فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد
ئەو پارچەیەی كوردستانی گەورە، كە چەند ناوێكی جیاوازی بۆ داتاشراوە، وەك: باكووری عێراق، باشووری كوردستان، كوردستانی باشوور، ھەرێمی كوردستان. كە تەنیا ھەرێمی كوردستان چوارچێوەیەكی یاسایی و سیاسی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بە عێراقەوە لكێنراوە، بە سیستەمی سیاسی و شێوازی فیدراڵی، كە ئەوەش لە دەستووری پەسندكراوەی عێراقی ئەمڕۆدا چەسپاوە.
جا كە عێراق، دەوڵەتێكی فیدراڵییە و لە چەند نەتەوە و ئایینی جیاواز پێكھاتووە، وەك: كورد و عەرەب و توركمان و كلدۆئاشووری و ھەروەھا زمانی كوردی و عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتن، لەتەك پارێزگاری لە زمانی توركمان و كلدۆئاشووری و خوێندن بە زمانی خۆیان.
لە پێشەكی «دیباجە» دەستووری عێراقی فیدراڵدا ھاتووە، مانەوەی عێراق بە یەكگرتوویی و یەك پارچەیی، پابەندبوونە بە مادە و بڕگەكانی ئەو دەستوورە، كە بەداخەوە زۆرینەی مادە و بڕگەكانی كە لەبەرژەوەندی كوردستان و كورد بوون جێبەجێ نەكران و بەڵكو ھەوڵ بۆ ئەوەی بەدەستیش ھاتبوو لە دەست كوردستان دەریبھێنن بە پاساوی بێ بنەما و بە پشت بەستن بە زۆرینە.
لەبەر رۆشنایی ئەمانە و بڕوابوون بە مافی گەلان و بنەماكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و ھەروەھا بە پشت بەستن بە ئەزموونی تاقیكراوەی گەلان بۆ بەدیھێنانی مافەكانیان، بە شێوازی دیموكراتیانە. دامەزراوە سیاسی و یاسادان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پشتبەستن بە گەلێكی خودان ھەموو بنەماكانی نەتەوەبوونی، وەك: خاك و زمان و كولتوور و… ھتد. بڕیار درا بۆ گەڕانەوە بۆ رای گەلی كوردستان، بەشێوازێكی ئاشتیخوازانەی و دوور لە توندوتیژی و بێئومێد بوون لە پێكەوەژیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی نوێش. چونكە ئەوەی دەسەڵاتدارە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە كوشتن و ئەنفال و جینۆساید و كیمیاباران و راگواستن و سەركوتكردن و ھەموو شێوازێكی سەركوتكردن دەرحەق گەلی كورد و كوردستان لە دەستیانھاتبێت درێخیان نەكردووە و ناشیكەن.
ھەروەھا بۆ ئەوەی عێراقیش سەقامگیر بێت و ببێتە نەریتێكیش بۆ ناوچەكە لە جیاتی لێكنەگەیشتن و توندوتیژی، بگەڕێنەوە بۆ شێوازی ئاشتییانە بۆ بەدیھێنانی مافەكانیان. ئەوەبوو جەماوەری كوردستان بە “بەڵێ”ـی لە ٩٣٪ بۆ دەوڵەتی كوردستان و جیابوونەوە لە عێراقی ناسەقامگیری ناسروشتییانە و دروستكراو، كە پێشتر كورد و كوردستانیان بە شۆڕش و راپەڕین داوای مافی خۆیان دەكرد و رووبەڕووی دامودەزگا سەركوتكەرەكان دەبنەوە، قوربانیش جەماوەری عێراق بوو بە تەواوی نەتەوە و پێكھاتەكانی، لە سایەی سەری دەسەڵاتدارە ستەمكار و لە خۆبایی و خوێنڕێژەكانی یەك بە دوای یەكی عێراقییەكان.
جا لەو پانتاییەی كە راپرسییەكەی تێدا ئەنجامدرا، كەبە خوێن و قوربانیدان بە دەستھاتبوو. سەرەڕای ئەوەی مێژووی ناوچەیەكی كوردستانی بوو، بەڵام ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی و شەرعیەتی گەلیش بە دەستبھێنن پەنای بۆ راپرسی برد. بەداخەوە بە چەشنی پێشتر و خراپتریش بە خوێن و چەك رووبەرووی ” بەڵێ “ـی كوردستانیان بوونەوە.