ئەسرین عاسی شوانی
کورد وەک گەلێکی دێرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان، هەر لە دێر زەمانەوە ڕووبەڕووی چەندان جینۆساید و هەوڵی سڕینەوە بووەتەوە لە لایەن دوژمنانییەوە، بەڵام بەقەد ئەوە کاریگەری نەبووە، كە کورد خۆی لە نێوان خۆیاندا ناکۆک و ناتەبا بوونە، ئەو ناتەبایی و ناکۆکی و خۆ بەکەم زانینە، وایکردووە کەوا کورد وەک میللەتێکی ژمارە دوو لە ناوچەکە سەیر بکرێت، کێشەکە لەوەدایە کورد بە حوکمی ئەوەی میللەتێکی ژێردەستە بووەو هەمیشە لە لایەن دوژمنانییەوە سەرکوت کراوەو ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوانیاندا چێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە حیزب و میدیای کوردی بە تایبەت میدیای هەندێک لە حیزبەکان کار لە سەر ئەوە دەکەن ئەو خەونانەی دوژمنان بهێننە دی و کورد وەکو گەلێکی بچووک پیشان بدەن، دوژمن بە هێز و کورد بە بێهێز پیشان بدەن، بە جۆرێک گەلی کورد هەر چاوەڕوانی خوانی دوژمنان بێت و بێ ئەوان نەتوانن پەنجە بە ئاودا بکەن.

بۆ نموونە ئەگەر بێین و لە ڕیفراندۆم بڕوانین لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی شی بکەینەوە، لایەنی ئەرێنی زۆر زیاترە، لە لایەنی نەرێنی، بەلای کەمەوە کورد لەو ڕۆژ و ساتەدا سەلماندی کە ئیرادەی بەهێزی هەیە بۆ سەربەخۆیی، ئیرادەکەشی لە دەرەوەی ویستی حیزب و بەرنامەی سیاسیە، لەبەر ئەوەی کورد لەو ڕۆژەدا سەلماندیان کە نایانەوێت لەوە زیاتر ژێردەستە بژین، بۆیە لە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیردا بڕیاری چارەنووسسازیان داو بۆ جیهانیان سەلماند کە خواستی سەربەخۆیی لە لای تاک بە تاکی کورد بوونی هەیە، بەڵام بە داخەوە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەو دژایەتیکردنی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، هەندێ لایەنی کوردی و میدیاکانیان کەوتنە دژایەتی ئەو پرۆسەیە، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کەوا ئەو پرۆسەیە ویست و داواکاری سەرجەم کوردە، بێ ئاگا لەوەی کەوا بڕیاری ڕیفراندۆم ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە دڵی داگیرکەراندا چاندووە و بە جۆرێك تووشی شۆکی کردوون کە قەت بیریان نەچێتەوە، لەبەرئەوەی داگیرکەران لە گرنگی بڕیاری ڕیفراندۆم تێگەیشتوون.