حەیدەر عومەر
ریفراندۆم یادێکی مەزن و رۆژێکی پیرۆزە لەناو مێژووی کوردا، بۆیە پێویستە ئەم یادە پشگوێ نەخرێ و هەموودەم بەرز و بەنرخ رابگیرێ، پێنج ساڵ لەمەوبەر گەلی کوردستان بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بەڕێکەوتن و توانیان رۆژێکی زۆر مێژوویی تۆماربکەن.
لەرۆژی ٢٣مانگدا، دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی ڕێفڕاندۆم، لە یاریگای هەولێر سەرۆک بارزانی بە چەند وتەیەکی یەکجار بەنرخ هەموومانی بە گیانی شۆڕشگێری و كوردایەتییەوە ورەبەرز کردەوە، کە فەرمووی: ( چیتر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەدەستەڵاتی مندا نەماوە و کەوتۆتە دەستەڵاتی ئێوەوە). ئەوە لەکاتێکدا بوو، کە لە هەموو لایەکەوە پاڵەپەستۆی خرابووە سەر کە پاشگەزبێتەوە، بەڵام بارزانی وەک لە وتەیەکی تردا فەرمووی: ئامادە نیم خۆم شەرمەزاری گەلەکەم بکەم.
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەگەڵ ئەوەی بوو بەهەواڵێکی جیهانی لە هەموو راگەیاندنەکانی دنیادا باسکرا و دەنگی دایەوە، هاوکات گیانێکی شۆڕشگێڕی نوێی کوردایەتی کرد بەبەرگی گەل و نیشتیماندا. سەرەڕای دەستی ڕەشی خیانەتکاری لەپشتەوە كە دوژمنی پەلکێشکردو چەندین رۆڵەی ئەم گەلەی کردە قوربانی و لەهەمان کات چەند ناوچەیەکی گرنگی کوردستانیان داگیرکردەوە، بەڵام لەئاکام دوژمنان لووتیان شکاو ڕیفراندۆم بووە راستی و واقیع و بەڵگەیەکی مێژوویی کە هەتا کورد مابێ وەک دیکۆمێنتێکی زێرین بەدەستییەوە دەبێ. ئەمەش تاکە ستراتیژییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو کە میللەت بڕیاری خۆی بدات، نەک بۆ بەیانی و دەستەبەرکردنی دەستکەوت و ئامانجێکی ڕاستەوخۆی هەنووکەیی، بەڵکو بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە وهەر رۆژێکێش دەرفەت زیاتر هەبوو و دوژمنە جۆراوجۆرەکانی دەرەوە و ناوەوە بە گورزی میللەت توڕهەڵدارن ، ئەوکات بەم بەڵگەنامە یاسایی یە کورد دەتوانێت دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکات و ئەو وشە ئەڵماسییەی بارزانی لەناو دڵی هەموو کوردێکی بەشەرەفدا بمێنێ .((من خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم ناکەم)) سەرۆک مەسعود بارزانی بە دروستکردن و بڕیاردانی ڕیفراندۆم توانی پرسی سەربەخۆی گەلی کورد لە قۆناغی خەونی شاعیرانە و ترس و لەرزو ژێرزار و شەرمەوە بگوازێتەوە بۆ ورە و غیرەت و مەردایەتی و ئیرادە بەرزیی.










