پەرژین جەعفەر
ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر یەكێك لە گەورەترین ڕووداوی ناوچەكە و كوردستان و گەلی كوردستان تێپەڕ دەبێت ئەویش ئەنجامدانی(ڕیفراندۆم)ـە، لە باشووری كوردستان، كە مومارەسەكردنێكی یاسایی و سیاسی و دەستورییە و بەپێی میكانیزم و ڕێكارێكی تەواو یاسایی بەڕێوەبرا، ئەنجامەكەیشی بووە دەستكەوتێك، ڕاستە بەهۆكاری خیانەت لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ نەیانهێشت میللەتی كورد بەو مافەی خۆی بگات كە لەو پرۆسەیەدا بە زۆرینە دەنگی بە سەربەخۆییدا بە ڕێژەی ٩٢.٧٣٪ی خەڵكی كوردستان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان كرد.
ئەم ئەنجامە بەرپرسانی عێراقی تووشی شۆك كرد، چونكە ئەوان نەیاندەتوانی ئەوە هەزم بكەن گەلی كوردستان بەم شێوەیە خواستی سەربەخۆییان هەیە. پرسی سەربەخۆیی بۆ ئەو گەلانەی كە داگیرکراو یاخود ژێردەستەی وڵاتانی زلهێزن لە زۆر رێككەوتنی جیهانی و بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا وەك مەبدەئی چەسپاوە، لە بڕگەی ٢١ی تایبەت بە جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان مافی هەموو گەلێكە خۆی خاوەندارێتی مافی چارەنووسی خۆی بێت، مادەی ٥٥ی جاڕنامەكەش تەئكیدكردنەوەیەكی دیكەیە بۆ گەلان و میللەتان كە خۆیان ئەو مافە مومارەسە بكەن، هەروەها بڕیاری ١٥١٤ی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ڕێگەدانە بەسەربەخۆیی ئەو گەل و وڵاتانەی داگیركراوە و خواستی سەربەخۆییان هەیە و لە ساڵی ١٩٦٠ وەك بڕیار باسكراوە، كە هەر گەلێك ویستی بڕیاردانی مافی چارەنووسی خۆی هەیە و بە ئازادانە دەبێت ئەو مافە مومارەسە بكات، دیسان بەگوێرەی جاڕنامەی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاری ژمارە ٢٦١٥ی ساڵی ١٩٧٠ ئەنجوومەنی گشتی جەختكردنەوەیە لەسەر هەمان پرەنسیپ و دیاریكردنی چارەنووسی گەلان بەبێ دەستتێوەردانی دەرەكی و ڕێگەدان بەوەی میللەتان خۆیان بڕیاردەربن.
چەندین مادە و بڕگەی دیكە هەن كە ئاماژەن بەوەی مافی سەربەخۆیی و بڕیاردان لەو ویستە لە دەستی ئەو میللەتانەیە كە خۆیان بە ئیرادەوە بڕیاری لێدەدەن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێ رێز لەو خواست و ویستە بگرن، كەجێی داخێكی زۆرە بۆ گەلی كوردستان ئەم ڕێزەمان نەبینی و تێگەیشتین مافی گەلان چ گاڵتەجاڕییەكە بەدەستی بێویژدانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە و بچووكترین بەرژەوەندی خۆیان ناكەن بە قوربانی بۆ ئەو میللەتانەی بە درێژایی مێژوو غەدریان لێكراوە و ژێردەستە بوونە.
دوای مێژوویەكی پڕ لە مەرگەسات و چەوساندنەوە و خوێنڕشتن و بەكارهێنانی هەموو ڕێگاكانی جینۆساید دژ بە گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی بەناو عێراق دەرفەتێكی زێڕین بەسەركردایەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هاتە پێش و لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێگەیەكی ئاشتییانە و زمانێكی سەردەمییانە و بەپشت بەستن بە سەرجەم بڕیار و بڕگەكانی مادەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەنگاوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشووری كوردستان نرا، كە ئەم هەنگاوە لەڕووی سیاسیەوە دوا خاڵی گەیشتنی ئامانجی نەتەوەیی و خەباتی چەكداری و سیاسیی گەلی كوردستان بوو، وەك لەسەرەتاوە باسمانكرد ئەنجامەكەی بەو ڕێژەیە مەیل و خواستی سەربەخۆیی لە ڕۆحیەتی میللەتێكدا هەبوو كە زۆر لایەن پێیانوابوو ئەم ویستە لەبیری كورددا بێ ئاسەوارە و ئیرادەی ئەوەیان نییە بڕیارێكی لەو جۆرە بدەن، بەڵام مێژووی پڕ مەرگەسات و ناخۆشیی و ناسەقامگیری لە عێراقدا و بە زۆر خستنەسەری كوردستان بەم وڵاتە دروستكراوە هێزی ئەوەی بە میللەتی كورد بەخشی كە پشتیووان بە خودا و خوێنی قوربانیەكان و پێشڕەوی سەرۆك مسعود بارزانی ئەم هەنگاوە بنێت و پەیامی ئاشتییانەی خۆی بگەیەنێت.
خیانەتی ناوخۆیی و بێ هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نەبوایە ئەوا دۆخی هەرێمی كوردستان ئێستا جیاواز دەبوو، جیاواز وەك ئەوەی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق وڵاتێكی نموونەیی ناوچەكە دەبووین كە ئاشتی و پێكەوەژیان و سەقامگیرییەكەی وێنەیەكی دیكەی بە ناوچەكە و جیهان دەبەخشی.