان بە زۆری زۆرداری خاک و گەلەکەی بە وڵاتێکی دیکەوە لێکێنراوە، هەر وەک (کوردستان)ـی خۆمان.

لەوەتەی کوردستان بە زەبرو زەنگ و بێویژدانیی سیاسی بە چەند وڵاتێکەوە لکێنراوە، گەلەکەی لە ژێر چەپۆکی چەوسێنەراندا ڕووبەڕووی جۆرەها شێوازی چەوساندنەوە بووتەوە، تەنانەت لە وڵاتی عیراقدا کە بەپێی دەستوورە هەمیشەییەکەی (وڵاتێکی خاوەن سیستەمی فیدڕاڵییە ) پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەو ئاستەدا رێکبخرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەردەوام حکومڕانانی بەغدا لە هەوڵی بێوچاندان بۆ لەباربردنی سیستەمی فیدرالی و دووبارەکردنەوەی (ناوەندێتی سەرکوتکەر).

دوای هەوڵێکی زۆری سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بە شێوازی هەماهەنگی و گفتوگۆی بنیاتنەرانە، بەڵام بێسود بوو، بۆیە بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کرایەوە وەک بنەمای چارەسەرو جێبەجیکردنی ئەرک و مافێکی دیموکراسی ڕەوای گەل، لەوەشدا مەبەست ئەوەبوو ببێتە دەرگایەک بۆ گفتوگۆی لێبڕاوانە لە نێوان هەرێم و بەغدا، بە ڕەچاوکردنی خواستی خەڵکی کوردستان، کە خۆی لە دەرنجامی ڕیفراندومدا بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتیخوازانە دەخاتەروو.

ریفڕاندوم سەرەڕای ئەوەی مافی ڕەوای گەلەکەمان بوو، لە هەمان کاتدا خاڵی وەرچەرخانی سەردەمییانەی کاروانی خەباتی سیاسی جەماوەری بزاڤی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستانە، بە رابەرایەتی رێبەری نیشتیمانیی گەلەکەمان جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و بە پشتیووانی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ریفڕاندوم دیکۆمێنتی یاسایی کۆدەنگی نیشتیمانخوازی گەلی کوردستانە و رەتکردنەوەی ژێردەستەیی و خۆچەماندنە.