شێخ ستار عەوەڵانی
ئەگەر لاپەڕەكانی ‌مێژووی خەباتی گەلی كورد هەڵبدەینەوە و بەوردی شیكارێكی مێژوویی بۆ بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە گەلی كورد بە قۆناغی زۆرسە خت و دژواردا گوزەری كردووە، بۆ هەر قۆناغێك بەرنامەو ستراتیژ یاخود نەخشە ڕێگای تایبەت بەو قۆناغەی هەبووە، بۆ هەر قۆناغێك لەو قۆناغانە دەبێ زیاتر وردبینەوە و ڕۆبچینە ناو مێژوو لە ئەنجام كۆمەڵێك پرسیار دێتە پێشەوە، یەكێك لەوپرسیارانە ئایا تۆماری مێژوو خەبات و قوربانیدان و دەستكەوت و سەروەرییەكان كێ پێش ڕەوایەتیكرد و باری قورس و بەرپرسیاریەتی لەسەرشانی كێ بووە، بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەو پرسیارە لای هەمووان ڕوونە.

و دوای تێپەڕاندنی هەموو ئەو قۆناغە هەستیار و دژوارانەی هاتنە ئاراوە، پیلانگێڕی ناحەزان و ڕووبەڕووبوونەوەیان و شەڕی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنیان، بەشێك لە هۆكاری ڕاكێشانی ڕای گشتی نیودەوڵەتی بەلای هەرێمی كوردستان و ئامادەكای پێویست بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژی ڕەنڴڕێژكردنی نەخشە ڕێگایەكی دیكە بەپێی خواستی قۆناغەكە ئەویش هەنگاونان بوو بۆ سەربەخۆیی یاخود ئامادە كردن و بەدەستهێنانی ڕای گشتی گەلی كورد، تا ئامادەكاری بكات بۆ داهات و وەك دواقۆناغ و وێستگەی خەباتی گەلی كورد بۆ سەربەخۆیی.

بۆیە لەم تێڕوانینەوە جەنابی سەرۆك پێشڕەوایەتی نەخشە ڕێگاكەو چۆنیەتی ئامادەكارییەكانی كرد، هەرچەندە بەربەست و ئاستەنگەكان زۆربوون لە ناخۆ و دەرەوەشدا، بەڵام ئیرادەو تێڕوانینەكانی سەرۆك بارزانی بەسەر هەموو كۆسپ و تەگەرەكاندا سەركەوت و لە پرۆسەیەكی ئازادو دیموكراتیانەدا ٪93ـی جەماوەری بوێرو ئازادیخوازی گەلی كورد دەنگیاندا بە سەربەخۆیی كوردستاندا، بۆیە ڕۆژی 25-9-2017 بووە ڕۆژێكی مێژوویی و دەستكەوتێكی ترو بڕینی یەكێك لە قۆناغە مێژووییەكانی گەلی كورد، ئەم ڕیفراندۆمە بەڵگەنامەیەكی گرنگ و ڕای گشتی گەلی كوردە بۆ داهاتوویەكی گونجاو و لەبار كە بەكاری بێنێت بۆ سەربەخۆیی، كورد و كوردستان.