خەبات: سولین سلێمان:- چەند رۆژێکە میدیاکانی ئیسپانیا باس لە گەرانەوەی مێسی دەکەن بۆ یانەی بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، جارێی تر باسی لە هەواڵی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی بۆ یانه‌كه‌ی کرد، گرێبەستی مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت.

لاپۆرتا، لە کۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی پێشکەشکردنی رێوڕەسمی ناساندنی ژول کوندێ، بەرگریکاری نوێی یانەکەی ، و تێدا سەبارەت بە هەواڵی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسا گوتی: نامەوێت لێدوان لەسەر ئەو بابه‌ته‌ بدەم، چونکە مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمانه‌، یادەوەریی گەورەمان لەگەڵیدا هەیە، با بزانین له‌ داهاتوودا چی رووده‌دات.

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە ماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو، ئاواتەخوازە مێسی بگەڕێتەوە بۆ بارسا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە باس لە داهاتوو دەکات نەک وەرزی ئێسته‌، ھەروەھا چاڤی گوتیشی کە بە دڵنیایەوە دەیەوێت مێسی بگەرێتەوە بۆ بارسێلۆنا، مێسی هاوینی رابردوو لە بارسێلۆناوه‌ رووی لە یانەی پاریس سانجێرمان کرد، لە رێگەی گرێبەستێکی بێ بەرانبەرەوە، دوای ئەوەی بارسێلۆنا نه‌یتوانی گرێبەستەکەی نوێ بكاته‌وه‌.